ئۆکرانیا ڕازی بوو بە ئاگربەستی 30 ڕۆژ

ئۆکرانیا ڕازی بوو بە ئاگربەستی 30 ڕۆژ

 

وەزیری دەرەوی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕازی بووین به ئاگربەست بۆ ماوه ی 30 ڕۆژ له شەڕ لەگەڵ ڕووسیا و ئامادەیه بۆ دەستپێکردنی ئەو ئاگربەسته .

ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە ١٠ی ئایار ڕایگەیاند، كە ڕازی بووە بە ئاگربەستی ٣٠ ڕۆژە لە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا و ڕایگەیاند: کە ئامادەیە هەر لە دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە ئاگربەستەکە دەستپێبکات.

ئەو لە X نووسیویەتی كە ئۆکرانیا ئامادەیە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی و وشکانی و دەریایی بوەستێنێت.

ئەو نووسیویەتی: ئۆکرانیا و هاوپەیمانان ئامادەن بۆ ئاگربەستێکی تەواو و بێ مەرج لە وشکانی و ئاسمانی و دەریایی بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ کە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستپێدەکات.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا گوتی: ئەگەر ڕووسیا ڕازی بێت و چاودێرییەكی کاریگەر گەرەنتی بکرێت، ئاگربەستێکی بەردەوام و ڕێوشوێنی دروستکردنی متمانە دەتوانێت ڕێگا بۆ دانوستانەکانی ئاشتی خۆش بکات.

پێشنیاری ئاگربەستی 30 ڕۆژە لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا سەرەتا لەلایەن ئەمریکاوە خرایە ڕوو بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکات بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام و هەمیشەیی نێوان هەردوو وڵات.

پێشتر دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملینی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندبوو، ئاگربەست بەبێ وەستاندنی ناردنی چەک بۆ کیێڤ دەبێتە سوودێک بۆ ئۆکرانیا.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، فریدریش مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ئەمڕۆ بۆ پشتیوانیکردن لە پلانەکە گەشتیان کرد بۆ ئۆکرانیا.

بەڵام هەوڵەکانی ئەمریکا تا ئێستا نەبووەتە هۆی ئاگربەست لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و ململانێی نێوان هەردوولا بەردەوامە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top