ئەندازیار تاڤگە عومەر كاكە سوور بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای یەكی هەولێر: ئەگەر پارەی كارەبای پڕۆژەی ڕووناكی بەراورد بكرێت بەو پارەیەی كە پێشتر هاووڵاتی دەیدایە موەلیدە و كارەبای نیشتمانی ئێستا زۆر كەمترە
ئەندازیار تاڤگە عومەر كاكە سوور یەكێكە لە ئەندازیارە دیارەكانی هەرێمی كوردستان لە سێكتەری كارەبادا و، ئێستا بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبا یەكی هەولێرە و، سرووشتی كارەكەی بەو جۆرەیە كە بەردەوام سەرقاڵی كێشە و گرفتەكانی كارەبایە كە خەڵك گلەیی و گازندەی لەسەر دەكەن. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان» بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی سەبارەت بە گرفتەكان و میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم سێكتەرە خستە ڕوو.
زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە لەسەر ئەم پرسە گرنگە «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان» ئەم گفتوگۆیەی ڕێك خستووە، بەڕاستی هەم پرسێكی هەستیارە و هەمیش وەك پێویست لە ڕووی كاری ڕاگەیاندنەوە كاری لەسەر نەكراوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان وەك پێویست لە كێشەكانی كارەبا و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناكیی كارەبای 24 كاتژمێری بكەن، هەمیش وەڵامی ئەو چەواشەكارییانە بدرێتەوە كە لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ مەبەستی لابەلا ئەم پڕۆژە ستراتیژییە نشتمانییە «پڕۆژەی ڕووناكی» هەوڵ دەدەن ناشیرینی بكەن، یان بەربەست و ئاستەنگی بۆ دروست بكەن و سەركەوتوو نەبێت.
بە حوكمی ئەوەی من خۆم بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبام لە هەولێر و، سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان 17 گەڕەكە و هەموویان لە پڕۆژەی ڕووناكی سوودمەند بوون و كارەبای 24 كاتژمێرییان هەیە، بۆیە زیاتر قسەكانم لەسەر پڕۆژەی ڕووناكی چڕ دەكەمەوە.
بەر لە هەموو شت ئامانج لە پڕۆژەی چاكسازی، ئەنجامدانی ڕیفۆرمێكی هاوچەرخە لە سێكتەری كارەبا و دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێرییە بۆ سەرجەم هاوبەشەكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم پڕۆژەیە پلانێكی تۆكمە داڕێژراوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ سەرجەم سێكتەرەكانی كارەبا «بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشكردن» ڕیك بخرێتەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتی لە چوارچێوەی ئەم سیستمە تازەیە بەپێی پێویستی خۆی كارەبا بەكاربهێنێت و ڕێگە نەدات زێدەڕۆیی بكرێت، یان بە فیڕۆ بدرێت، هەروەها ڕەچاوكردنی باری گوزەرانی خەڵكی كەم دەرامەتە كە پێشان دەبوو هەم پارەی كارەبای موەلیدە بدات و هەمیش پارەی كارەبای نیشتمانی، ئێستا ئەگەر پارەی كارەبای پڕۆژەی ڕووناكی بەراورد بكرێت بەو پارەی پێشتر هاووڵاتی دەیدایە موەلیدە و كارەبای نیشتمانی ئێستا زۆر كەمترە.
ئەم پلانەی بۆ پڕۆژەی ڕووناكی داڕێژراوە دەبێتە هۆكارێك بۆ پێداچوونەوە بە هەیكەلی سێكتەری كارەبا و سەرجەم یاسا و ڕێنماییەكان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەم سیستمە تازەیەی «پڕۆژەی ڕووناكی» پێویستی بە هەیكەلە و یاسا و ڕێنمایی نوێ هەیە.
ئەوەی ئەم ماوەیە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای یەكی هەولێر تێبینیم كردووە لەو 17 گەڕەكەی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان موەلیدە نەماوە، ژینگەی گەڕەكەكان پاك بووەتەوە، لۆدی سەر تۆڕەكانی كارەبا كەم بووەتەوە، كێشەی سووتاندنی بۆرد و محاویلەكانمان نەماوە، هەست بە جۆرێك لە سەقامگیری لە سێكتەری كارەبا دەكرێت.
