هەڵەبجەییەكان بە پارێزگابوونی شارەكەیان بە دەستكەوتێكی گەورە دادەنێن

هەڵەبجەییەكان بە پارێزگابوونی شارەكەیان بە دەستكەوتێكی گەورە دادەنێن

 

14ـی نیسانی 2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەدا و هەڵەبجە وەك ١٩ هەمین پارێزگای عێراق و چوارەم پاریزگای هەرێم دیاری كرا، هەرچەندە لە 13ـ ئازاری 2014 هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان بە فەرمی وەكو چوارەم پارێزگا بە بڕیار ناسێندراوە. لەم ڕوانگەیەوە بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان باس لە گرنگی و پێویستی بڕیارەكە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، پڕۆژە یاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی پێشكێشی نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتی عێراق كرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندكرا.

10 ساڵ دواتر و لە كابینەی محەمەد شیاع سوودانی، لە پڕۆژە یاساكە درایەوە پەرلەمانی عێراق. دواجار پەرلەمانی عێراق دەنگی بە پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەدا.

لەئێستادا، ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیكەی 120 هەزار كەسە. پارێزگاكە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێكهاتووە، قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەكانی بیارە، بەمۆ و سیروان.

 سندوس حوسێن هەڵەبجەیی چالاكی مەدەنییە و بەمجۆرە دڵخۆشی خۆی دەربڕی: «لە پاش ١٤ ساڵ لە دواخستن و پەكخستنی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە كۆتا جار بەیەك دەنگی و یەكگرتوویی فراكسیۆنەكانی كوردستان بڕیاری بە پارێزگا كردنی شاری هەڵەبجە پەسەندكرا، بەروارەكە هاوكات بوو لەگەڵ یادی كارەساتباری بەناو (ئەنفال) و لێرەوە وەك هەڵەبجەییەك بە خانەوادەی ئەنفالكراوان دەڵێین ئازارتان ئازاری ئێمە و ڕۆحی شەهیدەكانمان شاد و سەربەرزی بۆ كەسوكار و ئازیزانیان .

خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین و سوپاس و دەستخۆشیمان هەیە بۆ یەك بەیەكی ئەو فراكسیۆنانەی كە بەیەكگرتوویی توانیان فشار دروست بكەن و بڕیارەكە بكەنە ئەمری واقع، سەرەڕای دەرچوونی نوێنەرانی هەندێك لە فراكسیۆنە عێراقییەكان بە سەرۆك و جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنەوە، بەداخەوە دەبوو بە مانەوەیان و بڕیاردانیان لەسەر پرۆژە بڕیارەكە ئەوە بیسەلمێنن كە هەڵگری هەمان بیر و عەقڵیەتی پێشووی ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق نین و پێویست بوو لەگەڵ پەسەندكردنی بڕیارەكە ئەوان بە فەرمی داوای لێبووردنیان لە كورد و خەڵكی هەڵەبجە بكردایە.

بەهەرحاڵ ئەوەی گرنگە ئێمە خۆشحاڵین و پیرۆزبایی لە خۆمان و میللەتەكەمان دەكەین و هیوادارین هەمیشە فراكسیۆنە كوردییەكان لە هەموو كات و ساتێكدا بۆ بەرژەوەندی و سەربڵندی نەتەوەكەمان دژی ناحەزان و دوژمنان بەم شێوەیە بەردەوام بن».

گوتیشی: «هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان پاش چاوەڕوانییەكی زۆر، گەورەترین مافی سەرەتایی خۆمان بۆ گەڕایەوە، هەرچەندە هێشتا لە ئاست گەورەیی ئەو تاوانە قێزەوەنانەی ڕژێمی بەعسی فاشست نییە، كە دەرهەق بەخەڵكی بێتاوانی شار و گوند و دێهاتەكانی كراوە، كە دواهەمینیان كیمیاباران كردن بوو، لە لایەكی دیكەوە پەسەندكردنی ئەم بڕیارە داننانە بە جینۆسایدكردنی خەڵكی بێتاوانی ئەم شارە و شەهیدكردنی هەزاران ژن و منداڵ و گەنج و قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان و ئاوەدانكردنەوە و چارەسەری بریندارانی چەكی كیمیایی مافێكی ڕەوای خۆمانە و ئیتر هیچ بەهانەیەك بۆ دواخستن و فەرامۆشكردنی نییە».

