ئەندازیار نەجات حەسەن پسپۆڕی كارەبا لە بەغدا: حكومەت دەتوانێت بە ڕێگەی كۆمپانیایەك و بە قەرزی درێژخایەن سۆلەر بۆ هاووڵاتیان دابین بكات

ئەندازیار نەجات حەسەن پسپۆڕی كارەبا لە بەغدا:  حكومەت دەتوانێت بە ڕێگەی كۆمپانیایەك و بە قەرزی درێژخایەن سۆلەر بۆ هاووڵاتیان دابین بكات

 

ئەندازیار نەجات حەسەن، یەكێكە لە پسپۆڕەكان لە سێكتەری كارەبا و ساڵانێكی زۆرە لەم سێكتەرە گرنگە كاردەكات. لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان»، زۆر بە زانستییانە هەڵوەستەی لەسەر بەشە گرنگەكانی سیستمی كارەبا و گرفتەكانی كرد و بەمجۆرە دیدوتێروانین و بۆچوون و پێشنیارەكانی خستەڕوو.

زۆر خۆشحاڵتر دەبووم كە ڕاستەوخۆ لەم گفتوگۆیە گرنگە و لەم هۆڵە لەگەڵتان بەشدار بم، بەڵام لە سەرەتای گفتوگۆكەوە بە ڕێگەی «سكایپ» بە ئونڵاین لەگەڵتان بەشدارم و گوێم لە گفتوگۆكەتان گرتووە، بۆیە دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، كە ئەم پۆلە پسپۆڕ و تایبەتمەند و بەرپرسانەی سێكتەری كارەبای پێكەوە كۆكردووەتەوە، كە بە مەزندەی ئەوانەی لەم گفتوگۆیە بەشدارن، توانای ئەوەیان هەیە بڕیاری گونجاو و یەكلاكەرەوە لەسەر سێكتەری كارەبا بدەن.
خاڵێكی دیكە، پێش ئەوەی دەست بە قسەكانم بكەم، ئەوەیە كە ئێمە یادی سەری ساڵی كوردی و جەژنی نەورۆزمان كردەوە، بۆیە بەم بۆنەیەشەوە پیرۆزبایی سەری ساڵی تازە و جەژنی نەورۆز لە هەموو لایەكتان دەكەم و ئومێدەوارم لە ساڵی نوێ كێشە كۆنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كۆتاییان بێت.
كێشەی كارەبا، كێشەیەكی كۆنی هەرێمی كوردستانە و دەتوانم بڵێم چارەسەرنەكردنی ئەم كێشەیە هۆكاری سەرەكی ئیحراجبوونی سەرجەم كابینە یەك لە دوا یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەبەردەم خەڵكی كوردستاندا، بۆیە كە لەم كۆبوونەوەیەدا بەڕێزان وەزیری كارەبا و بریكار و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی كارەبا ئامادەن، دەتوانرێت بڕیارێك بدەین، كە كێشەی كارەبا بەرەو چارەسەرێكی ڕیشەیی ببەین.
بۆ ئەوەی خەڵك هاوكار بێت لە چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لەگەڵ حكومەت، ئەوا پێویستە ئێمە لەم گفتوگۆیەدا باسی كێشەی كارەبا بۆ خەڵك بكەین و تێیان بگەیەنین چۆن بە هاوكاریی ئەوان كێشەی كارەبا چارەسەر دەكرێت، بۆ ئەمەش گرنگە سیستمی كارەبا بۆ خەڵك ڕوون بكەینەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە زۆر جار سەرنجم داوە، خەڵك بە شێوەیەكی گشتی وەك یەك بابەت باسی كارەبا دەكەن. بۆیە لەسەر ئەمە هەڵوەستەیەك دەكەم:
سیستمی كارەبا لە سێ بەش پێكدێت «بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشكردن»، لە سەرووی ئەم سێ بەشەشەوە بەشێكی دیكەیە كە پێی دەگوترێت «كۆنتڕۆڵ» و هەموو بەشەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە، بێگومان پلانیش هەر بەشێكە لەم سیستمە.
هەموو ئەم بەشانەی كارەبا پێكەوە گرێدراون، لە هەر یەكێكیان كێشە و كەموكورتی هەبێت، كاریگەری لەسەر بەشەكانی دیكەی كارەبا دەبێت. هەر بۆ نموونە ئەگەر ئێمە ڕێژەیەكی باشی بەرهەمهێنانی كارەبامان هەبێت، بەڵام ئەگەر تۆڕێكی باشی گواستنەوەی كارەبامان نەبێت، سوودی نابێت، یان با ئێمە ڕیژەیەكی باشی بەرهەمهێنان و تۆڕێكی باشی گواستنەوەمان هەبێت، كە تۆڕێكی باشی دابەشكردنی كارەبامان نەبێت، دیسان سوودی نابێت، بۆیە ئەركی ئێمەیە شێوازی كاركردنی سیستمی كارەبا بۆ هاووڵاتیان ڕوون بكەینەوە، لە پێناوی ئەوەی هەماهەنگی و هاوكاری لە نێوان خەڵك و سیستمی كارەبا دروست بكەین.
