پوتین فەرمانی ئاگربەستی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە ئۆکرانیا دەرکرد

پوتین فەرمانی ئاگربەستی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە ئۆکرانیا دەرکرد

  

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی ئیستەر،  ناسراو بە رۆژی هەستانەوەی مەسیح، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا فەرمانی ڕاگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئۆکرانیای دەرکرد.

ئاژانسی هەواڵی ڕووسیا ئەمڕۆ شەممە  19ی نیسان بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا فەرمانی ڕاگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئۆکرانیای دەرکردووە، ئەمەش وەک پێشبینییەک بۆ جەژنی ئیستەری مەسیحییەکان.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕووسیا ، بەپێی ئەم فەرمانە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیا لە کاتژمێر ٦:٠٠ی پاشنیوەڕۆوە ڕادەگیرێت. ئەمڕۆ شەممە 19ی ئادار بە کاتی ناوخۆ تا کۆتایی ڕۆژی دووشەممە.

پوتین ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکات ئۆکرانیا لەم ماوەیەدا پابەندی ئاگربەستەکە بێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هێزەکانی ئەو وڵاتە ئامادەبن بۆ ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئۆکرانیا.

ئۆکرانیا تا ئێستا کاردانەوەی بەرامبەر ئەو بڕیارەی ڕووسیا نەبووە.

زیاتر لە ٣ ساڵ بەسەر شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت و هەزاران سەرباز لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە.

لەگەڵ هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا، گفتوگۆ بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە دەستی پێکردووە. چەند جارێک دانوستان لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە ئەنجام دراوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top