پەرستار سانا محەمەد: دڵخۆشم لەپاڵ پیشەكەمدا هەمیشە هاوخەمی نەخۆشەكانم بم
پەرستار سانا محەمەد خانمە پەرستارێكی چالاك و بە ئەزموونە، لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەری فێركاری حكومی و هاوكات ئێوارانیش لە كەرتی تایبەت لە نەخۆشخانەی ئاسیای نێودەوڵەتی كاردەكات. ئەو خانمە پەرستارە دەرچووی پەیمانگەی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشی پەرستاری گشتییە، لە دیمانەیەكدا و لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی پەرستاراندا باس لە ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی لە كاتی كاركردنیدا دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«پیشەكەمان بەوە جیادەكرێتەوە كە ئێمە ئیش لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان دەكەین، نەرمونیانی و لەسەرخۆیی و ئارام و پشوودرێژی لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشدا هەڵسوكەوتێكی لە پێشینەیە و نیشانەی پەرستاری سەركەوتووە، چونكە نەخۆش و هاوەڵی نەخۆش بەهۆی ئەم بارودۆخەی كە تێیدان هەندێكجار لە نەخۆشخانەدا نائارام و بێزار دەبن و پێویستە لایەنی دەروونیان ئارام بكرێتەوە. بەخشندەیی و میهرەبانی لە كردار و گوفتار لەگەڵ نەخۆشدا، وەرگرتنی سەرنج و داواكارییەكانیان بە دڵفراوانییەوە بێگومان دەبێت بەشێك بێت لە پیشەی سەرەكیمان».
ئەو خانمە پەرستارە سەبارەت بە سەرەتای خزمەتكردنی لەو بوارەدا دەڵێت: «سەرەتای كاركردنم لە كاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، بۆ یەكەمجار لە بەشی قاوش لە كەرتی گشتی وەك خۆبەخش دەستم بە كاركردن كرد، لەگەل ئەو هەموو مەترسییەی كە لەسەر ژیانمان بوو، چەندین جاریش تووشی كۆرۆنا بووین، بەڵام وازمان نەهێنا و لە پێناو نەخۆشەكانمان و تێپەڕاندنی ئەو نەخۆشییە بەردەوام بووین، لەو كاتەدا شێوازی دەوام كردنم ٢٤ كاتژمێری بوو، بەڕاستی وەك دەستپێكی پەرستاری كەمێك زەحمەت بوو بەهۆی زۆری كاركردن و كەم خەوی و زۆری نەخۆش بەڵام خۆشبەختانە تا كۆتایی توانیمان شەڕ لەگەڵ ئەم نەخۆشییەدا بكەین.
پاشان وەك ئەندامی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی دەست بەكار بووم وەك نوێنەری تەندرووستی. ئەمە یەكێك بوو لە خۆشترین ئەزموونەكانی كار كردنم، چونكە بەرپرسیارێتییەكی زۆرم لەسەر بوو وەك نوێنەری تەندرووستی كە دەبووایە ئاگاداری ئەو خۆراك و ماددانە ببین لەو شوێنانەی كە ڕۆژانە سەردانمان دەكردن، لەگەڵ زۆی ئەو بەرپرسیارێتییە بەڵام دڵخۆشبووم بە كاركردن بۆ نەهێشتنی ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە شارەكەمدا».
