حەمید ساڵح بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی پەروەردەی پارێزگای دهۆك: پڕۆگرامەكانی خوێندن بە شێوەیەكی گشتی درێژن و لەگەڵ كاتژمێری وانەكان و دەوامی پراكتیكیی قوتابخانەدا ناگونجێت
حەمید ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی پارێزگای دهۆك، یەكێكە لەو پەروەردەكارە بەئەزموونانەی كە ماوەی 15 ساڵ مامۆستای قۆناغی ئامادەیی بووە و ماوەی هەشت ساڵ سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە و بۆ هەشت ساڵیش بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای دهۆك بووە، بەشداری لە چەندیە كۆنگرە و كۆنفڕانسی پەروەردەیی كردووە و بە شێك بووە لە ستافی ڕیفۆرمی سیستمی پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستاندا، لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا «سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان» كۆمەڵێك ڕاسپاردە و پێشنیاری گرنگی پێشكەش بە گفتوگۆكە كرد و بەم جۆرە دید و بۆچوونی خۆی خستەڕوو.
بەڕاستی زۆر خۆشحاڵم كە لەم گفتوگۆ گرنگەدا بەشدار بووم، كە ئەویش گفتوگۆیە لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوانەشی بەشدارن لەم گفتوگۆیەدا هەموویان خەڵكی بەئەزموونن و زۆر باش لە هزر و بیری قوتابیان تێدەگەن و كاریان لەسەر كردووە، هەموو هەوڵیشیان بۆ ئەوە بووە كە قوتابیان بەو ئاستە پەروەردە بكرێن كە لە داهاتوودا ببنە ئەندامێكی باشی كۆمەڵگە و خزمەتی نیشتمانی خۆیان بكەن.
پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان ئاستەنگی زۆری بۆ دروست دەكرێت، بەڵام وێڕای ئەوانەش جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە بكەین كە سەرباری هەموو ئاستەنگەكان كاری زۆر باشی كردووە و بە خەمخۆرییەوە كار لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەكات.
پێش ئەوەی بێم بۆ ئەم گفتوگۆیە، جارێكی دیكە سیستمی پەروەردە و سیستمی ئامادەیی ساڵی 2009 م خوێندووەتەوە، هەروەها گفتوگۆم لەگەڵ چەندین مامۆستا و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی كردووە، بۆ ئەوەی بزانم لەسەر سیستمی ئێستای پەروەردە چ تێبینییەكیان هەیە، لە هەموو ئەمانە چەند تێبینیەكم گەڵاڵە كردووە و دەمەوێت لەم گفتوگۆیەدا بیانخەمە ڕوو:
1- سیستمی بنەڕەتی لە 1-9 ناگونجێت پێكەوە بن، لەبەر ئەوەی جیاوازیی تەمەن زۆرە و ناكرێت قوتابیەكی تەمەن 15 ساڵ لەگەڵ قوتابیەكی تەمەن شەش ساڵ پێكەوە لە یەك قوتابخانەدا بخوێنێن و تیكەڵاو بن، ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی توندوتیژی لە نێوان قوتابیاندا دروست بكات.
2- ئەزموونی نیشتمانیی پۆلی نۆ ئێستا دابەش كراوە بۆ 60% بۆ ئەزموونی نیشتمانی و 40% بۆ ئەزموونی قوتابخانەكان، بكرێتەوە بە 100% بۆ ئەزموونی نیشتمانی، هەروەها دەبێت مەرج هەبێت بۆ بەشداریكردن لە ئەزموونی نیشتمانی و ناكرێت هەموو قوتابیان بەشداری بكەن، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كە ئەم ئەزموونە ببێتە فلتەرێك بۆ ئامادەكردنی قوتابیان بۆ قۆناغی ئامادەیی.
3- لەبەر ئەوەی سیستمی ئەزموونەكان لە پۆلی «9 و 12» بە هەڵبژاردنە، ئاستی قوتابیان بۆ نووسین زۆر لاواز بووە، بۆیە گرنگە گرنگی بەو پرسیارە بدرێت كە پێویستی بە داڕشتن و نووسینە، هەروەها بابەتی داڕشتن لە هەموو قۆناغەكانی خوێندندا زیاد بكرێت.
4- پڕۆگرامەكانی خوێندن بە شێوەیەكی گشتی درێژن، ئەمەش لەگەڵ كاتژمێری وانەكان و دەوامی پراكتیكیی قوتابخانەدا ناگونجێت، چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆر لە بابەتەكان بەتایبەتی لە قۆناغی 12 نەتوانرێت تەواو بكرێن.
