ڕێورەسمی 97هەمین خولی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار بەڕێوەچوو
لە هۆڵی (دۆڵبی) لە شاری لۆس ئەنجلوسی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا,بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەكتەری سینەمایی و هونەرمەندانی بواری فیلم و سینەما ڕێورەسمی 97هەمین خولی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار بەڕێوەچوو و باشترینەكانی بواری فیلم و سینەما بۆ بەرهەمە نمایشكراوەكانی ساڵی پار دیاریكرا.
لەم ڕێوڕەسمەدا فیلمی سینەمایی(ئانۆرا) سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد و بووە براوەی پێنج خەڵاتی ئۆسكار,خەڵاتی باشترین فیلم وە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ(شۆن بەیكەر),میكی مادیسۆن پاڵەوانی فیلمەكە بووە باشترین خانمە ئەكتەر و خەڵاتێكی ئۆسكاری بەدەستهێنا,هەروەها فیلمەكە خەڵاتی باشترین سیناریۆ و خەڵاتی باشترین مۆنتاژی بەدەستهێنا.
ئەگەرچی ساڵی 2003 بە ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی(The Pianist) بووە باشترین ئەكتەری پیاو,ئەمساڵ بۆ ئۆسكاری 2025 ئەستێرەی سینەمایی(ئەدریان برودی) دووبارە خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا و وەكو باشترین ئەكتەری پیاو دەستنیشان كرا بە ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی (the brutalist).
هەروەها كیران كۆڵكین بە ڕۆڵێگڕانی لە فیلمی(a real pain)وەكو باشترین ئەكتەری پاڵپشت خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا,و خانمە ئەكتەر زۆی سالدانا بە ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی (Emilia Pérez)خەڵاتی ئۆسكاری باشترین خانمە ئەكتەری پاڵپشتی بەدەستهێنا.
بۆ یەكەمجار خەڵاتی باشترین فیلمی دیكۆمێنتاری بەخشرایە فیلمێكی فەلەستینی بە ناونیشانی(no other land)كە ئەم فیلمە باس لە جەنگی فەلەستین دەكات و چیرۆكی گۆڕینی ناوچەی نیشتەجێبوون بۆ ناوچەیەكی سەربازی و وێرانكراو دەگێڕێتەوە,هەروەها ئەم فیلمە دیكۆمێنتارییە لە ساڵی 2019 بۆ 2023 بەرهەمهاتووە.
هەروەها فیلمی ئەنیمەیشنی ئێرانی(لەژێر سێبەری سنەوبەردا)كە لە لایەین حوسێن مولائیمی و شیرین سۆناهی بە شێوەیەكی هاوبەش كاری دەرهێنانیان ئەنجامداوە خەڵاتێكی ئۆسكاری بەدەستهێنا و وەك باشترین كورتە فیلمی ئەنیمەیشن دەستنیشان كرا.
هەروەها براوەی خەڵاتەكانی دیكەی ئۆسكار بەم شێوەیە بوون..
-فیلمی بەرازیلی (i'm still here)خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.
-فیلمی(flow) بووە باشترین فیلمی درێژی ئەنیمەیشن و خەڵاتێكی ئۆسكاری بەدەستهێنا.
-فیلمی(wicked)لە بەرامبەر باشترین دیزاینی بەرهەمێنان و باشترین دیزاینی جلوبەرگ دوو خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا .
-فیلمی(concave)وەك باشترین سیناریۆی وەرگیراو دەستنیشان كرا.
-خەڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین موزیك بەخشراە بە فیلمی(the brutalist).
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
