کۆمەڵکوژی کرێکارانی کانزای زێڕ لە نەیجیریا
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، كە گروپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کرێکارانەی کە لە کانێکی زێڕدا کاردەکەن لە ویلایەتی زامفارا لە نەیجیریا و بەهۆیەوە لانیکەم 26 کەس کوژراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، باندێکی چەتەکان ڕاستەوخۆ هێرشیان کردووەتە سەر کانە زێڕەکە و 14 کرێکاری کانزاكەیان لە شوێنی ڕووداوەکە کوشتووە.
شایانی باسە لە کاتی هێرشی ئەو گرووپە تاوانکارە بۆ سەركانەكە، قوربانیانی دیکە هەوڵیان داوە بۆ هەڵهاتن بەڵام هەر لەم ناوچەیە بەدەستی چەكدارەكان کوژراون.
لەم هەرێمەدا گروپە چەکدارەکان نەک تەنها هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان بەڵکو هێرش دەکەنە سەر گوندەکانیش و خەڵکەكەش دەڕفێنن و لە بەرامبەردا داوای پارە لە خانەوادەكانیان دەکەن.
گوڵان: سەردار خەلیل
