شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ : پێویستمان بە هەڵمەتێكی نیشتمانی هەیە بۆ ئەوەی كارەبا وەك پرسێكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت

شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ :  پێویستمان بە هەڵمەتێكی نیشتمانی هەیە بۆ ئەوەی كارەبا وەك پرسێكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت

 

شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە، كە ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ كێشە و گرفت و ڕەخنەی هاووڵاتیاندا دەكات و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانییان لەسەر دەكات. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان» بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

لە دوایین كۆبوونەوەی بازنەی گفتوگۆ بۆ وەرگرتنی ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی بیست و حەوتەمین گفتوگۆ «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان»، دوای گفتوگۆیەكی چڕ، كۆبوونەوەكە بڕیاری دا، بەشداربووانی گفتوگۆی ئەمجارە بە بەشداربووانی ڕاپۆرتی مەیدانییشەوە «پسپۆڕان و ئەندازیارانی كارەبا» بانگهێشت بكەین، ئەم قەناعەتە لەسەر دوو هۆكاری سەرەكی بەرجەستە بوون:

یەكەم: سێكتەری كارەبا بوارێكی ئاڵۆزە، تۆڕێكە چەندین بەشی جیاواز پێكەوە گرێ دەداتەوە، هەروەها حزمەتگوزارییەكی هێندە پێویستیشە كە كۆی كۆمەڵگە و حكومەت پێكەوە گرێ دەداتەوە، بەڵام ئێمە لەسەر پرسی كارەبا ڕۆژانە تەنیا گوێبیستی ئەو ڕەخنە و گازندانە دەبین كە ڕووبەڕووی وەزارەتی كارەبا دەكرێتەوە.

دووەم: لە ئێستادا كە پڕۆژەی ڕووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری لە جێبەجێكردندایە و لە سەنتەری شارەكان بە كردەیی لە كۆمەڵێك گەڕەكدا جێبەجێ كراون، قسە و مشتومڕێكی زۆر لەسەر دانانی نرخ دەكرێت، بۆ ئەمەشیان ئێمە دەزانین هاووڵاتیان داوای نرخی گونجاو دەكەن، مەبەستمان بوو بزانین لە ڕووە تەكنیكییەوە چۆن ئەو نرخە گونجاوە دەستنیشان دەكرێت.

ئامانجی «بازنەی گفتوگۆ» لەم گفتوگۆیەدا ئەوە بووكە باس لەو گرفتانەی سێكتەری كارەبا بكەین كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ و لە سەرجەم كابینە یەك لەدوا یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، بەڵام بەشی هەرە سەرەكیی تەوەری گفتوگۆكە لەسەر ئەوە چڕ بووەوە، چۆن چارەسەری كێشەی كارەبا بكەین كە وەك پرسێكی نیشتمانی سەیر بكرێت و ئاستەنگان لە بەردەم ئەو پرۆسەیە لابەرین كە پێی دەگوترێت «پڕۆژەی ڕووناكی»، كە ئامانجی ئەوەیە لە ماوەیەكی كورتدا كارەبای هەموو كوردستان بكرێتە كارەبای 24 كاتژمێری.

لێرەوە پێش ئەوەی بێمە سەر شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ كارەبا وەك پرسێكی نیشتمانی، ئاماژە بە دووخاڵی گرنگ دەكەم كە لەم گفتۆگۆیە خرانە ڕوو:

1- ئەندازیار هۆشیار سیوەلی وەزیری كارەبا لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێم و یەكەمین وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كرد لە ساڵی 2006ـەوە حكومەتی عێراق ئەو بەشە كارەبایەی لە هەرێمی كوردستان بڕیوە كە پێشتر بۆ هەرێمی كوردستانی دەنارد، بەمەش تۆڕی كارەبای هەرێم و تۆڕی كارەبای عێراق لە یەكتری جیا بوونەوە، ئەركەكە بە تەواوەتی خراوەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم.

2- ئەندازیار عادل ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری كارەبا، ئاماژەی بەوە كرد ئەو بوودجە گەورەیەی حكومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی سێكتەری كارەبا تەرخانی كردووە، یەك دیناری بۆ سێكتەری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان خەرج ناكرێت، لەمەش زیاتر حكومەتی عێراق نە هاوكاریی هەرێم دەكات بۆ دابینكردنی سووتەمەنی، نە هیچ وێستگەیەكی كارەباشی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووە، كە ئەمەش پێشێلكردنی هەردوو ماددەی «106 و 114»ی دەستووری عێراقە و بەڕێزان ئاماژەیان پێكرد.