ئەگەر لە چوارچێوەی گرنگیی كارەبا بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانەوە، قسە لەسەر ئەركی وەزارەتی كارەبا بكەین، ئەوا وەزارەتی كارەبا گەورەترین ئەركی لەسەر شانە، هەر بۆیە بە بەردەوامی لە كۆی كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕووبەڕووی گلەیی و گازندەی زۆربەی زۆری خەڵكی كوردستان بووەتەوە. هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بەردەوام بە شەو و بە ڕۆژ كارەبا پەیوەندیەكی پتەوی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، هەر بۆیە كاتێك كارەبا دەكوژێتەوە، ئەو كەسە لە ماڵەكەی خۆی بێت، یان لە دووكان، یان لەسەر كارەكەی خۆی بێت، قسە لەسەر وەزارەتی كارەبا دەكات و ڕەخنەی لێدەگرێت.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە بۆچی تا ئێستا نەمانتوانیوە كێشەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ڕیشەیی چارەسەر بكەین، لە كاتێكدا ئێمە ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆڕ و شارەزای بواری كارەبامان هەیە؟ وەزارەتی كارەبا پڕیەتی لە توانا و ئیمكانیەت و شارەزایی و پسپۆڕی، بەڵام نەماتوانیوە كێشەی كارەبا چارەسەر بكەین، ئایا هۆكارەكەی چییە؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەتوانین بڵێین:
- یەكەم هۆكار بریتییە لە مامەڵەی هاوبەشان لەگەڵ كارەبا، هەتا ئێستا هاوبەشانی ئێمە نەیانتوانیوە بە دروستی مامەڵە لەگەڵ كارەبا بكەن، ئەگەر سەیری داتا و ئامارەكان بكەین، دەبینین هاوبەشانی ئێمە چوار تا پێنج هێندەی هاوبەشانی دەوڵەتانی دراوسێمان كارەبا بەكار دەهێنێن، ئەمەش واتە پێنج هێندەی پێویستیی خۆی كارەبا بەكاردەبات، بۆیە دەبێت هەنگاوی یەكەمی ئێمە ئەوە بێت كە پلان و بەرنامەیەكمان هەبێت، كە ڕێگە نەدەین كارەبا بەفیڕۆ بدرێت.
- هۆكاری دووەم بریتییە لە بەرهەمهێنانی كارەبا، بۆ ئەمەشیان دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی توانای بەرهەمهێنانی كارەبا و زیادكرنی تۆڕەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی گەشە پێ بدات.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا بە شێوەیەكی ڕیشەیی دوو هەنگاوی گرنگی گرتووەتەبەر كە بریتین لە:
1- دانانی پێوەری زیرەك.
پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەك تا ڕاددەیەكی زۆر باش سەركەوتووانە جێبەجێ كراوە و بەشێك لە گرفتەكانی كارەبای چارەسەر كردووەو، لۆدی زۆری سەر تۆڕەكانی كارەبا و محاویلەكانی كەم كردەوە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە نەیتوانی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان وەك پێویست چارەسەر بكات.
2- پڕۆژەی ڕووناكی
پڕۆژەی ڕووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان، ئەم پڕۆژەیە كە ئێستا بووەتە باسێك و قسەی لەسەر دەكرێت، گرنگ ئەوەیە ڕێگە چارەیەك بگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە سەركەوتوو بێت.
بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، پێشنیاری من ئەوەیە كە پرسی كارەبا وەك بابەتێكی نیشتمانی سەیر بكەین و هەوڵ بدەین هاودەنگیی كۆی لایەنە سیاسییەكانی لەسەر دروست بكەین. بۆیە پێشنیاری من ئەوەیە كە وەزارەتی كارەبا لەگەڵ كۆی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆببێتەوە و لەسەر ئەم كێشەیە گفتوگۆ بكەن، بۆ ئەوەی پرسی كارەبا نەبێتە بابەتی ململانێی نێوان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و حكومەت، ئەمەش فەرزی دەكات كە كارەبا دەبێت وەك بابەتێكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
ئامانجی سەرەكیی پڕۆژەی ڕووناكی ئەوەیە كە زێدە‌ڕۆیی و بەفیڕۆدانی كارەبا نەهێڵێت، ئەمەش بەوە دەكرێت كە نرخێكی گونجاو بۆ كارەبا دابنرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە بەفیڕۆدانی كارەبا سڵ بكەنە‌وە و بەپێی پێویست بەكاری بهێنن، بۆیە گرفتی سەرەكیی ئێستا بووەتە دیاریكردنی نرخێكی گونجاو بۆ كارەبا‌، بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە ئەم پێشنیارانە دەخەمەڕوو:
یەكەم: بۆ دانانی نرخی كارەبا بۆ پڕۆژەی ڕووناكی، یاسای وەزارەتی كارەبا كە یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2021ی پەرلەمانی كوردستانە، لە ماددەی چوارەم كە تایبەتە بە ئەركەكانی وەزارەت لە بڕگەی چوارەمدا زۆر بە ڕاشكاوی سەبارەت بە دیاریكردنی نرخی كارەبا هاتووە «دیاریكردنی نرخەكانی كارەبا لەلایەن وەزیری كارەبا و بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزارەت و بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ ڕەزامەندیدان لەسەری، بە مەرجێك لە دانانی نرخدا بژێوی هاووڵاتیان و باری ئابووریی هەرێم لەبەر چاو بگرن»، ئەم بڕگەیە زۆر ڕاشكاوانە ئەوەی خستووەتە ڕوو كە دەبێت بەپێی یاسای وەزارەتی كارەبا، دەبێت خەڵك سەنتەر بێت لەم بابەتە، ئەمەش بەو مانایەی دەبێت نرخی كارەبا بە جۆرێك دابنرێت كە ڕێگری لەو كەسانە بكات كە كارەبای زۆر بەكار دەهێنن و ئەوەی كارەبا بە پێی پێوییستی خۆی بەكار دەهێنێت باری سەرشانی گران نەبێت، ڕاشكاوانەتر دەبێت دانانی نرخی گونجاو بۆ كارەبا بۆ خزمەتی ئەو هاووڵاتیانە بێت كە كارەبای كەم بەكار دەهێنن.
دووەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت هاوكات لەگەڵ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕووناكیدا، پڕۆژەیەكی دیكەش دەست پێبكات، ئەویش پڕۆژەی سوودوەرگرتن لە وزەی خۆرە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بۆ ئەمە دەبێت حكومەت پڕۆژەیەكی هەبێت كە خەڵكی هان بدات بۆ ئەوەی سیستمی سۆلەر بەبێ پاتری (ئۆنگرید) بۆ ماڵەكەی خۆیان دابنێن، بۆ ئەوەی لە ڕۆژدا سوودی لێوەربگرێت، بۆ ئەمەش حكومەت دەتوانێت بە ڕێگەی كۆمپانیایەك و بە قەرزی درێژخایەن سۆلەر بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، بەمەش بە ڕێژەیەكی زۆر بەكارهێنانی كارەبای نیشتمانی كەم دەبێتەوە و هاووڵاتیانیش بە نرخێكی هەرزان كارەبای پێویستیان دەست دەكەوێت.
لە كۆتاییدا من ئومێد دەخوازم پڕۆژەی ڕووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیانی كوردستان سەركەوتوو بێت، بەو شێوەیەی لە خزمەت خەڵكی كوردستاندا بێت، هەروەها هیوادارم هەموومان پرسی كارەبا وەك پرسێكی نیشتمانی سەیر بكەین و، هاوبەشانی ئێمە بە شێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ بەكارهێنانی كارەبا بكەن، حكومەت و وەزارەتی كارەباش بە جۆرێك نرخی كارەبا دیاری بكەن، كە خەڵك هۆشیار بكاتەوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ كارەبا دەكات، نەك باری سەرشانیان قورس بكات.

Top