ئاریانا گراندە بە ماچكردنی دەستی نیكۆڵ كیدمان جەماوەر سەرسام دەكات
ئاریانا گراندە و نیكۆڵ كیدمان لە مەراسیمی خەڵاتكردنیان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «پاڵم سپرینگز» پێكەوە لەسەر فەرشی سوور دەركەوتن و بە دەركەوتنیان و پێگەی خۆیان لەسەر فەرشی سوور بووە بابەتی سەرەكیی فیستیڤاڵەكە.
ڕۆژنامەی ئەسۆشێتد پرێس گرتە ڤیدیۆییەكی گرتووە، كە ئەو دوو ئەستێرەیە دەستیان لە ناو دەستی یەكتر ناوە، لەكاتێكدا وەستابوون بۆ وێنەگرتن، ئاریانا گراندەیش دوای ئەوە بە كاردانەوەی خۆی هەمووانی سەرسام كرد، كاتێك بۆ سڵاوكردن لە نیكۆڵ كیدمان خۆی چەماندەوە، پاشان دەستی ماچ كرد، كە ئەستێرە ئوسترالییەكەی سەرسام كرد، بۆیە بە هەمان شێوە خۆی چەماندەوە بۆ ئەوەی سڵاوی لێ بكات.
هەرچەندە ئاریانا گراندە و نیكۆڵ كیدمان تا ئێستا پێكەوە كاریان نەكردووە، بەڵام پاڵێوراو بوون بۆ ڕۆڵگێڕان لە فیلمی میوزیكیی نێتفلێكس The Prom لە ساڵی ٢٠٢٠.
كیدمان لە كاتی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەی كە لەلایەن «جەیمی لی كورتیس»ـەوە پێشكەشی كردبوو، نەیتوانی فرمێسكەكانی خۆی ڕابگرێت، دوای ئەوەی خەڵاتەكەی پێشكەش بە دایكی كرد، كە بەم دواییە لەكاتی بەشداریكردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیز لە ساڵی ٢٠٢٤ لە ٨١ هەمین خولیدا كۆچی دوایی كرد.
لەو بارەیەوە كیدمان گوتی: «هەموو ژیانی پیشەیی من بۆ دایكم و باوكم بووە، ئێستاش لێرە نین.» هاوكات گوتیشی: «دەمەوێت بەردەوام بم لە كاركردن و پێشكەشكردن بە جیهان، داوای لێبوردن دەكەم بۆ گریان، نەمدەویست ئەوە بكەم، بەڵام ئێستا هەست بە بوونی دایكم دەكەم لەگەڵم، ئەم خەڵاتە بۆ تۆیە دایە.
پێشتریش باسی ئەو قۆناغەی ژیانی خۆیی كردووە، لەو ڕووەشەوە گوتبووی: «دایكم دڵی خێزانەكەمان بووە و پشتیوانی سەرەتایی من بووە، بوونم لە ڤێنیز لەم ماوەیەدا زۆر قورس بوو، بەڵام هەستم دەكرد لێرە بوونم ڕێزلێنانێكە بۆ ئەوەی فێرتكردم سەبارەت بە كۆڵنەدان و هێز».