مەبەستم لە ئاماژەكردنم بەم دووخاڵە ئەوە بوو كە مامەڵەكردن لەگەڵ كارەباش وەك سەرچاوەیەكی دیكەی وزە وەك نەوت و گاز، بەشێكە لە دەسەڵاتە سنووردارەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی فیدڕاڵی، جیا لەوەی خۆی لەم بەرپرسیاریەتییە نیشتمانیە دزیوەتەوە و هەموو ئەركەكەی خستووەتە سەر شانی هەرێمی كوردستان، ماوەی 11 ساڵ زیاتریشە‌ بە تەواوەتی بوودجەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە و بوودجەی بەكاربەریش ئەوەیە كە لە ناردنی مووچەی فەرمانبەراندا دەیبینین.

لە ناو ئەم ژینگە ئاڵۆز و ناسەقامگیرەی ئەو دەوڵەتە بەناو‌ فیدڕاڵییەی پێی دەگوترێت عێراق، هەرێمی كوردستان كە دەست بەسەر سەرچاوەی داهاتەكانیدا دەگیرێت و ڕێگەی هەناردەكردنی نەوتی لێ دادەخرێت، ئێستا نەك هەر هەنگاوی هەڵگرتووە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕووناكی و دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان، بەڵكو هاندان و پشتگرییش هەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سوود لە سەرچاوەی وزەی خاوێن وەربگرن بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، لەمەش زیاتر كۆی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لە یەك خاڵدا هاوڕا بوون، كە دەبێت پڕۆژەی ڕووناكی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كەم دەرامەت و مامناوەند بە سەركەوتوویی هەنگاوەكانی خۆی تەواو بكات، لێرەدا بە چەند خاڵێك ئاماژەی پێ دەكەم:

* وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی بە هاووڵاتیان داوە، دەبێت نرخی كارەبای پڕۆژەی ڕووناكی كەمتر بێت لەو پارەیەی كە پێشتر هاووڵاتیان بە كارەبای « موەلیدە و نیشتمانی»یان داوە.

* بۆ ئەوەی نرخی كارەبا زیاتر دابەزێت، گرنگە حكومەت هاوكات لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناكی، پڕۆژەیەكی دیكە ڕابگەیەنیت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی كۆمپانیاكانەوە سیستمی سۆلەر بۆ هاووڵاتیان دابنرێت بە قەرزی درێژخایان.

* وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك بەرنامەی بۆ داناوە، كۆی سیستمی سۆلەری ماڵان تێكەڵی كارەبای نیشتمانی بكات، ئەو كارەبا زیادەی لە سیستمی سۆلەری ماڵانەوە دێتە ناو كارەبای نیشتمانی، لە كاتی پێویستدا بێ بەرانبەر بدرێتەوە بە هاووڵاتیان.

بێگومان خاڵ و بابەتی دیكەی زۆر ئەرێنی باس كران، بەڵام لەم چەند دێڕە كورتەدا جێگەیان نابێتەوە، بۆیە دێمە سەر ئەوەی ئێمە خۆمان چۆن مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناكیدا بكەین:

1- بەداخەوە واقیعی ئێستای كوردستان بەو جۆرەیە هەموو جومگەكانی كۆمەڵگە زۆر بە توندی بە سیاسەتی حزبییانە بە سیاسی كراون، ویژدانی زیندووی نیشتمانپەروەری بە فەیك نیوزی ناو میدیا و سۆشیال میدیا داپۆشراوە، پێویستمان بە هەڵمەتێكی نیشتمانی هەیە بۆ ئەوەی كارەبا كە پەیوەندیی بە هەموو ژیانی كۆمەڵگەوە هەیە، وەك پرسێكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

2- لەم قۆناغەدا كە لە گەرمەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕووناكیداین لە پارێزگاكانی كوردستان، زۆر گرنگە ڕایەڵەیەكی پتەو لە نێوان تەواوی فەرمانگاكانی وەزارەتی كارەبا و هۆیەكانی میدیا و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكاكاندا دروست بكرێت، بۆ ئەوەی بەردەوام ڕوونكردنەوەی پێویست بدەن و خەڵك دوای درۆ و چەواشەكاریی سۆشیال میدیا نەكەوێت.

3- گرنگە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، یان ئەنجومەنی وەزیران بانگهێشتی تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بكات، بەوانەی لە ناو پەرلەمان و حكومەت و ئەوانەشی لە دەرەوەی پەرلەمان و حكومەتن، بۆ ئەوەی وەك پرسێكی نیشتمانی گفتوگۆ لەسەر ئەم سێكتەرە گرنگە بكەن، كە پەیوەندیی بە هەر تاكێكی كوردستانەوە هەیە.

 

Top