لە پڕۆژەی ڕووناكیدا هەردوو لا
حكومەت و هاووڵاتی سوودمەند دەبن
پڕۆژەی ڕووناكی لەسەر بنەمای « win – win» كار دەكات، ئەمەش بەو مانایەی لەم پڕۆژەیەدا هەردوولا حكومەت و هاووڵاتی سوودمەندن، كە دەكرێت ئاماژە بە چەند خاڵێك بكەین:
سوودەكانی بۆ هاووڵاتی و هاوبەشانی كارەبا
پڕۆژەی ڕووناكی كە یەكەم هەنگاوی بە كوژاندنەوەی موەلیدەی گەڕەكەكان و شارەكانی نیشتەجێبوون دەست پێدەكات، كە فاكتەرێكی گرنگە بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیان و پاكبوونەوەی ژینگە، لەهەمان كاتدا ڕزگاربوونە لەو جەنجاڵییەی كە وایەری موەلیدەكان لەسەر سیمای گەڕەكانی دروستیان كردووە.
ڕزگاربوونی هاووڵاتییانە لە دڵەڕاوكێی پچڕانی كارەبای نیشتمانی و موەلیدە و، لەمەش زیاتر هاووڵاتی یەك پارە دەدات كە ئەویش پارەی كارەبای نیشتمانییە.
ئەم پڕۆژەیە هاندەرێكە بۆ هۆشیاریی هاووڵاتیان سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كارەبا بەپێی پێویست و بەفیڕۆنەدانی كارەبا.
هاندانێكە بۆ بەكارهێنانی سیستمی سۆلەر لەلایەن هاووڵاتیانەوە، بەتایبەتی كە ئێستا وەزارەتی كارەبا بەرنامەیەكی هەیە بۆ ئەوەی سیستمی سۆلەر تێكەڵی كارەبای نیشتمانی بكات و، ئەو كارەبا زیادییەی كە هاووڵاتیان بە ڕێگەی سیستمی سۆلەر دەیدەنە كارەبای نیشتمانی، دواتر لەكاتی بەكار هێناندا لێی وەردەگرێتەوە.
سوودەكانی بۆ حكومەت
پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا پڕۆژەیەك نییە كە حكومەت قازانجی تێدا بكات، بەڵكو ئەگەر بەراوردی تێچووی یەك كیلۆ وات كارەبا لەسەر حكومەت بكەین كە دەكاتە 120 دینار و حكومەت لە بلۆكی یەكەمی نرخ بە 18 دینار دەیدات بە هاووڵاتی، ئەمە مانای ئەوەیە حكومەت بە ڕێژەی 81%ی تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا دەدات، هاووڵاتیان تەنیا 19%ی دەدەن، بۆیە لەم لایەنەوە ئەگەر پڕۆژەی ڕووناكی ببێتە هۆكارێك بۆ ڕێكخستنەوە و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كارەبا، حكومەت لەم لایەنانەوە سوودمەند دەبێت:
بارگرانیی تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەر حكومەت كەم دەبێتەوە، دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی وەزارەتی كارەبا هێندە باری حكومەت بە بوودجەی قەبە قورس نەكات.
پڕۆژەی ڕووناكی لەسەر ژێرخانی پڕۆژەی سیستمی پێوەری زیرەك بونیاد نراوە كە دەكرێت بڵێین بە ڕێژەی 15-20% بەفیڕۆدانی كارەبای كەم كردووەتەوە، پڕۆژەی ڕووناكی دەبێتە تەواوكاری پڕۆژەی پێوەری زیرەك و ڕێژەی بە فیڕۆدانی كارەبا كەم دەكاتەوە.
بەشێك لە بەفیڕۆچوونی كارەبا دەگەڕێتەوە بۆ هۆكاری تەكنیكی و تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا، لەم پڕۆژەیەدا لۆد لەسەر تۆڕەكانی كارەبا كەم دەبێتەوە و بەفیڕۆچوونی تەكنیكییش كەم دەبێتەوە.
ئەو ڕێژەی 8%ی داهاتی كارەبا كە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی كارەبا تەرخان دەكرێت بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی سێكتەری كارەبا و دروستكردنی وێستگەی كارەبای نوێ.