ڕۆژنامەنووس سەرهەنگ هەڵەبجەیی، هەر لەمبارەیەوە دەڵێت: «وەك هەڵەبجەییەك خۆشحاڵم كە یاسای بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە لە پەرلەمان تێپەڕی، كە كوتلە كوردستانییەكان یەكدەنگبوون، لێرەوە دەستخۆشی لە شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی پەلەمانی عێراق دەكەم، كە ڕۆڵێكی گرنگی لە ناو پەرلەمانی عێراقدا هەبوو و توانی دانیشتنەكە بگرێتە دەست و یاساكە بە هەمووان تێپەڕنن، من بەشبەحاڵی خۆم وەك هەڵەبجەییەك و ڕۆژنامەنووسێك ئەو كاتە خۆشحاڵی خۆم دەردەبڕم كە حكومەتی عێراق بتوانێت بە كردەیی و بە كردار ئەو یاسایە جێبەجێ بكات و بەشە بودجەی پارێزگای هەڵەبجە دیاری بكات، ئەگەر حكومەتی ئێستای عێراق ماف و ئیمتیازات و بودجە و شایستە داراییەكان بۆ ئەو شارە دابین نەكات و یاساكە بە كردار جێبەجێ نەكات، ئەوا هیچی كەمتر نابێت لە حكومەت و ڕژێمی پێشوو كە هەڵەبجەی كیمیاباران كرد، بەڵكو بەو كارە جارێكی دیكە هەڵەبجە بریندار دەكاتەوە».

شەهێن عومەر هەڵەبجەیی توێژەری دەروونییە و وەك هەڵەبجەییەك سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هەڵەبجە ئەو زێدەی هەمیشە هەمووان یەك دەنگ و یەك ڕیز و یەك ڕەنگین، هەمووان شانازی پێوەدەكەین و هەمووان بۆ مافەكانی و بۆ خزمەتی یەك دەنگ دەبن و هەوڵی باشترین دەدەن، ئێمەی هەڵەبجەیی شادومانین كە بچووكترین ماف بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان گەڕێندرایەوە، لێرەوە پیرۆزبایی لە هەموو كوردێك و هەڵەبجەییەك دەكەم سوپاسی جەنابی سەرۆك و فراكسیۆن و هەركەسێك دەكەم كە بۆ بڕیاری بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە هەوڵی جدییان داوە و لە خەمی جێبەجێكردنی بەڵێنەكاندا بوون .

ئێمەی هەڵەبجەیی شادومانیمان بە فرمێسك دەربڕی، چونكە ئەمە دەستكەوتی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگری هەڵەبجەییەكان و هەوڵ و كۆششی دڵسۆزانی خاكی كوردستانە.

جەنابی ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی هەمیشە ڕێزی لە تواناكانی ئافرەت گرتووە و پاڵپشتیان بووە، ئەمڕۆش لەسەر فەرمانی بەڕێزیان خاتوونێك ئەمڕۆ پارێزگاری هەڵەبجەیە كە جێێ شانازی هەمووانە. وەك ئافرەتێك دڵخۆشم كە لەشاری ئاشتییەوە یەكەمین پارێزگاری هەرێمی كوردستان وعێراق ئافرەتە و لەم سنورەدا زۆرێك لە یەكە ئێدارییەكان ئافرەت بەڕێوەی دەبات و توانیویانە سەركەوتووانە خزمەت بكەن، شاری عادیلە خانم نموونەی دەیان عادیلە خانمی بەخشیووە بەم خاكە و دڵسۆزانە لە ئەرك وكاردان».

 

هەڵەبجەییەكان بە پارێزگابوونی شارەكەیان بە دەستكەوتێكی گەورە دادەنێن
هەڵەبجەییەكان بە پارێزگابوونی شارەكەیان بە دەستكەوتێكی گەورە دادەنێن
هەڵەبجەییەكان بە پارێزگابوونی شارەكەیان بە دەستكەوتێكی گەورە دادەنێن
Top