سازگار حەمەساڵح شارباژێڕی: سوپاسی هاوسەرە بەڕێزەكەم دەكەم كە هەمیشە وەك چیایەك لە پشتم بووە
سازگار حەمەساڵح شارباژێڕی خانمە شێفێكی بە توانا و دەستڕەنگینە توانیویەتی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە تواناكانی خۆی بسەلمێنێت و ببێتە خاوەنكاری خۆی و لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بەرهەمەكانی بە بازاڕ دەكات. سازگار دانیشتووی شاری سلێمانییە و ساڵی 1989 لە قەزای ماوەت لەدایك بووە و پەیمانگای تەكنیكی تەواوكردووە، لە ئێستاشدا هەر لە بابەتی خواردن و چێشتلێنان لە پەیمانگایەكی ئەهلی خەریكی خوێندنە. لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی كاركردنی لە هونەری چێشتلێنان دەخاتەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«كار و پیشەم خواردن دروست كردنە لە ماڵەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە بوو كە خوێندنم تەواوكرد دانەمەزرام، لەوەوە هەوڵمدا ئیشێكی سەربەخۆم هەبێت، كارێك بێت كە خۆم شارەزاییم تێیدا هەبێت و حەزم لێی بێت، بە حوكمی ئەوەی بەهرە و توانای چێشتلێنانم هەبوو دەستم بەم كارە كرد، چونكە خواردن دروستكردن لە ڕووی دەروونییەوە ئاسوودەییم پێ دەبەخشێت، هەر لە منداڵییەوە ئاواتم بوو ڕۆژێك خواردنگەیەكی تایبەت بەخۆمم هەبێت، تاوەكو بتوانم لەو ڕێگەیەوە تواناكانی خۆم دەربخەم».
گوتیشی: «ئامانجم ئەوەیە بتوانم شوێنێكی تایبەت بەخۆم هەبێت و كارەكەم گەورەتر بكەم و بۆ كۆمەڵگەكەم ببم بە كەسێكی سوودبەخش و وڵاتەكەمان ببوژێنینەوە، پێویستە ئێمەی مرۆڤ ببینە نموونەیەك بۆ چواردەورمان، ناكرێ هەر چاوەڕوانی دامەزراندن و هەلی كاربین، پێویستە تاك بەهرەكانی خۆی بدۆزێتەوە و ئیشی لەسەر بكات، بەتایبەتی ئافرەتان جا لە هەر بوارێكدا بێت، مەرجیش نییە هەمووان ببنە فەرمانبەری حكومی، لە كاتێكدا خانمان زیرەك و بە توانا و بە سەلیقەن، دەتوانین هەر لە ماڵەكەی خۆمانەوە كار بكەین و ببین بە كەسێكی سەركەوتوو، ئەمە جگە لەوەی كە داهاتێكی سەربەخۆی هەیە، لە لایەنی دەروونیشەوە ئاسوودەم و تا ئاستێك دوورم لە كێشە دەروونییەكان، زۆر دڵم بە كارەكەی خۆم خۆشە و زۆر شانازی بەكارەكەم دەكەم».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئایا چۆن توانیوتە هاوسەنگی لە نێوان كارەكەت و دایكایەتی و بەڕێوەبردنی ماڵ ڕابگریت؟ ئەو گوتی: «دایكایەتی ئەركێكی قورس و گەورەیە هەمیشە هەوڵمداوە كە كاری منداڵەكانم تەواو بكەم ئینجا كاری خۆم بكەم، زۆرجار كە كارم نەكردووە و لە كارەكەم دابڕاوم بەهۆی منداڵەكانمەوە بووە، ئەویش بۆ ئەوەی كەموكورتیان نەبێت، كە دایك بوویت كارەكان زەحمەت تر دەبن، ژیان هەوڵ و ماندووبوونی زیاتری دەوێت. من بەشبەحاڵی خۆم لە كارەكانی ڕۆژانەم هاوسەرەكەم زۆر پاڵپشتمە و زۆر هاوكاریم دەكات، بەهۆی هاوكارییەكانی ئەو توانیومە باڵانسێك لە نێوان ئەركەكانم ڕابگرم، بەجدی ئەگەر خاوەن هاوسەر و منداڵ بیت و هاوسەرت هاوكارت نەبێت كارەكان زۆر زەحمەت ترە بەراورد بە كەسێكی سەڵت چەندین بەرپرسیارێتی قورست لە ئەستۆدا دەبێت، لێرەوە زۆرسوپاسی هاوسەرە بەڕێزەكەم دەكەم كە هەمیشە وەك چیایەك لە پشتم بووە، هەم هاوكاری كردووم لەكارەكەمدا هەمیش بۆ منداڵەكانمان باوكێكی باش بووە لە هەندێك كاتدا بۆشایی نەبوونی منی بۆ منداڵەكان پڕكردۆتەوە».
هەروەها گوتی: «دەسپێكی هەموو كارێك قورسە تا دەست پێ دەكەیت بەربەست و ناڕەحەتی زۆر دێنە پێش، بە تایبەت لە لایەنی ماددی كە بۆ هەموو دەستپێكێك زورگرنگە، هاوكات نەبوونی شوێن و كەمی كات بەهۆی ئەركی دایكایەتییەوە ئەركەكان سەختتر دەكەن، لە ڕووی پاڵپشتییەوە هاوسەرەكەم زۆر پاڵپشتم بووە، زۆرجار ناڕەحەت و بێتاقەت بوومە ئەو وزەی بەرزكردوومەتەوە و لە ڕووی دەروونییەوە سترێسی نەهێشتووم، لە هەمان كاتدا خێزانەكەم هاندەر و پاڵپشتمن».
