بەڵێ، سەرۆك بارزانی مەرجەع و ڕابەرە  

بەڵێ، سەرۆك بارزانی  مەرجەع و ڕابەرە   

(*)

 

 

لەگەڵ ئەوەی تێڕوانین و فەلسەفەی مستەفا بارزانی بۆ كوردستان تێكەڵەیەكە لە تێكۆشانی سیاسی و پێشمەرگایەتی و پابەندبوون بە بەها كەلتووری و نیشتمانپەروەرییەكانی گەلی كوردستان، كە دوا جار بوو بە ڕێبازێكی ئیلهامبەخش بۆ زۆرینەی گەلی كوردستان، كە تاوەكو ئەمڕۆ نەوەی ئەو ڕێبازە بەردەوامە لە خەبات و تێكۆشان بۆ دەستەبەركردنی مافە ڕەواكانی.

مستەفا بارزانی، زۆر بە گرنگییەوە دەیڕوانییە یەكبوونی كورد لەژێر یەك ئاڵا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەكان، كە لەلایەن هێزە دەرەكی و ناوخۆییەكانەوە دروست دەكران.

ئەم یەكبوونە لەژێر یەك سەركردایەتیدا توانی زامنێ بێت بۆ بەهێزیی گەلی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمە ستەمكارەكان و بڵاوبوونەوەی فەرهەنگی گەلی كورستان و پاراستنی ناسنامەكەی.

مامەڵەكردنی مستەفا بارزانی لەگەڵ جەمسەرەكانی ناوچەكە و بەكارهێنانی دیپلۆماسیەت و پەیوەندی لەگەڵ زلهێزەكانی ناوچەكە و جیهان بۆ دەستەبەركردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، بنەمایەكی گرنگی ئەو فەلسەفەیە بووە، كە پێویستە هێز لە پێناو دیالۆگ و ئاشتیدا بەكار بهێنرێت.

خۆڕاگری لە بەرەنگاربوونەوەی ئالنگارییەكاندا خەباتێكی بێوچان بووە لە پێناو دۆزێكی ڕەوادا، كە پێویستی بە قوربانیدان بووە.

بارزانیی نەمر بایەخێكی تایبەتی بە تاكی كوردستانی دەدا، چونكە ڕای وابوو، تاكی كوردستانی توانای هێنانەدیی گۆڕانكاریی هەیە و ئەو گەلە خاوەنی ئەو هێزە ناوخۆییەیە، كە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی، بۆیە لەسەر سەركردەكان پێویستە لە خزمەتی گەلدا بن و بەرژەوەندییەكانی خۆیان نەخەنە پێش بەرژەوەندیی گەل.

هەلومەرجی سیاسی و ئابووری لە جیهان و ناوچەكەدا بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە، بۆیە پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان، وەكو هەر حزبێكی سیاسیی هاوچەرخ و باوەڕهەبوو بە ئایندە، بەردەوام كار لەسەر نوێكردنەوەی دیدگە و بەرنامەكانی بكات، تا ئەو دیدگە و بەرنامانەی گونجاو بێت لەگەڵ ئالنگارییە هەنووكەییەكان و كۆسپەكانی داهاتوو.

 ئەمڕۆ لەسەر ئاستی هەرێمیدا زۆر حزب و لایەن ڕوو لە سەرۆك مەسعود بارزانی دەكەن، وەكوو مەرجەع، تاوەكو لە ئەزموون و شارەزاییەكانی سوود وەربگرن بۆ چارەسەركردنی كێشە گرێدراوەكان بە ماف و چارەنووسی گەلی كوردستان بە شێوەیەكی ئاشتییانە.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوێكردنەوەی ستراتیژیی خۆی وەكو ڕابردوو زیاتر كار بۆ یەكخستنی هێزە جیاجیاكانی كوردستان دەكات و مەبەستیەتی هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان پتەوتر بكات بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكان، چ لە ناو هەرێمی كوردستان، یان لە پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

داڕشتنەوەی پلان و سیاسەتی نوێ بۆ سەردەمی پاش شۆڕشی چوارەمی تەكنەلۆژیا، پاڵپشتی بونیادنان و بەهێزبوونی دامەزراوەكان و سەروەریی یاسا و پەرەپێدانی بەردەوامیی ئابووری دەكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و تەكنەلۆژییانە هەڵدەكات كە كاریگەرییان لەسەر سیاسەت و ئاراستەی گشتی هەیە، بە نوێكردنەوەی ئامراز و تیۆرییەكان و بە باوەڕبوون بە ئایندەسازی و نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی، كاری جددی دەكات بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی نەوەی داهاتوومان.

سەركەوتنی بەردەوامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ستراتیژەی كە «ڕێبازی بارزانی»ی كردووە بە بنەما و لەگەڵ گەلی كوردستان بەگشتی و توێژی لاوان بەتایبەتی، هاوئاهەنگە و متمانەی گەلی بەدەست هێناوە و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو لایەنانەش درووست دەكات، كە مەبەستیانە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و ئامانجە نیشتمانییەكان پارێزراو بێت.

 

(*)

کتۆرا لە فەلسەفە،

زانکۆی هایدلبێرگ، ئەڵمانیا

Top