سەما خان بۆ گوڵان: باوكم ئازاری زۆری لە هونەر چەشت بۆیە خانەوادەكەم سەرەتا رازی نەبوون گۆرانی بڵێم

سەما خان بۆ گوڵان: باوكم ئازاری زۆری لە هونەر چەشت بۆیە خانەوادەكەم سەرەتا رازی نەبوون گۆرانی بڵێم

خانمە گۆرانیبێژی دانیشتووی شاری بۆكان، (سەما خان) توانیویەتی لە ڕێگەی بەرهەمە هونەرییەكانییەوە جێگەی سەرنجی بینەران بێت و لە ماوەیەكی كەمدا جەماوەرێكی بەرچاو بۆ خۆی كۆ بكاتەوە، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.

*لە سەرەتای دەركەوتنتەوە بەرهەمەكانت زۆر بەخێرایی چوونە نێو خەڵك، هۆكاری ئەمە چی بوو؟

-بە ڕای من، تەنیا هۆكار ئەوە بوو كە بە عیشق و ڕۆحێكی پاكەوە دەستم پێكردووە.

*تۆ لە ڕۆژهەڵات نیشتەجێیت، بەم دواییانە هاتیتە هەرێمی كوردستان، ئایا ئەم هاتنە بۆ مانەوەی یەكجارییە؟

-نەخێر، بە یەكجاری نەهاتوومەتە كوردستان، بەڵام بە حوكمی كارە هونەرییەكانم بەردەوام هاتووچۆ دەكەم.

*سەرەتا كە هاتیت بۆ كوردستان، دۆخەكە چۆن بوو؟ ئایا بۆ تۆ قورس نەبوو؟

-قورس نەبوو، بەهۆی ئەوەی یەكەمجارم بوو بچمە شارێكی دیكە و بە تەنیاش بووم، بۆیە هەستم بە دڵتەنگییەكی زۆر دەكرد.

*زۆر بە هەست و سۆز گۆرانی دەڵێیت، هۆكاری ئەم هەموو هەستە ناسكە لە گۆرانی گوتنـدا چییە؟

-ناز نییە، ئەوە هەستە من ناتوانم وەك ڕۆبۆتێك بێ جووڵە و بێ هەست گۆرانی بڵێم، كە گۆرانییەك دەڵێم، دەبێت بە تەواوی هەست و گیانی گۆرانییەكە بگەیەنم و ئەدای بكەم.

سەما خان بۆ گوڵان: باوكم ئازاری زۆری لە هونەر چەشت بۆیە خانەوادەكەم سەرەتا رازی نەبوون گۆرانی بڵێم

*جگە لە هونەری گۆرانی، داوات لێ كراوە بۆ كارێكی فیلم یان دراما وەك ئەكتەر بەشداری بكەیت؟

-بەڵێ، زۆریش داوام لێ كراوە، هەروەها پلانیشم بۆ داڕشتووە و لە داهاتوویەكی نزیكدا شانبەشانی گۆرانیگوتن، وەك ئەكتەرێكی سەركەوتووش دەمبیننەوە.

*پرۆژەی تازەت چییە؟

-یەكەم ئەلبوومی خۆم، كە زۆربەی گۆرانییەكانی تێكست و ئاوازی خۆمن، ئێستا ئامادەیە و تەنیا كاری ڤیدیۆكلیپی ماوە.

*بە خێرایی توانیت ناوبانگ پەیدا بكەیت، ئایاهەستی ناوبانگ چۆنە؟

-هێشتا نەگەیشتووم بەو ئاستە لە ناوبانگ كە خۆم دەمەوێت، بەڵام زۆریشی نەماوە كە پێی بگەم، وەڵامی پرسیارەكەی تۆش ئەوەیە: لای من، ناوبانگ هەم خۆشی و هەم ناخۆشیی تێدایە.

*كێ بەهرەی دەنگی سەمای دۆزییەوە و هانی دا ببێت بە گۆرانیبێژ؟

-زۆر كەس پێیان دەگوتم دەنگت خۆشە، بەڵام ئەو سەمایەی ئێستا هەیە، خۆی دروستی كردووە، من زۆر پشت بە خۆم دەبەستم و خۆم پاڵپشتی سەرەكیی خۆم بووم.

*لە خانەوادەكەتدا، كێ ناڕازی بوو كە تۆ ببیت بە گۆرانیبێژ، ئایا هەموویان ڕازی بوون؟

-سەرەتا خانەوادەكەم ڕازی نەبوون، بەهۆی ئەوەی باوكی خۆشەویستم هونەرمەند بوو، ئەوان پێیان وا بوو كە ئەمە ڕێگەیەكی سەخت و پڕ لە هەوراز و نشێوە و نەیاندەویست من تووشی كێشەی ناخۆش ببم، بەڵام من بە ڕادەیەك عاشقی هونەر و گۆرانی بووم، كە ئامادەی هەموو ناخۆشییەكانی ڕێگەكەش بووم.

*دەڵێن ئەگەر هونەرمەند عاشق نەبێت و تاڵی و ناخۆشیی عیشقی نەچێژێت، ئەوا لە گوتنەوەی گۆرانییەكاندا سەركەوتوو نابێت، ئەمە تا چەند ڕاستە؟

-هونەر بەبێ عیشق ناكرێت، ژیانیش بێ عیشق ناگوزەرێت، هەر شتێك لەم دونیایەدا دەكرێت، دەبێت پاڵنەرێكی هەبێت، جا ئیتر لە ڕووی عیشقەوە بێت یان شتێكی دی (وەك نەفرەت). من هەم عیشق و نەفرەت، هەم باشی و خراپیشم چەشتووە، بۆ هەریەكەیان چیرۆكێكم هەیە و بۆ هەر چیرۆكێكیش تێكست و ئاوازم داناوە، كە زووترین كات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گۆرانییەكانی ناو ئەلبوومەكەم، گوێبیستیان دەبن.

*هیچ گۆرانییەكت تایبەت بە كەسێكی دیاریكراو گوتووە؟

-بەڵێ من گۆرانیی تایبەت بە كەسی دیاریكراوم گوتووە.

Top