ئەگەر ڕكابەریش نەبێت بەرەوپێشچوون نابێت
لۆنا كەمال یاریزانی باسكەی ڕێكخراوی ژیما و هەڵبژاردەی عێراق
ئەگەر ڕكابەریش نەبێت بەرەوپێشچوون نابێت
یاری باسكە یەكێك لەو یارییانەی كە لە شاری سلێمانی بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە ئاستی كچانی تەمەنە جیاوازەكان، ئەو پێشەنگیەش لە یاری باسكە بە ڕێكخراوی ژیما بەخشراوە كە ئەوان بەردەوام لە مەشق و ئامادەكارییەكان و دروست كردنی چەندین یاریزانی بەتوانان بۆ كوردستان و عێراقیش، یەكێك لەم تیپانەیە كە بۆتە ناوێكی دیار لە سەر ئاستی باسكەی عێراق و كوردستان بگرە لە دەرەوەی عێراقیش، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی تیپەكەش كچە یاریزان لۆنا كەمال -ە ناوبراو لە دایك بووی ساڵی 2007ە لە شاری سلێمانی و قوتابی قۆناغی ئامادەیی و و یاریزانی ڕێكخراوی ژیما و ئەكادیمیای خەونی وەرزشی یانەی گازی باكور و هەڵبژاردەی نتیشمانی عێراقییە، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
*ئاستی یاری باسكە چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی؟
- بە هۆی نەبوونی كەمی تیپی كچان ئاستی باسكەی كچان لە ناو كوردستاندا زۆر بەرەوپێش نەچووە، تەنها تیپێك هەبێت لە كوردستان و عێراقیشدا كە توانیومانە كۆنتڕۆڵی هەڵبژاردەی عێراقیش بكەین ئێمەن.
*ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم تا چەند دەبێتەهۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت؟
- بێگومان ئەگەر پاڵەوانێتی نەبێت ڕكابەری نابێت، ئەگەر ڕكابەریش نەبێت بەرەوپێشچوون نابێت، بۆیە كاریگەری زۆری هەیە لە سەر ئاستی یاریزانان.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی یاری باسكەی كچان بەرەوپێش بچێت لە كوردستان؟
- كردنەوەی خولی بەردەوام و یانەكانی كوردستانیش پەرە بدەن بە كردنەوەی تیپی باسكەی كچان لە یانەكانیان.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی ڕەنگدەداتەوە؟
- نەبوونی خولەكان و پشتگوێ خستنی تیپی كچان لەلایەن یانەكان، ئەمانە هەمووی گرفتە لە بەردەم ئەم یارییە.
*چ هەستێكت هەیە كاتێك ئەم یاریە لە شاری سلێمانی پێشەنگی كوردستان و عێراقە؟
-هەستێكی زۆر خۆشم هەیە هیوداریم بتوانین ئەنجامی باشتر لە عێراق و دەرەوەی عێراق بەدەست بهێنین و ئەنجامەكانمان زیاتر بەرەوپێش بچێت.
*بە نیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
-هەوڵدەدەم وەكو كچە یاریزانێك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجامێكی باش بۆ كوردستان و عێراق بەدەست بهێنم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەكانی كوردستان پشت بە توانای ڕاهێنەرانی بیانی ببەستن؟
- ئێمە گرفتی هاتنی ڕاهێنەری بیانیمان نییە، كێشەی نەبوونی یاریزان و خولمان هەیە.
*داوا كاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- داواكارم ئاوڕێكی جدی بدەنەوە لە باسكەی كچان بە كردنەوەی خول و دابینكردنی پێداویستییەكان، هانی یانەكان بدەن بۆ دروست كردنی تیپی كچان.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
-لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی وەكو كچە كوردێك خۆم بناسێنم.
*لە هەڵبژاردەی باسكەی عێراقی داواكراوی؟
- بەڵێ لە پاڵوانێتی كارمەی جیهانی پلەی 15مان بەدەست هێنا لە سەر ئاستی جیهان، لە پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا پلەی سێیەم و توانیم ببمە باشترین یاریزانی سێ خاڵ لە پاڵەوانێتیەكەدا، لە پاڵەوانێتی 3×3ی عەرەبی لە عەمان پلەی دووەمان بەدەست هێنا.
*پاڵەوان بوون لای تۆ چی دەگەینێ؟
-ئیرادە و هێز وات لێ بكات سوور بیت لە سەر بەدەستهێنانی ئەمانجەكەت، وەك پاڵەوانێك هەمیشە خۆت ببینی.
*بەچ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
- ستیڤن كووری.
*گرێبەستت پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكان؟
- تاكو ئێستا نەخێر بۆم نەهاتووە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خزمەتە جوانەی بە وەرزشی ناوخۆ دەیكات.
