شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ : ئەگەر ئامادەییەكی گەشتیاریی هاوچەرخمان هەبێت، دەتوانین بە دەیان هەزار هەلی كار بڕەخسێنێن
شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە، ساڵانێكیش ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان»، ڕاشكاوانە قسەی لەسەر پرۆسەی خوێندن و هاوسەنگیی بازاڕ و هەلی كار كرد و، بەمجۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.
لە سەروبەندی دەرچوونەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەمی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، لە هەندێك لەو شرۆڤانەی سەبارەت بەو سەركەوتنە گەورەیەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی نۆڤمبەری ساڵی 2024 بەدەستی هێنا، هۆكارەكەیان دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی كە گوتاری ترەمپ ئاراستەی ئەو خەڵكانە بوو كە بە هێزی كار هەژمار دەكرێن، نەك دەستەبژێری ئەكادیمیست و سیاسیی وڵاتەكە، لە شیكارێكی زۆر سادەدا، باسیان لەوە دەكرد كە 60-70% دانیشتووانی ئەمریكا كە دەبنە بڕبڕەی پشتی هێزی كار، ئەو خەڵكانەن كە زانكۆیان تەواو نەكردووە و تەنیا دەرچووی ئامادەیی پیشەیی یان ئەو سەنتەر و ئامۆژگایانەن كە وەك ڕاهێنان بۆ فێربوونی كار كراونەتەوە و ماوەیەك لەو سەنتەرانە مەشق و ڕاهێنان دەكەن بۆ ئەوەی فێری كارێك بن و كارێكیان دەست بكەوێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری پڕۆسەی پەروەردە و فێركردنی هەرێمی كوردستان بكەین و لەگەڵ سیاسەتی بازاڕ و دۆزینەوەی هەلی كار بەراوردی بكەین، ئەوا بە ڕاشكاوی هەست دەكەین لاسەنگییەكی تەواو هەیە و، بەسەدان هەزار گەنجی ئێمە «كوڕ و كچ» زانكۆیان تەواو كردووە و خاوەنی بڕوانامەن، بەڵام نە لە كەرتی گشتیدا دامەزراون نە لەكەرتی تایبەتیش كارێكی شایستەیان دەست دەكەوێت، بەڵام كە سەیری وڵاتی خۆشمان دەكەین وەك هەر وڵاتێكی دیكەی دنیا، هەلی كاری بۆ سەدان پیشەی جیاواز لەسەر ئاستی «پیشەسازی، كشتوكاڵ، گەشتیاری و.. هتد» تیدایە، بەڵام نەمانتوانیوە دەستی كاری پێویستیان بۆ ئامادە بكەین.
بۆیە لەم لایەنەوە من هەڵوەستە لەسەر خوێندنی پیشەیی دەكەمەوە، پێویستە بایەخێكی زیاتر بە ئامادەییە پیشییەكان بدرێت. هەر بۆ نموونە ئەگەر ئێمە وەك هەنگاوی یەكەم ئامادەییەكی پیشەسازیی هاوچەرخمان هەبێت، كۆی ئەو پیشە پیشەسازییانە لەخۆی بگرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەبنە سەرچاوەیەك بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان، یان ئامادەییەكی كشتوكاڵیی هاوچەرخ بكەینەوە و هێزی كاری گەنجەكانمان لە پڕۆژەی گەورەی كشتوكاڵی و بەخێوكردنی پەرلەوەر و ماسی و ئاژەڵدا بخەینە گەڕ، ئەوا بە دەیان هەلی كار دروست دەكەین، لەمەش زیاتر هەرێمی كوردستان بە سرووشتی خۆی وڵاتێكی گەشتیارییە و بەرنامە و پلانەكانیش بەو جۆرەیە كە زیاتر بایەخ بەم كەرتە بدرێت و بە دەیان پڕۆژەی گەشتیاری هەن و دەیان و سەدانی دیكەش لە پلاندان بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن، ئەمانەش بە دەیان هەزار هەلی كار دروست دەكەن، ئەگەر ئامادەییەكی گەشتیاریی هاوچەرخمان هەبێت، دەتوانین بە دەیان هەزار هەلی كار بڕەخسێنێن.
