نیەت سەرچاوە و بنچینەی هەموو كارێكە
(*)
پێغەمبەری گەورە و خۆشەویستمان (محەمەد د.خ) دەفەرموێ "هەر بەندەیەك ئەگەر نیەتی هەبوو لە جێبەجێكردنی ئایینەكەی ئەوا خودا پاڵپشتی دەكات ".
بێگومان نیەت و نیاز و خواست ئەو هەست و بارە دەروونیەیە لە ناخی هەر كەسێكدا لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێ و لە سەرەتادا وەكو بیرۆكەیەك دەیشارێتەوە بە هەستەكانی دەرینابڕی و كەسیش هەستی پێناكات، تەنها خودی خۆی نەبێت پەیوەندی بە ویژدان و ئیرادە و پەروەردە و ڕەوشت و مەبەستی كەسەكانەوە هەیە.
هەمیشە نیەت باشی و نیەت پاكی كلیلی چاكە و باشەن لە ژیاندا و كەسەكان دەرگای سەركەوتنیان بۆ دەكرێتەوە و ویژدانیان ئاسودەن هەردەم. شكی تێدانیە نیەت سەرچاوە و بنچینەی هەموو كارێكە بە ڕاست و دروستی ، نیەت ئاماژەیە بۆ پاكی و باشی دڵەكان و ڕاستی كارەكان و جوانی ڕەفتارەكان و سەر ڕاستی لە بڕیار و دوورخستنەوە و كردار، هەمیشە كەسە نیەت باشەكان سەربەرز و ویژدان ئاسودەن ، وە خۆشەویستی كەساتر تریش بەدەست دەهێنن كەوا نیەتیان باشە و ڕاستگۆن لە نیەت و كردار و گوفتار. ئاشكرایە نیەت باشی و ڕاستگۆیی لە نیەت پەرە بە خۆشەویستی ومتمانە و پەیوەستی و هۆگری زیاتر دەدات لە نێوان كەسەكان و بیرو باوەڕ و متمانەی پاكی و خاوێنی زیاتر مكوم و قایمتر دەكات لە نێوانیان هیچ دەرفەت و كەلێن و قوژبنێك ناهێڵێتەوە بۆ دوو ڕوویی و فرت و فێل كردن لەگەڵ نیەت باشەكان، چونكە كەسەكان جێگای متمانە و باوەڕن. وە هیچ شتێك هاوتای نیەت پاكی و باشی نییە، ئەگەر یەكێك ڕاستگۆ بێت لە نیەتی و لە ناخی ئەگەر كارەكەش ئەنجام نەدات بارتەقا و هاوتای ئەنجامدانی كارەكەیە، چونكە نیەتی هەبووە لە ئەنجامدانی.
ئەوەش فەرمودەی پێغەمبەری خۆشەویستمان لە بیر دەهێنێتەوە كە دەفەرموێ" خودای گەورە تەماشای جەستە و ڕوخسارتان ناكات، بەڵكو تەماشای دڵتان دەكات".
نیەت باشی و دڵباشی كلیلی چاكە و خێرە لەو ژیانەدا، گرنگە ڕەفتار و هەڵسوكەوتمان نەگۆڕبن و دوو ڕوویی نەكەین، بەڵكو نیەتمان بگۆڕین و نیەتمان ڕاست و باش و پاك بێت، ئەوکات هەموو شتێكی جوان و سەرنج ڕاكێش دێتە ڕوومان.
هەروەكو دەگێڕنەوە " جارێك پادشایەك ویستی مزگەوتێك دروست بكات و فەرمانی كرد هیچ كەس هاوبەشی نەكات لە دروست كردنی مزگەوتەكە بە پارە و یارمەتیدان تەنها بە پارەی خۆی دروستی بكات، كەس یارمەتی نەدات و ئاگاداری هەمووانی كردەوە .
مزگەوت دروست كرا و تەواوبوو، شەوێك لە شەوان پادشا لە خەوی بینی وا فریشتەیەك ناوی ئەو لە مزگەوتەكە دەسرێتەوە ناوی ئافرەتێكی لە سەر دەنوسێ . بە توڕەیی لە خەو هەڵساو سەربازەكانی نارد و گەڕانەوە گوتیان گەورەم هەر ناوی تۆ نوسراوە لە سەر مزگەوتەكە. لە شەوی دووەم هەمان خەونی دیت دووبارە سەربازەكانی نارد و گەڕانەوە گوتیان تا ئێستا هەر ناوی بەرێزتان لە سەرمزگەوتەكەیە ، بۆ شەوی سێیەم خەونی دیت وفریشتەیەك دێت و ناوی ئەو لادەدات و ناوی ئافرەتێك لە مزگەوتەكەوە دەنووسێت. پادشا لە خەو هەڵسا و ناوی ئافرەتەكەی لە بیر بوو كە لە سەر مزگەوتەكە نوسرابوو فەرمانی كرد ئەو ئافرەتەی بۆ بهێنن. دیتی ئافرەتێكی بە ساڵاچووە لە ترسان دەلەرزی و لێی پرسی هیچ یارمەتی مزگەوتت دایە لە كاتی دروست كردنی، ئافرەتە بە تەمەنەكە بە ترسەوە گوتی نەخێر، زانیم بەرێزتان فەرمانتان كردوە كەس یارمەتی و هاوکاری لە دروست كردنی مزگەوت نەکات، وە منیش ناتوانم سەرپێچی لە فەرمانتان بكەم. پادشا گوتی لە بەر خاتری خودا پێم بڵێ چت بۆ ئەو مزگەوتە كردووە . ئافرەتەبە تەمەنەكە گوتی هیچ تەنها جارێك ڕەت بووم دیتم كە ئەسپێك كۆمەڵێ دارو تەختەی کەبۆ مزگەوت دروست کردن هێنرابوون لێی باركراوە و بەستراوەتەوە بە زەوییەكە سەتڵێك ئاویش لە نزیك ئەسپەكە هەبوو هەوڵی دەدا بگات بە سەتڵەكە نەدەگەیشت ئاو بخواتەوە هەستم كرد زۆر تینویەتی منیش سەتڵە ئاوەكەم نزیك كردەوە لە ئەسپەكە ئاوەكەی خواردەوە تەنها ئەوەندەم كردووە.
پادشاكە گوتی هێی خودایە ، ئەو چاكەیەی تەنها لە پێناو خودا كردووە و نیەتی پاك بووە و خوداش لێی وەرگرتی منیش ئەو مزگەوتە گەورەیەم دروست كردووە تا بڵێن مزگەوتی فلانە پادشا و خودا لێی وەرنەگرتووم ، پادشا فەرمانی كرد ناوی خۆی بسڕنەوە لە سەر مزگەوتەكە و ناوی پیرەژنەكە بنووسن لە سەر مزگەوت. بۆیە هەمیشە چاكە و باشە بكەین لە پێناو خودا و بە نیەتێكی ڕاستگۆیانە و پاك، نیەت سەرچاوە و بچنینەیی هەموو كارێكە.
(*)
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن