بێگەرد عەلی: ئاستەنگیی زۆرم تێپەڕاند و توانیم ببم بە خاوەنكار و داهاتی خۆم هەبێت

بێگەرد عەلی:  ئاستەنگیی زۆرم تێپەڕاند و توانیم ببم بە خاوەنكار و داهاتی خۆم هەبێت

 

 

زۆرن ئەو ئافرەتانەی لە پێناو سەلماندنی بوونی خۆیان لە كۆمەڵگەدا، شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەر یەك و بەربەستەكان تێكدەشكێنن، بێگەرد عەلی خانمە چێشتلێنەرێكی بە توانای شاری سلێمانییە و لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە فێركاری خواردن و شیرینییەكانی بە بینەرەكانی ئاشنا دەكات، هەر لە ڕێگەی پەیجەكەیەوە بەرهەمەكانی بە بازاڕ دەكات. بێگەرد عەلی لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ئەزموونی سەركەوتنی خۆی دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 «هەر لە منداڵییەوە حەزی خواردن دروستكردنم هەبوو، كاتێك لەگەڵ هاوڕێكانم یاری ماڵە باجێنەمان دەكرد، من هەموو كات ڕۆڵی دایكم دەبینی و ماڵەكەم ڕێكدەخست و خواردن و میوەكانم ڕیز دەكرد، حەز و خولیای خواردن ئامادەكردنم لەو كاتەوە لە لا دروست بوو، سەرەتا بە مرەبا دروستكردن دەستم بەو كارە كرد، هۆكارەكەشی ئەوە بوو كە دەڕۆیشتینە ماركێتەكان بۆ مرەبا كڕین دەمبینی مرەباكان هەمووی لە قووتووكراو بوون، ئەوەش زیانی بۆ تەندروستی بە شێوەیەكی گشتی هەیە».

بێگەرد عەلی لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «لەبەر ئەو هۆكارە لە ساڵی 2017 بڕیارمدا بە دروستكردنی مرەبا كارەكەم دەست پێ بكەم، لەلایەكی دیكەشەوە هەستم بەوە كرد كە ئێمە خاوەنی ئەو هەموو میوە كوردییە سرووشتییە بۆن و بەرامە خۆشەین، بۆیە بیرم لەوە كردەوە مرەبای میوە سرووشتییەكان ئامادە بكەم و ئاشنای كڕیارانی بكەم، تاوەكو لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە كڕیاران بە ئۆنڵاین داوای بكەن و بە دەستیان بگات، لە دەستپێكی كارەكەمدا ئاستەنگیی زۆرم تێپەڕاند دواتر سوپاس بۆ خودای گەورە توانیم بەسەر هەموو بەربەستەكاندا زاڵ بم و ببم بە خاوەنكار و داهاتی خۆم».

سەبارەت بە ئامانجی لە كاركردندا گوتی: «بە بارودۆخی گەرمی و ساردی زۆردا ڕۆیشتووم و هەوڵی زۆرم داوە تا بەم ڕۆژە گەیشتووم، پشت بەخوای گەورە سەركەوتوو بووم لە خزمەت كردن. ئامانجی سەرەكی من لە كارەكەمدا هێشتنەوە و پاراستنی شێوازی دروستكردنی خواردنە ڕەسەن و كوردەوارییەكانی تایبەت بە ناوچەكەمە، هەروەها ناساندنی خواردنە كوردەوارییەكان بە هەموو جیهان، چونكە خواردن و شیرینی بەشێكە لە كلتووری هەر نەتەوەیەك، هاوكات دوای گەورەكردنی ئیشەكەم خەونی ئەوەم هەیە هاوكاری ئەو خانمانە بكەم كە لێهاتوو و خاوەن بەهرەن، ئەویش لە ڕووی ڕەخساندنی هەلی كار لای خۆم و دەمەوێ بەپێی پێویست هاوكاریان بم».

بێگەرد عەلی سەبارەت بە پاڵپشتی خێزانەكەی هێما بۆ ئەوە دەكات «دوای خودای گەورە خێزانەكەم پاڵپشتی سەرەكی منن، ئێمە بە خێزانی كاردەكەین، لە ساڵی 1997 ژیانی هاوبەشیم پێكهێناوە و دایكی كچێك و دوو كوڕم، لە پێناو خزمەتكردنی خێزانەكەم دامەزراندنی كەرتی حكومیم ئەو كات ڕەتكردەوە، چونكە ژیانی خۆم بۆ بەختەوەی خێزانەكەم تەرخان كردووە، هاوسەرەكەم بازاڕی كردنم بۆ دەكات، كچەكەشم پەیجەكەم بۆ بەڕێوە دەبات.

بە هاوسەنگی ڕاگرتنی كاتەكانم و دابەشكردنی كارەكانم توانیومە گرنگی بە كارەكەم و خێزانەكەشم بدەم بێ ئەوەی هیچیان فەرامۆش بكەم، كاتەكانی ڕۆژانەم بە بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵەكان و خزمەتكردنی ماڵەكەم بەڕێدەكەم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەردەوام هەوڵی فێربوون و خۆپێگەیاندن دەدەم».

ئەو خاتوونە چێشتلێنەرە لە كۆتایی قسەكانیدا سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكات و دەڵێت: «لێرەوە دەمەوێت زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان بكەم كە ئەم دەرفەتە جوانەیان بە من بەخشی، هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم لە پای ناساندن و دەستگرتنی ئافرەتانی خاوەنكار، ئامۆژگاریشم بۆ خانمان ئەوەیە لەو بەهرەیەی كە هەیانە هەوڵی كاركردن و خۆپێگەیاندن بدەن، چ كاری نانكردن و هەویركاری و چێشتلێنان بێت یان كاری دوورمان و دەستڕەنگینی بێت، تاوەكو ببنە خاوەن داهاتی خۆیان، چونكە ئەو داهاتەی كە بە ڕەنجی شان و هیلاكی بازوو بە دەست بێت گەورەترین سەركەوتن و دەستكەوتە، پێویست دەكات خانمانی خاوەنكار كۆڵنەدەن و ساردنەبنەوە، دڵنیابن لەوەی كە دەگەن بە ڕۆژانێك ڕۆژە سەختەكانیان دەبن بە یادگارییەكی شیرین و دەبن بە هۆكاری گەیشتن بە لوتكەی سەركەوتن

Top