پشکی بودجە لەنێوان چەقۆی سیاسەت و سەنگەری دەستووردا
لەناو پەرەسەندنی قەیرانە دارایی و سیاسییەکاندا، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەبنە قوربانی ململانێیەک کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆیانە. دواکەوتنی خەرجکردنی پشکی بودجە و مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ئیتحادی ناتوانرێت لەڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە.
دەستووری عێراق ڕوون و ئاشکرایە لە مادەی 117 دانپێدانانی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی دیاریکراوە، هەروەها مادەی 121بڕگەی سێیەم گەرەنتی پشکێکی دادپەروەرانە لە داهاتی فیدراڵی دەکات بۆ دابینکردنی خەرجی و بەرپرسیارێتی هەرێم. پشتگوێخستنی ئەم بڕگانە پێشێلکردنی دەستوور و بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی گشتی پێکدەهێنێت. فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ هاوتاکەی لە بەغدا یان بەسڕە و نابێت لەسەر بنەمای ناکۆکی سیاسی سزا بدرێن. مافەکان بەپێی سنووری جوگرافی دابەش ناکرێن بەڵکوو هەموو هاووڵاتیان لەبەردەم دەستوور و یاسادا یەکسانن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی هەموو ئەو مەرجانەیە کە حکومەتی فیدراڵی لە یاسای بودجەی گشتیدا دیاریی کردووە، لەوانە داهاتی نەوت و نانەوت، کردنەوەی هەژماری پێویست لە بانکی ناوەندی، هاوکاری تەواو لەگەڵ دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی. سەرەڕای ئەم پابەندبوونە، هەرێم و فەرمانبەرەکانی بەردەوامن لە بێبەشبوون لە مافە داراییەکانیان، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای پرەنسیپی قەرەبووکردنەوەی دارایی و دادپەروەرییە لە مامەڵەکردن لە نێوان لایەنەکانی ناو دەوڵەتی فیدراڵیدا، بۆیە پێویستە نوێنەرانی کورد یەک هەڵوێست بن بۆ داکۆکیکردنی لە شایستە دارایی و مافە دەستووررییەکان کە له دەستووری هەمیشەییدا چەسپاون، هەروەها دەبێت سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقیان جێبەجێ بکەن و پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و ڕێگە لە تەشەنەکردنی ئاستەنگەکان بگرن و نەکەونە ژێر فشار و موزایەدە. چونکی درێژەدان بەم پێشێڵکارییانە دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی دووبەرەکی و لاوازکردنی متمانە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و هەمدیسان لە نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەت، و تێکدانی بناغەکانی هاوبەشی فیدراڵی کە لە دەستووردا چەسپاوە، هەمووان دەبێت ڕێز لە ماددەو بڕگەکانی بگرن نەک بە پێی بارودۆخ و بەرژەوەندییەکانیان دەستکارییان بکەن.

حهسیبه گهردی