سەرۆک بارزانی سەردانی باوکی ئاڤێستای کرد
ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی سەردانی دەڤەری بارزانی کرد، بۆ ئەوەی هاوخەمی و پشتگیریی خۆی بە باوکی ئەو مامۆستایە بگەیەنێت کە 11 ڕۆژ پێشتر کەوتە نیو ڕووباری تەنگاتوور لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، تاوەکوو ئێستاش نەدۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025، سەرۆکی بارزانی، سەردانی باوکی مامۆستا ئاڤێستا و تیمەکانی فریاگوزاری کرد، لە دەڤەری بارزان.
هاوکات، سەرۆک بارزانی لە نزیکەوە دڵنەوایی باوکی ئاڤێستای کرد و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ دۆزینەوەی کچەکەی پێشان دا.
باوکی ئاڤێستا، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد و دڵخۆشبوو بە سەردانەکەی.
شەممە، 5ـی نیسانی 2025، خێزانێک بۆ گەشتکردن چوونە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، لەو کاتە خوشک و برایەکی خێزانەکە، بۆ وێنەگرتن چوونە لێواری ڕووبارەکە، براکە دەکەوێتە نێو ڕووبار و خوشکەکەی بە ناوی ئاڤێستا یوسف هەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دەدات، بەڵام براکەی لەناو ڕووبارەکە بە سەلامەتی ڕزگاری بوو و ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵیش تا ئێستا بێسەروشوێنە.
پێشتر، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، 59 تیمی مەلەوان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، سۆران و زاخۆ بۆ دزۆینەوەی مامۆستاکە دەستیان بە گەڕان کردووە، هاوکات هێلیکۆپتەریش لە پرۆسەکە بەکار دێت.
