مەترسییە شاراوەكانی خواردنەوە وزەبەخشەكان

مەترسییە شاراوەكانی خواردنەوە وزەبەخشەكان

ئەگەرچی خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks دەبنە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی وزەی لەش و ئاگایی، بەڵام ڕێژەیەكی بەرزی شەكر لە جۆرەكانی سوكرۆز، گلوكۆز، فركتۆز لەخۆدەگرن، كە دەگاتە 70-113 گرام لە هەر 100 میللیلیتردا، ئەمەش ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش و تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم بەرز دەكاتەوە. لە لایەكی دیكە خواردنەوە وزەبەخشەكان بەگشتی ڕێژەیەكی بەرز لە ماددەی كافائین لەخۆدەگرن لەگەڵ ماددەی وروژێنەر Stimulants كە ئاستی چالاكیی دەماری لە لەشدا بەرزدەكەنەوە، بۆنموونە ماددەی تۆورین، گوارانا لەگەڵ ماددەی كارنیتین L-Carnitine. خواردنەوە وزەبەخشەكان لەبەر ڕێژە بەرزەكەی ماددەی كافائین هۆكارن بۆ هەڵچوون و پەستی، هەروەها گرفتەكانی خەو كە بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی. زیاد خواردنەوەی ئەم شلەمەنییانە لەوانەیە كە ببێتە هۆی ژاراویبوون بە كافائین Caffeine intoxication كە حاڵەتێكی مەترسیدارە و ژیان دەخاتە مەترسییەوە لە ئەنجامی تێكچوونی ڕیتمی لێدانەكانی دڵ، یان وەستانی دڵ هاوكات لەگەڵ ئاوسانی مێشك و پەككەوتنی گورچیلەكاندا.

Top