لە تێڕوانینەكانت پاشەڕۆژ و سەركەوتن ببینە

لە تێڕوانینەكانت پاشەڕۆژ و سەركەوتن ببینە

(محەمەد ڕاشد ئال مەكتوم ) سەرۆك وەزیرانی ئیماراتی دەڵێ "ئەگەر تێڕوانینەكانت ئەرێنی بوون لە بەربەستەكان دەرفەت دەبینی لە پاشەڕۆژ سەركەوتن دەبینی، لە مرۆڤیش وزە و بەهرە دەبینی ".
بێگومان تێڕوانینی ئەرێنی لە مرۆڤەكان بۆ ژیان بە گرنگترین كلیلەكانی گۆڕانكاری لە ناخ و دەروونی كەسەكان دادەنرێت، دەتوانرێ بەردەوام پەرەی پێ بدرێ و شتەكان هەردەم بە جوانی و بەباشی و بەچاكە ببینی. گومان لەوە دانییە ژیان بەوە جوانە كە پڕە لە هەوراز و نشێو و ئاستەنگ و سەركەوتن و خۆشی و ناخۆشی، بەڵام لە بیرمان نەچێت هەر ژیانێك بێ گرفت و ئاستەنگ و بەربەست بێت ناتوانێ‌ كەسانی بەهێز و ئازا دروست بكات و هەمیشە ئەزموونە سەخت و قورسەكان و ژیانە تاڵ و پڕ ژانەكان كە ئازارمان دەدەن هەردەم بەهێز و خۆڕاگر و پشوو درێژمان دەكەن، و لێیانەوە زۆر شت فێر دەبین كە هەرگیز ڕابردوو لە بیر نەكەین و شانازییان پێبكەین و بە دڵخۆشییەوە باسیان بكەین، چونكە هەردەم تێڕوانینی ئەرێنی لە كەسە خاوەن ئەزموون و دووربین و ئەوانەی خۆیان بەدەستەوە نەداوە بەرامبەر سەختیەكانی ژیان و هەردەم بەرەنگاری ئاڵۆزی و هەوراز و كۆسپەكان بوونەتەوە و بونەتە كەسی بەهێز و خۆڕاگر هەر ئەوەش وای كردووە تێڕوانین و تەماشاكردنیان هەردەم ئەرێنی بێت كە ئەوەش سوود و قازانجی زۆری هەیە بۆ خوودی كەسەكان لە ئێستا و داهاتوویان، هەروەها بۆ دەوروبەرەكانیشیان لە دواتر و پاشەڕۆژیان زیاتر دەتوانن پەرە بەتوانا و بەهرەكانیان بدەن و دەستكەوت و بەرهەمی زیاتریان هەبێت و دڵ و دەروونیان بە ژیان ئاسودە دەبێت و لە سەرخۆ و خۆڕاگر و چێژ وەرگر دەبن لە ژیاندا و، هەمیشە كەسە جۆرباش و چەشن باشەكان هەڵدەبژێرن و پەیوەندییەكانیشیان لە جۆرە باشەكان دەبێت و دەرفەتی بەختەوەری و سەركەوتنیان زیاتر دەبێت.
هەروەكو دەگێڕنەوە" جارێك پیاوێكی دەوڵەمەند بە ڕێگادا دەڕۆیشت بینی كرێكارێكی سادە لە سەر لێواری شەقام دانیشتبوو پێلاوەكەی داكەندووە و خەریكی پاككردنەوەی پێلاوە دڕاوەكەی بوو، پیاوە دەوڵەمەندەكە هەستی بە بەبەزەیی كرد بەرامبەری و هەندێ پارەی دەركرد و ویستی بیداتە پیاوە هەژارەكە ، بەڵام پیاوە هەژارەكە تەماشای كرد و بە زەردەخەنەوە گوتی زۆر سوپاس بۆتۆ من پێویستم بە پارە نییە تەنها پێویستم بە دەرفەتە. پیاوە دەوڵەمەندەكە سەرسام بوو بە وشەكانی و بڕیاری دا ئیشێكی پێبدا لە كۆمپانیاكەی، ئەو بوو كاری پێدا و دوای چەند ساڵێك ئەو پیاوە كرێكارە بووە بەرێوبەرێكی سەركەوتوو و كاتێك لێیان پرسی لە نهێنی سەركەوتنی بە زەردە خەنەوە گوتی كاتێك متمانە و بڕوات بە خۆت هەیە بەزەیی دەگۆڕی بۆ رێزگرتن و دەرفەتیش بۆ سەركەوتن."
لەو چیرۆكە كورتە فێر دەبین كەوا بە بەزەیی و نەبەخشین بەوانی تر، بەڵكو دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنین تا خۆیان جێگیر بكەن و بچەسپێن و ڕۆڵی خۆیان ببینن. هەمیشە بەبڕوا و متمانەی تەواو بە خودای گەورە و ئیشی ڕاست دەتوانێ‌ سەختترین سەرەتا بگۆڕێ بۆ گەورەترین سەركەوتن.
لەوەوە فێر دەبین كەوا ڕۆژێك دادێ كە ئەوڕۆمان دەبێتە مێژوو. بۆیە دەبێ وا بكەین هەمیشە ئەوڕۆمان كە شایانی شانازی و ستایش بێت تا ڕابردوومان شایانی باس كردن و ناو هێنان بێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top