خێزان قەڵایەک بۆ کۆبوونەوە لەپێناو زیادبوون و دیاریکردنی بەرپرسیارەتییەکان
(*)
خێزان یەکەی بنەڕەتی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە لە لایەنی کۆمەڵایەتیدا، لەبەر ئەوەی گرنگیدان بەم دامەزراوەیە گرنگیدانە بە پاشەڕۆژی نەتەوەیەک و دابینکردنی ئاساییشی دەروونی و کۆمەڵایەتے ئەندامەکانیشی یەکێکە لە مەرجەکانی بونیاتنانے کۆمەڵگەیەکے تەندروست و ساخڵەم و دوور لە مەترسے و لادان و کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان .
مرۆڤایەتی بەیەک خێزانی مەزن دادەنرێت. مرۆڤ لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا منداڵ بێت یاخود هەرزەکار یاخود پێگەیشتوو هەروەها بەساڵاچوویش هەر یەکێک لەم مرۆڤانە ژیانی بە تەنها ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بەخێزان هەیە وەک یارمەتی بێت یاخود چاودێری لەلایەن خێزانەوە بە پێی قۆناغەکەی تەمەنی .
لەبەر ئەوەی پێکهێنانی خێزان و جێگیریی و خۆشگوزەرانی بەیەکێک لە ئەرکە پیرۆزەکانی مرۆڤ دادەنرێت، هەروەها یەکێکە لە گرنگترین و بەهێزترین دامەزراوەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی، کە ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەری مەزنی لەسەر پێکهاتەی کەسێتی تاک و ئاراستەکردنی ڕەفتارەکانی هەیە.
تەبەقە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هۆکارن بۆ دروستبوونی
جۆری جیاواز لە خێزان و بەپێی ئەو تەبەقە کۆمەڵایەتییەی کە ئەو تاکە لێووەی هاتووە، بێگومان ئەرک و مافی تاکیش تیایاندا جیاوازن و بە پێی ئاستی
ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو دوو تاکەی کە بڕیارە ژیان دروست بکەن
و خێزان پێک بهێنن
جگە لە پێگەی ئەو دوو خێزانەی کە تیایدا پەروەردە کراون.
بێگومان بارودۆخ و ژیانی ناو خێزان کار دەکاتە سەر جۆری
گونجاندن و دەروونی تاک بە ئەرێنی یاخود نەرێنی بە پێی ئەزموون و باکگراونی خێزانەکان .
-خێزان بریتییە لە کۆمەڵێک مرۆڤ کە پەیوەندی خوێن یاخود خزمایەتی بەیەکیانەوە دەبەستێت و بەدرێژایی چەند نەوەیەک بەردەوام دەبێت، لە ئەنجامی یەکگرتنی سروشتی هه ردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێکدێت . بێگومان بە ڕەچاوکردنی کۆمەڵێک تواناو لێهاتوویی کەلە خودی ئەو دوو مرۆڤەدا بوونی هەی. دەکرێت بەرجەستە و ئاشکرابن یاخود شاراوەبن پێویستیان بە پاڵنەری بەهێز هەبێت بۆ ئەوەی لە هه ڵوێستی دیاریکراودا دەربکەون .
خێزان قەڵایەکە بۆ کۆبوونەوە لە پێناو زیادبوون و دیاری کردنی بەرپرسیارەتیەکان و ئاڵوگۆڕکردنی خۆشەویستی، پابەندبوون بە ڕێساکانی ژیان، زیادکردنی تەبایی، پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەی هۆشیار، دەستبار بوون و هاوکاری و دڵسۆزی نواندن، پتەوکردنی گیانی هاوکاری، ڕێکخستنی ڕەفتار، دەرخستنی وەفاو پەیمان، گیانفیدایی و قوربانی بۆ یەکتری دان، فێرکردنی ڕێزگرتن لە گەورە و بەزەیی هاتنەوە بەبچووک، پاکوخاوێنی، ژینگەویستی، زانستویستی، دوورکەوتنەوە لەلادانی ئەخلاقی، پاراستنی سنوورەکان،خۆشویستنی دین و ژین و نیشتمان. خێزان بە یەکەیەکی ئابووری دادەنرێت سەرەتا هەموو کار و چالاکییە ئابوورییەکان لە خێزانەوە دەستیپێکردووە، ئەویش لەبەر ئەوەی ئافرەت کارەکتەری سەرەکی تیادا هەبووە.
(*)
بێلان ڕۆژبەیانے
