کاردانەوەی نەرێنی وڵاتان بەرامبەر بە باجەکانی ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لە ڕۆژی سێشەممە 4ی ئازارەوە 25%ی باج لە دژی کەنەدا و مەکسیک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە هەمان کاتدا 10%ی دیکەی باجی گومرگیی لەسەر هاوردەکردنی چین زیاد کرد.
لە بەرامبەر ئەم هەواڵەدا هەر سێ وڵاتی کەنەدا، مەکسیک و چین ڕایانگەیاندووە، کە ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی ئەمەریکا دەگرنەبەر.
کاردانەوەیەک کە ئەگەری تەشەنەسەندنی شەڕی ئابووری لە نێوان ئەم وڵاتانەدا زیاتر دەکات.
بەرپرسانی حکومەتی کەنەدا "گفتوگۆی بنیاتنەر"یان لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی ئەمەریکا ئەنجامداوە، بەڵام هۆشدارییان داوە کە ئامادەن مامەڵە لەگەڵ باجی گومرگی هاوشێوە بکەن.
ڕۆژنامەی گڵۆباڵ تایمز، کە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی چینە، نووسیویەتی، پەکین ئامادەیە ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە بگرێتەبەر و ئەگەری هەیە هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و بەرهەمە خۆراکییەکان لە ئەمەریکاوە بکاتە ئامانج.
ئابووریناسان هۆشدارییان دا لەوەی باجەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر کەنەدا و مەکسیک و چین لەوانەیە زیانێکی زۆر بە ئابووری ئەو وڵاتانە دەگەیەنێت و ببێتە هۆی لەدەستدانی هەلی کار.
گوڵان: سەردار خەلیل