خاڵی سەرەكی و گرنگ بۆ بایەخدان بە ئامادەیی پیشەیی، یان ئەو ئامۆژگا و سەنتەرانەی بۆ ئامادەكاری و فێربوونی كار دەكرێنەوە، ئەوەیە لە ناو سیستمی پەوەردەی هەرێمی كوردستاندا زۆر بە واقیعییانە و لەبەر ڕۆشنایی سیاسەتی ئابووریی بازاڕدا سیستمی خوێندنی خۆمان بگونجێنین، ئەمەش بەوجۆرەی كە لە ناو سیستمی خوێندنی ئێمەدا تاكێكی بەهرەمەندی ئەوتۆ بەرهەم بهێنین كە بازاڕ پێویستی بە بەهرەكەیەتی و پێویستی بەوەیە سوودی لێ وەربگرێت و لە ناو هێزی كاردا ڕەنگدانەوەی هەبێت.
لە لایەكی دیكەوە پێویستە چاودێرییەكی باشتر لەوەی ئێستا هەیە، بكرێتە سەر خۆێندنی قوتابخانە ئەهلییەكان، ڕاستە باری قورسیان لە سەر حكومەت كەم كردووتەوە، بەڵام ئاستی خۆێندن و فێربوونی زمانی دایك وەك پێویست نییە، كەم قوتابی دەبینیت بتوانێت چوار دێڕ بە كوردی بنووسێت، ئەوەی هەیە زمانی بیانی جەختی لێ كراوەتەوە و چەند چالاكییەكی جوراوجۆرە، هەر بۆیە ئەگەر وەك نموونە سەیری بكەین، لە قوناغی 9-12 زۆربەی دەرچووانی پلە نایابەكان لە خوێندنی حكوومین نەك ئەهلی، ئەمەش جێگەی پرسیار و هەڵوەستەكردنە،بۆ بابەتی بزنێس سەرچاوەی یەكەمە لە ئەهلییەكان.
* ڕاهێنانی بەردوامی مامۆستایان كارێكی باشە و كاریگەریی باشی هەیە، بەڵام هەست پێ دەكرێت بەشێك لە وانەبێژەكانی ئاستیان وەك پێویست نییە و زیاتر دەبێت ئامادە بكرێن بۆ ئەوەی مامۆستایان زیاتر سوودی لێ ببینن.
خاڵێكی گرنگتر ئەوەیە ڕێژەیەكی زۆری مامۆستایان لەو دامەزراوەیە خانشین دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی بۆشایی گەورە لەم سلكەدا و پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر كاری لە سەر بكات و نەهێڵێت ببێتە هۆی لەنگبوونی پڕۆسەر پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان.
لە دوماهیدا جەخت لەوە دەكەمەوە، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان هەتا ئێستاش لە پڕۆسەی بونیادنانی نەتەوەداین، هەر لە قۆناغی دروستكردنی ژێرخانەكەدا نین و هەندێك ژێرخانیش كە بۆ پڕۆسەی بونیادنانەوەی وڵات زۆر گرنگە، هێشتا دەستمان پێ نەكردووە، بەڵام لە هەموو ژێرخانەكان گرنگتر پتەویی ژێرخانی سیستمی پەروەردە و فێركردنە، نەتەوە سەركەوتووەكان سێ شتیان كردووە بە ئەولەوییەت بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی نەتەوەسازی، كە بریتین لە «یەكەم پەروەردە و فێركردن، دووەم پەوەردە و فێركردن، سێیەم پەوەردە و فێركردن»، هەر نەتەوەیەك لە بونیادنانی ئەم ژێرخانە سەركەوتوو بێت هەنگاو بۆ قۆناغی پەرەپێدانی بەردەوام هەڵدەگرێت و جیهانی سێهەم بەجێ دەهێڵێت و جیهانی یەكەم پێشوازیی لێ دەكات.