هەروەها گوتی: «ماوەی كاركردنم لە لیژنەكان كەم بوو چونكە بە پێویستم زانی بگەڕێمەوە ناو نەخۆشخانە و ڕاستەوخۆ خزمەتی نەخۆشەكانم بكەم، كە ئەمە سەرەكیترین ئیشی ئێمەیە وەك پەرستارێك. هەروەها لە ئێستادا لە كەرتی تایبەت و گشتی لە نەخۆشخانەكاندا كاردەكەم لە بەشی نەشتەرگەری لە نەخۆشییەكانی هەرس و جگەر و نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان، دیارە كاركردن لەم بەشانەدا زۆر پێویستی بە وردەكاری و هیلاكبوونی زۆر هەیە، لەگەڵ كاركردنی بەردەوامم لە نەخۆشخانەكاندا هەمیشە هەوڵمداوە ئەوەی دەیزانم بیبەخشم و لە مەودای كاركردنمدا بە شێوەیەكی بەردەوام كۆرس و سیمیناری پزیشكی بۆ قوتابیانی پەرستاری و بەشە پزیشكییەكان و كەسانی ئاسایی و كارمەندانی هۆتێل و چێشتخانەكان و قوتابخانە و كەسانی ئاسایی پێشكەشكردووە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراوی وەك كەوتن و ئاگر كەوتنەوە كە چۆن بتوانن فریاگوزاری سەرەتایی ئەنجام بدەن تا ئەو كاتەی تیمی تەندرووستی دەگاتە لایان. وێڕای ئامادەكردنی كۆڕێكی تایبەت بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجەی مەمك لە خانماندا كە تایبەت بوو بە ژمارەیەكی زۆر لە خانمان، ئەویش بۆ ئاگاداری و زوو بەدەمەوە چوونی نەخۆشییەكە لە كاتی بینینی هەر یەك لە نیشانەكان و چۆنیەتی ئەنجامدانی پشكنینی خۆیی. یەكێك لە خۆشترین بابەتەكان كە پێشكەشم كردبێت بۆ قوتابییەكان بووە، بەپێی تەمەنەكانیان بابەتی جیاواز و بە سوودم بۆ ئامادەكردوون، هەروەها سیمیناری تایبەت بە مامۆستایانی قوتابخانە بە مەبەستی چۆنیەتی مامەڵەكردن لە لایەنی دەروونی قوتابییەكانەوە و بەپێی جیاوازی تەمەنیان چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، تاوەكو لە كاتی هەر تێكچوونێكی باروودۆخی خوێندكارەكان فریاگووزاری سەرەتاییان بۆ ئەنجام بدرێت تا دەگەیەنرێتە نزیكترین نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی.
بە خۆشحاڵییەوە ڕێكخستنی چەندین چالاكی تایبەت بە ئەنجامدانی نیشانە زیندەگییەكان لە فێستیڤاڵ و ڕۆژی پەرستاراندا بۆ هاووڵاتییان بە گشتی و لە ناو شار و دەرەوەی شار و بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی تەندروستی بڕوا پێكراو بۆ زیاتر هۆشیاری تەندروستی و بەتایبەت سەبارەت بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و چۆنیەتی بەدوور بوون و خۆپاراستن».
پەرستار سانا محەمەد لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «گرنگترین شت كە لە دوای تەواوكردنی پەرستاریدا دەست پێدەكات ئەوەیە كە دەبێت هەمیشە لە نوێگەریدابیت، چونكە لە دەریای پزیشكیدا هەر چەند فێر ببین هێشتا دڵۆپێكە لەو دەریایەدا.
وەك ئەركی پەرستارێك نا بەڵكو وەك ئەركێكی مرۆیی. زۆر دڵخۆشم لەپاڵ پیشەكەمدا توانیومە كەسێك بم هەمیشە هاوڕێ و هاوڕێگە و هاوخەمی نەخۆشەكانم بم هەر لەگەڵ لەدایكبوونی منداڵێك خۆشییان لەگەڵ بەش دەكەین هەتاوەك هاوخەمی لە لەدەستدانی ئازیزانیان و گریان و پێكەنین بەشدەكەین .ئەو ئەزموونەی لە پیشەی پەرستاریدا هەیە بڕوا ناكەم لە هیچ پیشەیەكی دیكەدا هەبێت، ئەویش بە هۆی پیرۆزی و ئەركە قورسەی كە لەسەر شانی پەرستارانە.
لێرەوە دەمەوێت پیرۆزبایی ڕۆژی پەرستاران لە هەموو هاوپیشە ماندوونەناسەكانم بكەم و پێیان دەڵێم ئێوە زۆر گەورەن وەك پەرستارێك كە زۆربەی ژیانی خۆتان دەبەخشن بە چارەسەركردنی نەخۆشەكان و ئارامكردنەوەی باری دەروونیان، چونكە ئێمە فریشتەی میهرەبانی و نیشاندانی جوانی و پاكی و نموونەی پیشەی پەرستارین، پێویستە هەمیشە بە جۆرێك دەربكەوین كە نەخۆشەكانمان ئاسودەیی و مهیرەبانی لە چاوەكانماندا ببینن و متمانەمان پێ ببەخشن چونكە ئێمە ئەو هەلە زێڕینەمان بۆ ڕەخساوە تاوەكو نازناوی فریشتەی سپی مان پێبدرێت».
