دایك واتە قوربانیدان ئەگەر منداڵەكەشی نەخۆش بێت دووجار قوربانی دەدات
زۆرن ئەو دایكانەی كە منداڵی نەخۆشیان هەیە و لەگەڵ ئازاری ڕۆڵەكانیان چەشنی مۆمێكی كز هێدی هێدی دەتوێنەوە، (ساجیدە) دایكی دوو تووشبووی تالاسیمیایە، ئەویش وەك یەكێك لەو هەزاران كەسەی كە لە نزیكەوە بە ئاریشە و كێشەكانی ئەو نەخۆشییە ئاشنان، ئەو بەر لە هەموو شتێك داوا لە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەكات، كە بایەخی زیاتر بە تووشبووانی تالاسیمیا بدەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ساجیدە سەبارەت بە منداڵەكانی خۆیشی دەڵێت: «هیوادارم حكومەت و هەموو خێرخوازان ئاسانكاری بۆ تووشبووانی تالاسیمیا بكەن، بۆ ئەوەی لەو ئازارە بەردەوامە ڕزگاریان بێت، ئەویش بە ناردنە دەرەوەیان بۆ چاندنی مۆخ كە تاكە چارەسەری یەكجارییە، دوو كوڕم هەیە تەمەنی گەورەكەیان 15 ساڵە و ئەوی دیكەش 12 ساڵە، زۆر هەوڵمان دا، ناونووسییان بكەن بۆ چوونیان بۆ هندستان، بەڵام گوتیان تەمەنیان گەورەیە و ئەگەری سەركەوتنی نەشتەرگەرییان كەمە، لە هەمووی ناخۆشتر زۆرجار خەڵك پێم دەڵێن ئەو منداڵانە زۆر ناژین و دەمرن، بەو قسەیە ڕۆژی سەد جار دەمرم و دەژیمەوە».
ساجیدە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «كوڕەكانم لە ئێستادا زۆر بێزار و نائومێدن تەنانەت بە زۆر بۆ قوتابخانەیان دەنێرم، كوڕە گەورەكەم هەستەكانی لە ناخی خۆی دەشارێتەوە و هیچم بۆ باس ناكات، بەڵام بچووكەكەیان زۆربەی جار كە لە قوتابخانە دێتەوە دەست بە گریان دەكات و دەڵێت قوتابییەكان گاڵتەم پێدەكەن، لێم دەپرسن لەبەرچی ڕەنگت ئەوەندە زەردە بۆ شكلت ئاوا ناشیرینە، كە دەچنە ناو خەڵك گەورە و بچووك سەرنجیان دەدەن و بە چاوی بەزەیی سەیریان دەكەن، ئێستا وای لێهاتووە جگە لە قوتابخانە بۆ هیچ شوێنێكی تر ناچن، تەنانەت حەز بە سەردانیكردنی ماڵی كەسوكارەكانیش ناكەن، منیش بە بۆنەی ناڕەحەتییەكانی ئەوان تەركی ماڵی زۆربەی كەسوكاری خۆم و هاوسەرەكەمم كردووە، تەنانەت خەسووشم جیاوازی لەگەڵ منداڵەكانی من و نەوەكانی دیكەی دەكات، هەرگیز لە بیرم ناچێت كە شووبرا و ژنە شووبرا و منداڵەكانیان بەردەوام بێ ڕێزیان بە منداڵەكانم دەكرد، تەنانەت هەموویان بێزیان لێ دەكردینەوە، ئەو ڕۆژەی بچووینایە ماڵی هەر یەكێكیان دوای ڕۆیشتنمان ماڵەكەیان دەشووشت و تەعقیمیان دەكرد، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا فەلسەفەی ئەوەیان لەسەر من لێدەدا كە ئەوان منداڵی تەندروست و ساغیان هەیە و منیش منداڵی نەخۆش. هەموو ئەوانە بۆ من بوون بە دەرسێك كە هەر كەسێك منداڵەكانی منی نەوێت ئەمنیش ئەوانم نەوێت و جارێكی دی سەر بە ماڵێكدا نەكەم كە بێز لە جگەگۆشەكانم بكەنەوە، چونكە تووشبووانی تالاسیمیا جگە لە خوێن و دەرمان، زۆر پێویستیان بە دڵنەوایی كردنە، پێویستیان بە پزیشكی دەروونناس و توێژەری كۆمەڵایەتی هەیە، چونكە لە بارودۆخێكی زۆر هەستیار دەژین».
ئەو دایكە دڵشكاوە لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت: «لەگەڵ ئەو هەموو ناخۆشی و ڕووبەڕوو بوونەوەیە هاوسەرەكەشم لە منداڵەكان بێزار بوو، هەر لە سەرەتاوە تاوەكو ئێستا هەموو مانگێك خۆم بە تەنیا منداڵەكان دەبەم بۆ خوێن وەرگرتن، هەر كاتێك داوام لە هاوسەرم دەكرد تا لەگەڵم بێت بۆ نەخۆشخانە، دەیگوت خوێنیان تێ مەكە بابمرن، بەوەش نەوەستا بە دزییەوە ژنێكی دیكەی هێنا و دواجار لە ناو چوار دیوار بەجێیهێشتین».
تالاسیمیا باوترین نەخۆشیی بۆماوەییە كە لە باوانەوە بۆ منداڵان، لە ڕێگەی جینەكانەوە دەگوازرێتەوە. پسپۆڕانی بواری نەخۆشییەكانی خوێن، هێما بۆ ئەوە دەكەن كە ئەم نەخۆشییە دەتوانرێت لە ڕێگەی گواستنەوەی بەردەوامی خوێن بۆ كەسانی تووشبوو كۆنتڕۆڵ بكرێت و لە دەرهاوێشتەكان بەدوور بن، هەروەها چاندنی موخ، ڕێگەچارەی سەرەكییە كە نەخۆشییەكە بە یەكجاری بنبڕ دەكات. لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 4000 توشبووی تالاسیمیا هەن، كە لە بانكی خوێن مانگانە خوێنیان بۆ دابین دەكرێت، بەپێی ئامارەكانیش ڕێژەكە لە هەڵكشاندایە.