5- پڕۆگرامی زانستەكان لە قۆناغی بنەڕەتیدا گرنگیی نەداوە بە زانستەكانی «فیزیا و كیمیا»، بۆیە دەبێت لە نێوان هەموو بابەتە زانستییەكاندا جۆرە هاوسەنگییەك هەبێت.
6- سیستمی سەرپەرشتیاری و بەدواداچوون وەك پێویست نییە «هەڤاڵی ڕەخنەگر» ناوێكی دروست نییە بۆ سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، سەرپەرشتیار یەكەم جار كە سەردانی قوتابخانەیەك دەكات، یەكەم جار ڕێنمایی دەدات، جاری دووەم كە دەچێتەوە هەڵسەنگاندن دەكات، ئێستا سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لەوانەیە پسپۆڕییەكەی زمانی عەرەبی بێت، بۆیە ناتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ زانستەكان، یان مامۆستای زمانی ئینگلیزی بكات، پێشان هەموو پسپۆڕییەك سەرپەرشتیاری تایبەتی خۆی هەبوو، كاتێك دەچوو مامۆستای تایبەتی ئەو پسپۆڕییەی دەبینی، ئەگەر مامۆستا پرسیاری هەبوایە لەسەر بابەتەكە، یان لەسەر شێوازی ئەزموونەكان، پرسیاری لە سەرپەرشتیارەكە دەكرد و ئەویش هاوكاری دەكرد و ڕێنمایی دەكرد.
لە ئێستادا لێژنەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بۆ هەڵسەنگاندنی كۆی بابەتەكان و كۆی پێداویستییەكانی قوتابخانە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ سەردانی قوتابخانەیەك دەكات، ئەو سێ ڕۆژە كاریگەری لەسەر دەوامی قوتابخانەكە دەكات و دوای ئەوە تەواو دەبێت، بەڵام پێشتر سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە ماوەی ساڵەكەدا سەردانی قوتابخانەكانی دەكرد، هەر سەرپەرشتیارێكیش بەپێی پسپۆڕیی خۆی سەردانی دەكرد.
7- كێشەیەكی گشتیی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە «نەبوونی میلاكی پێویست و دروستكردنی قوتابخانەی تازە» بۆیە پێویستە پلانێك هەبێت كە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی قوتابیدا میلاكی تازە زیاد بكرێت و قوتابخانەی تازە دروست بكرێت، بۆ ئەوەی هاوسەنگییەك دروست ببێت و ژمارەی قوتابیان لە پۆلەكاندا زۆر نەبێت.
8- گرنگە بۆ قوتابخانە ناحكوومییەكان كۆمەڵێك مەرج و ڕێنمایی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دابنرێت، بۆ ئەوەی كارەكانی ئەوانیش ڕێك بخرێتەوە و زیاتر لە خزمەتی قوتابیان و مامۆستایاندا بێت.
9- لە سیستمی ئێستا پەروەردە و فێركردنی هەرێمی كوردستان ئەگەر قوتابییەك تەنیا لە یەك وانەدا كەوتبێت، بە دەرچوو لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام ناكرێت نمرەی خوار پەنجا لە تۆماری گشتیی قوتابیاندا هەبێت، بۆیە دەبێت بنووسرێت بە بڕیار دەرچوو و نمرەكەی گەیشتووەتە پەنجا.
10 - گرنگە ساڵانە ڕێز لە مامۆستایان و قوتابیانی پۆلی 12 بگیرێت لەسەر بنەمای هێزی نمرە نەك ڕیژەی دەرچوون، بۆ ئەمە پێوەرێك هەیە، مامۆستایانی بیركاری دەیزانن، ئەمەش واتە هێزی نمرەی پۆلی 12، لەسەر ئەم بنەمایە مامۆستایان ڕێزیان لێ بگیرێت، ئەمە هاندانێكی زۆر باش دەبێت بۆیان و پرۆسەی خوێندنیش پێش دەكەوێت.
11- گرنگی بە یارییە وەرزشییەكانی گۆڕەپان و مەیدان بدرێت و ساڵانە بكرێتە ڤیستیڤاڵێكی گەورەی وەرزشی و هەموو پەروەردە گشتییەكان لەسەر ئاستی شار و قەزاكان بەشداریی تێدا بكەن و، ڤیستیڤاڵەكە لە هەولێر بەڕێوە بچێت، ئەمە هەنگاوێكی زۆر جوان دەبێت كە هەموو قوتابخانەكانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێم كێبركێی وەرزشی لەگەڵ یەكتری بكەن.
