دیدەن كەمال: دەمەوێت لە ڕێگەی ڤیدیۆ و پۆستەكانمەوە وزەی ئەرێنی و هەستی گەشبینی ببەخشمەوە
لەگەڵ ڕەوتی پێشكەوتنەكانی سەردەم و فراوانبوونی دونیای سۆشیال میدیا، ژمارەیەكی زۆری خانمانی كورد بەهۆی پەیج و ئەكاوەنتەكانیان و لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەهرە و تواناكانیان دەخەنەڕوو، ئەوان كابانی و دەستڕەنگینی و لێهاتوویی خۆیانیان كردووە بە دەستكەوت و سەرچاوەی داهات. دیدەن كەمال خانمە بلۆگەرێكی بە توانا و بە ئەزموونی شاری سلێمانییە، هاوكات نووسەر و شرۆڤەكارێكی بە توانای بواری ئابوورییە و تاوەكو ئێستا چەندین توێژینەوە و ڕاپۆرتی لە بواری ئابووری ئامادەكردووە، نووسین و توێژینەوەكانی لە زۆربەی ماڵپەرەكان بڵاوكراونەتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
دیدەن كەمال لە نەورۆزی ١٩٩٤ لە هەڵەبجە لەدایك بووە و زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی/ كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری بەشی دارایی و بانكی تەواو كردووە. هەوڵیداوە لە ڕێگەی پەیجەكانی سۆشیال میدیاوە سوود بە چواردەوری خۆی بگەینێت و لە سۆنگەی ئەزموونی ژیانی خۆیەوە ببێتە ڕێنماییكار و ڕێنیشاندەری هەوادارانی. لە دیدارێك لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی كاركردنی بۆ خوێنەران باس دەكات.
«هەرچەندە خوێندنی زانكۆم تەواو كردووە بەڵام تا ئێستا دانەمەزراوم، لە سەرەتاكانی ساڵی ٢٠١٧ وەك كچێكی بلۆگەر دەركەوتم، ئەوكات هەم پیشەكە لای ئافرەتان كەم بوو هەم بلۆگەری حیجابمان كەم بوو، دوای چەندین جار هاككردن و سووتاندنی ئەكاونتەكانم و چەندین ڕووداوی ناخۆش بەڵام هێشتا بەردەوامم و كار دەكەم، لە ڕێگەی ئەكاوەنتەكانمەوە پەیامی پەرەپێدانی تواناكانی خود و نەریتە جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردی بڵاودەكەمەوە، دەمەوێت لە ڕێگەی ڤیدیۆ و پۆستەكانمەوە گەشبینی و دەرووندروستی لە ناخی بینەرەكانم دروست بێت، من كاتێك بڕیارمدا ئەم كارە بكەم بینیم بۆشاییەكی گەورە لە سۆشیال میدیا بۆ دەركەوتنی ئافرەتان هەیە، سوپاس بۆ خوا ئێستا ڕەوتی كاركردنی خانمان زۆر پێشكەوتووە، بە خۆشحاڵییەوە زۆربەی ئافرەتان كار دەكەن، كە ئەوەش جێگەی شانازییە بۆ كوردستان و خۆیان و خانەوادەكانیشیان».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كاركردنی ئافرەتان تا چەند پێویستە ئەو گوتی: «ئەگەر باسی كاركردنی ئافرەتان بكەم بە گشتی زۆرینەی خانمان پڕ بەهرە و لێهاتوو و داهێنەرن، لای خانمان دوو جۆر ئابووری سەربەخۆ بوونی هەیە، جۆری یەكەم ئەو كەسە بە توانا چالاكانەن كە لە هەر بوارێكدا كار بكەن چ ئۆنڵاین بێت یان كاری دەرەوە بێت ئەوا بە جوانترین و وردترین شێوە كاری خۆیان ئەنجام دەدەن وكۆمەڵگە بەرەو پێش دەبەن، ئەوان لە بەڕێوبردنی ژیان بە كاركردنیان یارمەتیدەری باوك و برا و هاوسەرن، خاوەن كەسایەتی و داهاتی سەربەخۆی خۆیانن و جێگەی ڕێز و پێزانین و دەستخۆشین. جۆری دووەمیان كە ژمارەكەیان كەمە بەداخەوە بێ بەهرەن، جەستە و ڕووخساریان وەك كاڵایەك بەكار دەهێنن و هۆكاری بڵاو بوونەوەی خوە ناشیرین و خراپەكانی كۆمەڵگەن».
دیدەن كەمال دەربارەی كارەكانی خۆی دەڵێت: «ئەگەر باسی كاركردنی خۆم بكەم هەم وەك دایكێك و هەم وەك بڵۆگەرێك زۆر دڵخۆش و ئاسوودەم، سوپاس بۆ خوا دایكی دوو كوڕی جوانم كاكە ئەحمەد تەمەنی سێ ساڵە و كاكە ئەرینیش تەمەنی یەك ساڵە، كارەكەمم خۆشدەوێت و ئەوانەی من دەناسن دەزانن لە كاتی كاركردن لەگەڵ كەسانی چواردەورم زۆر ئاسانكاری دەكەم و زۆر دڵخۆش دەبم كاتێك كەسێك بتوانێت لە ڕێگەی منەوە پەرە بە كار و پڕۆدێكتەكانی خۆی دەدات، بە گشتی هەركارێك هیلاكی و ماندوو بوونی خۆی هەیە و منیش بەو ماندووبوونە دڵخۆشم، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەم دەرفەتە».
دیدەن كەمال لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا بواری ئابووری و بواری كاركردنت تاچەند بە یەكترەوە پەیوەندیدارن؟ ئەو گوتی: «دوو پیشە و دوو بواری جیاوازن، بواری ئابووری ئەو بوارەیە بە شێوەیەكی ئەكادیمی خوێندوومە و ئێستاش بەردەوامم لە وەرگرتنی زانیاری و خۆپێگەیاندنم لەو بوارە، تا ئێستا چەندین كۆرسم وەرگرتووە و لە ئێستادا لە كۆرسی خوێندنی ماركێتینگم، ماوەیەكیش لە كەناڵی فاڵكۆن پێشكەشكاری بەرنامەی ئیكۆنۆمی بووم، بەڵام سۆشیاڵ میدیا زۆر جیاواز ترە، بێگومان بوارە ئابوورییەكە یارمەتیدەرم دەبێت تا كارەكانم بە شێوەیەكی ئەكادیمی بكەم».
