دەشنێ كەمال: خانمان بۆ دابینكردنی ژیانێكی ئاسوودەتر بۆ خۆیان و منداڵەكانیان زەرورە ئیش بكەن

دەشنێ كەمال:  خانمان بۆ دابینكردنی ژیانێكی ئاسوودەتر بۆ خۆیان و منداڵەكانیان زەرورە ئیش بكەن

 

دەشنێ كەمال خانمە شێفێكی گەنج و پڕ وزەی شاری سلێمانییە و وەكو زۆربەی خانمان لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەهرەكانی دەخاتەڕوو، ئەو لە ڕێگەی پەیجەكەیەوە فێركاری خواردن دروستكردن و ژیانی ڕۆژانەی دادەنێت، هاوكات چێشت و خواردنی ئامادەكراویش دەفرۆشێت. دەشنێ كەمال لە ساڵی ١٩٩٦ لە دایك بووە و دەرچووی بەشی كشتوكاڵی داپۆشراوی پەیمانگەی تەكنیكی بەكرەجۆیە، دایكی دوو منداڵە و لە پاڵ دایكایەتیدا كاردەكات و خاوەنكار و داهاتی خۆیەتی. لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی كارەكەی بۆ خوێنەران باس دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«ماوەی ساڵێكە دەستم بە كارەكەم كردووە، سەرەتا زۆر هەوڵمدا لەو بوارەی كە خوێندوومە ئیش بكەم، بەڵام بەهۆی دووری شوێنی كارەكە لە شوێنی نیشتەجێبوونم و نەگونجانی كاتەكانی كاركردن لەگەڵ كاتەكانی من نەمتوانی ئەو ئیشە بكەم، دوای ئەوەی بووم بەدایك ماوەیەكی باش ئیشكردنم لە مێشكی خۆم دەركرد و تا منداڵەكەم بوو بە ٢ساڵ و نیو، لەو ماوەیەشدا چەند جارێك ئیشكردنم لە دەرەوەی ماڵ بۆ ڕێككەوت جارێك لەگەڵ خاتونێك لە چێشتخانە و جارێكی تر دوكانێك بوو بۆ كولێرە و بابەتی هەویركاری، بەڵام لەبەر منداڵەكەم دڵم نەدەهات كار بكەم و بەجێی بهێڵم. دواجار بڕیارمدا لە ماڵەكەی خۆمەوە ئیش بكەم، سەرەتا بەئیشی دەستی دەستم پێكرد، چونكە شارەزاییم لە ئیشی دەست و خەیاتی هەبوو، ماوەیەك بەوجۆرە بەردەوام بووم، بەڵام هەر لە سەرەتاوە هەموو حەز و خولیاكانم بۆ خواردن دروستكردن بوون، لەگەل پەیجی ئیشی دەستییەكە پەیجی خواردن ئامادەكردنیشم دانا، ئەو كات خۆمم بینیەوە و لەوە تێگەیشتم كە حەز و خولیای من ئەمەیە».

لەبارەی وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا حەز و بەهرەی خواردن ئامادەكردنت لە كەیەوە لا دروست بوو؟ ئەو گوتی:» هەر لە سەرەتای پێگەیشتنمەوە دایكم هاندەرێكی زۆر باشم بوو، لە كاتێكدا ئەو دەستاوی زۆر خۆش بوو هەركەس خواردنی دەستی دایكمی بخواردبایە سەرسامی خواردنەكانی دەبوو، بۆیە هەموو كات لە كاتی خواردن دروستكردن بەدەوریەوە بووم و ئەویش فێری دەكردم، یەكەم ئەزموونی خواردن دروستكردنیشم لەو كاتەوە دەستی پێكرد كە چووم بۆ بەشەناوخۆیی لە كاتی خوێندندا، ئەوەش وای كرد پشت بەخۆم ببەستم، تەنانەت ئەوكات ببووم بەشێفی ژوورەكەی خۆمان،

من خۆم خواردنم دروست دەكرد و ئیشەكانیش ئەوان دەیانكرد، تەنانەت بە تامی و خۆشی خواردنەكانم لەناو بەشەناوخۆیی دەنگی دابووەوە كەچەند خۆش ئامادەی دەكەم، لە كاتی دەستپێكردنم بە كاری چێشتلێنان چەند كەسێك لەناو سۆشیال میدیا كە ئەو ئیشەیان دەكرد هانیاندام، بەڵام هاندەری سەرەكیم خانمیك بوو كە ئێستاش بەردەوامین پێكەوە، واتا (ژیا فود) پاڵپشتی سەرەكیم بوو بۆ دەستپێكردنم، هەروەها هاوسەرەكەشم گەورەترین هاوكارم بوو  تائێستاش هەر ئۆردەرێكم هەبێت ئەو خۆی بازاڕم بۆ دەكات، ئەمەش بۆ من گەورەترین پاڵپشتییە، هاوكات ماڵی دایكی هاوسەرەكەشم زۆر هاوكارمن، چونكە لە ئێستادا خاوەنی دوو منداڵم و بچووكەكەیان تەمەنی تەنیا چوار مانگە، هەركاتێك كە خواردن دروست بكەم ئەوان یارمەتی دەرمن و ئاگاداری مناڵەكانم دەبن».

دەشنێ كەمال لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات: «بۆ ئێستا كە ژیان زۆر قورس بووە، بە تەنیا پیاو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو هەموو پێداویستییەی كە لە ئێستادا پێویستە فریا ناكەوێت، ژیان وەك پێشتر نییە پێویستی زیاترە و ئەركەكەش قورسترە، بەڕای من ئافرەت چ لە ماڵەوە یاخود لە دەرەوە زەرورە ئیش بكات، ئەوەش بەپێی گونجان دەبێت ڕێكبخرێت، تاوەكو هاوكاری هاوسەری بكات، ئەویش لە پێناو دابینكردنی ژیانێكی ئاسوودە تر بۆ خۆیان و منداڵەكانیان.

لە ماوەی كاركردنم سەختترین كاتەكانم ماوەی دوگیانیم بوو بەمنداڵی دوەمم زۆر هەوڵم دەدا و ئیشم دەكرد، چەندجارێكیش بەشداری فێستیڤاڵەكانم دەكرد هەرچەند زۆر قورس بوو بۆم بەڵام لە هەوڵدان نەوەستام، پێم وایە ئافرەت خوای گەورە هێزێكی زۆری پێداوە دەتوانێت هەرشتێك بیەوێت ئەنجامی بدات، ئامۆژگاریم بۆ خانمان ئەوەیە هیچ كات لە هەوڵدان نەوەستن چونكە ژیان بەسەختیەوە جوانە».

دەشنێ كەمال لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: «زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بۆ ئەم دەرفەتە جوانە كە بەمنیان بەخشی، هیوام سەركەوتنتانە هیوادارم بەردەوام هانی خانمان بدەن و ئەزموونەكانیان بخەنە پێش چاو بۆ ئەوەی خانمانی دیكەش ئەگەر هەر خەون وخولیایەكیان هەیە دەست پێبكەن و بێنە مەیدانی كاركردن».

 

Top