پڕۆژەی ڕووناكی بە دیجیتاڵكردنی سێكتەری كارەبا دەباتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر، بەتایبەتی كە پارەدان ئەلیكترۆنی دەبێت و پسوڵەی كاغەز نامێنێت.
هۆشیاركردنەوەی خەڵك فاكتەری سەرەكیی پڕۆژەی ڕووناكییە
لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆژەی ڕووناكی بۆ كارەبای 24 كاتژمێری، هاوكات هەڵمەتێك لە میدیا و سۆشیال میدیا وەك ناڕەزایی خەڵك بەرانبەر بە نرخی كارەبای پڕۆژەی ڕووناكی دروست بووە، پرسەكە لێرەدا ئەوە نییە كە كرێی كارەبای پڕۆژەی ڕووناكی لە كرێی كارەبای «موەلیدە و نیشتمانی»ی پێشوو زیاترە، بەڵكو هەوڵێكە بۆ ناشیرینكردنی پڕۆژەكە و ئاستەنگ دروستكردن بۆ سەرنەكەوتنی پرۆسەكە.
بۆ ئەمە پێویستمان بەوەیە كە پڕۆژەی ڕووناكی وەك پڕۆژەیەكی نیشتمانی سەیر بكەین و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەست بە هەڵمەتێكی هوشیاركردنەوە بكەین، لەم بارەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لەبەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، كە ئەم دەستپێشخەرییەی كردووە و ئەم گفتوگۆ گرنگەی لەسەر ئەم پرسە گرنگە ساز كردووە.
پڕۆژەی ڕووناكی ئەو پڕۆژەیەیە كە هەموومان زیاتر30 ساڵە ئومێدی بۆ دەخوازین بۆ ئەوەی كارەباكەمان ببێتە كارەبای 24 كاتژمێری، لە ئێستادا ناكرێت بۆ مەرامی سیاسیی حزبێكی ئۆپۆزسیون، یان ناحەزێك بەرانبەر هەرێمی كوردستان، كاردانەوەمان نەبێت و ڕاستییەكان بۆ خەڵكی خۆمان ڕوون نەكەینەوە. لێرەدا ئاماژە بە نموونەیەكی سادە دەكەم. لەم ڕۆژانەدا لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەسێك ئەوجا بە مەبەست، یان لە نەزانییەوە، وێنەی پسولەیەكی كارەبای داناوە و نووسیویەتی لە ماوەی 18 ڕۆژ 116 هەزار دینار كارەبام بۆ هاتووەتەوە، باشە قەت بووە وەزارەتی كارەبا 18 ڕۆژ جارێك پارەی كارەبا دیاری بكات؟ بێگومان هەر مانگێكە، باشە خۆمان چەندین ساڵە لە ناو واقیعی كارەبای موەلیدە و نیشتمانیین، ئایا 116 هەزار دینار لە بری پارەی موەلیدە و كارەبای نیشتمانی زۆرە، وەك برادەرانیش ئاماژەیان پێكرد، پێداویستیی ماڵێكی ئاسایی بۆ كارەبا لە مانگێگدا 1000-1200 واتە، لەوانەیە بە ئەنقەست زیدەڕۆیی تێدا كردبێت، ئەگەرنا ئەوەشی بۆ نەدەهاتەوە.
بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دەبێت مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و لە مینبەری مزگەوتەكانەوە خەڵك هۆشیار بكەنەوە و ڕاستییەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكەن. دەبێت لە قوتابخانەكانەوە گرنگیی پڕۆژەی ڕووناكی لەلایەن مامۆستایانەوە بۆ قوتابیان ڕوون بكرێتەوە. هەروەها گرنگە وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا دەرگایان كراوە بێت بۆ هۆیەكانی ڕاگەیاندن و بەردەوام ڕاستییەكان بۆ خەڵك ڕوون بكەنەوە، لە هەمان كاتدا گرنگە هۆیەكانی میدیا بە میدیای حزب و كەناڵە سەربەخۆكانیش، چیتر دوای هەواڵی دروستكراوی تۆڕەكانی سۆشیال میدیا نەكەون و بەدواداچوونی ورد لەسەر ڕاستییەكان بكەن و ببنە پردێك بۆ سەركەوتنی پڕۆژەی ڕووناكی و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان، كە دەمێكە هیوا بۆ كارەبای 24 كاتژمێری دەخوازن.
