نزیکەی 600 سەربازی کۆریای باکوور لە شەڕی ئۆکرانیا کوژراون
سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نیسان بڵاویانکردەوە کە نزیکەی 600 سەربازی کۆریای باکوور لە شەڕی ئۆکرانیا کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانتارانی کۆریای باشوور بە پشتبەستن بە دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە، ڕایانگەیاندووە کە نزیکەی ٦٠٠ سەربازی کۆریای باکوور لە شەڕی ئۆکرانیا کوژراون.
هەروەها بڵاویکردەوە، كە کۆریای باکوور 15 هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی ئۆکرانیا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆی گشتی قوربانیانی کۆریای باکوور بە کوژراو و بریندارەکانیشەوە گەیشتووەتە چوار هەزار و ٦٠٠ کەس.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سەربازانی کۆریای باکوور لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا نیشانەکانی باشتربوونی توانای شەڕکردنیان دەرکەوتووە، بە بەکارهێنانی چەکی مۆدێرن، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
لە بەرامبەر ناردنی هێز و چەک بۆ ڕووسیا، وادیارە پیۆنگ یانگ هاوکاری تەکنیکی لە بواری مانگی دەستکردی سیخوڕی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دژە فڕۆکەی وەرگرتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون ناردنی هێزەکانی بۆ شەڕی ئۆکرانیا پشتڕاستکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بەشداریی سەربازانی کۆریای باکووری لە شەڕی ئۆکرانیادا بەرز نرخاند.
گوڵان: سەردار خەلیل
