گرنگیی پشكنینی پرۆتینی CRP

گرنگیی پشكنینی پرۆتینی CRP

بەرزبوونەوەی ئاستی پرۆتینی(C-reactive protein (CRP   لە پشكنینی كۆلیستیڕۆڵ وردتر و گرنگترە بۆ پێشبینیكردنی نەخۆشیی دڵ. ئەم پرۆتینە لە جگەر دروست دەكرێت و ئاستی هەوكردن لە لەشدا پیشان دەدات، بەرزبوونەوەی لەناكاوی ئاستی ئەم پرۆتینە تەنیا لەكاتی تێكچوونی شانەكانی لەش و بوونی نەخۆشیدا ڕوودەدات، بۆنموونە هەوكردنی ڕۆماتۆیدی جومگەكان، نەخۆشیی درێژخایەنی ڕیخۆڵە. لەكاتی بوونی هەوكردن لە لەشدا، ئاستی ئەم پرۆتینە لە ماوەی چەند كاتژمێرێك بە خێرایی بەرزدەبێتەوە وەكو بەشێك لە بەرگریی سرووشتیی لەش بەرانبەر بە میكرۆب، یان تێكچوونی خانەكان لە بەشێكی لەشدا. جگە لە پێشبینیكردنی ڕوودانی نۆرەی دڵ یان جەڵتەی مێشك، ئاستی ئەم پرۆتینە لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا بەرز دەبێتەوە و هاندەرە بۆ دەستنیشانكردن: هەوكردنی میكرۆبی بە ڤایرۆس یان بەكتریا یان كەڕوو، هەندێك جۆری شێرپەنجە، مردنی بەشێكی شانەكانی لەش، هەروەها لەكاتی زەبر یان نەشتەرگەری. ئاستی سرووشتیی پرۆتینی CRP كەمترە لە 1ملگم/دێسیلیتری خوێن، لەم ئاستە بەرزتر پێویست بە بەدواداچوونی پزیشكی و پشكنینی دیكە دەكات.

Top