نور فەرهاد: هیچ شتێك مەحاڵ نییە، هەر خەونێكیش هەوڵی بۆ بدەیت دەبێت بە ڕاستی
نور فەرهاد كچە گەنجێكی پڕ وزە و بە توانای شاری هەولێرە، وەكو بلۆگەرێك خاوەنكاری خۆیەتی و بەهرە و تواناكانی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە بینەرەكانی ئاشنا دەكات. نور فەرهاد ساڵی 1999 لە شاری هەولێر لە دایك بووە و هەر لە هەولێر ژیان دەكات، بەشی شیكاری نەخۆشییەكانی لە زانكۆی تیشك خوێندووە، ماوەی چوار ساڵ لە قوتابخانەیەكی ئەهلی وەكو مامۆستای زانست دەست بەكاربووە، لە ئێستاشدا لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە برەو بە بەهرەكانی دەدات و لە گفتوگۆیەكدا ئامانجی دەركەوتنی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«بوونم بە مامۆستا خەونی منداڵیم بوو، هەرچەندە كاری مامۆستایی زۆر دوور بوو لەو بەشەی كە خوێند بووم، بەڵام بەهۆی ئەوەی زمانی ئینگلیزیم زۆر باش بوو توانیم خولی شیاندن ئەنجام بدەم و ببم بە مامۆستا. لەگەڵ ئەوەشدا نزیكەی دوو ساڵە وەكو بلۆگەرێك دەستم بە كاری سۆشیال میدیا كردووە، سوپاس بۆ خوا توانیومە نزیك بم لە ئامانجەكانم و گرنگترینیشیان لای من ئەوەیە كە هەموو ئەو نەوجەوان و كچانەی ڕۆژانە سەیری ڤیدیۆكانم دەكەن ڕووی جوانی ژیانیان پیشان بدەم، فێریان بكەم كە هیچ شتێك مەحاڵ نییە و هەر خەونێكیش هەوڵی بۆ بدەیت دەبێت بە ڕاستی، بۆ ئەوەی سەركەوتوو بیت پێویستە گرنگی بەخۆت بدەیت و بەردەوام خۆت لە پێش هەموو كەسێك و هەموو شتێك دابنێیت و بە هەموو شێوازێك خۆت قبوڵ بكەیت».
سەبارەت بە ئامانجی لە كارەكەیدا دەڵێت: «ئامانجە سەرەكییەكانم ئەوەیە ئیش لەسەر بیرۆكە باو و هەڵەكانی ئافرەت بكەم، كە لە ناو زۆربەی زۆری خێزانەكاندا دەبینین كچ لە تەمەنێكی بچووكەوە وا ڕاهێنراوە كە نەتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت، یاخود متمانەی بە بەهرەكانی خۆی نەبێت و بە ترسێكی زۆرەوە بە قۆناغە هەستیارەكانی تەمەنیدا تێبپەڕێت، ئەوەش كێشەیەكی زۆر گەورەی لە داهاتوودا بۆ دروست دەكات، بەتایبەت كە تەمەنی گەورە دەبێت و تێكەڵ بە كۆمەڵگە دەبێت.
هەروەها لەبەر ئەوەی كچێكی باڵاپۆشم زۆربەی كات شێوازە جیاوازەكانی لەچك و ستایلی جلوبەرگ بە جوانترین شێوە لەگەڵ تێكەڵكردنی ڕەنگەكان نیشان دەدەم، هەتاوەكو ئەو بیرۆكە باوە نەهێڵم كە هەندێك كەس پێیان وایە كەوا ئەگەر كچ لەچك بەسەر بوو ناتوانێ كارەكانی ئەنجام بدات، من لەچك بەسەرم و هەموو ئەو شتانەش كە ئارەزووم هەیە و دەزانم هەڵە نییە و تەنیا لای خەڵك عەیبەیە دەیكەم و خۆم لە ناو قاڵبێكدا ناهێڵمەوە».
ئەو خانمە بلۆگەرە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «زۆر گرنگ و پێویستە كچان و ئافرەتان ئیش بكەن و خاوەنكار و داهاتی خۆیان بن، هەرگیز لەگەڵ ئەو بیركردنەوەیە نیم كەوا بڵێین ئیش نییە و ناتوانین هەموو كارێك ئەنجام بدەین. بە دڵنیاییەوە كە زانكۆت تەواو كرد پێویستە خۆت بەرەو پێش ببەی و بەتایبەتی كە لە ئێستادا دەرچووانی زانكۆمان زۆرە و دەرفەتی كار كەمە، پێویستە كچان خۆیان بەرەو پێشتر ببەن و وابكەن جیاوازتر بن لە هەموو ئەوكەسانەی كە بە دوای كاردا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی بە ئاسانتر كارەكی باشیان دەستبكەوێت».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا ئەو بەربەست و ڕێگرییانە چی بوون كە هاتنە سەر ڕێگەێ دەركەوتنت و دەستپێكردن تاچەند زەحمەت بوو؟ ئەو گوتی: «بە دڵنیاییەوە سەرەتای دەركەوتن زۆر زۆر قورسە، لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا كۆمەڵگە وا بیر دەكاتەوە هەر كچێك دەركەوت ئەوا بێ خاوەنە و ئامانجی لە دەركەوتنی تەنیا خۆ دەرخستنە، بەڵام ئەوە زۆر دوورە لە ڕاستییەوە، من بەشبەحاڵی خۆم خێزانەكەم زۆر دوو دڵ بوون و بە دڵنیاییەوە لە قسەی كۆمەڵگە دەترسان، بەڵام هەبوونی بڕوا و متمانە وای كرد ترسەكانیان بشكێنن و بەو ڕاستییە گەیشتن كە ئەوەی دەیكەم هەڵە نییە و ئامانجم لە دەركەوتنم هەیە. زۆری وا هەن وەكو من ئامانجیان لە دەركەوتنیان هەیە، ئەویش شكاندنی بەربەستەكانە تاوەكو پەیامەكەیان بە زۆرترین كەس بگات. دەركەوتن شتێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر ئامانجێكت هەبێت و بتوانیت شوێنی خۆت لە ناو دڵی بینەرەكانت بكەیتەوە، ئەوە یەكێكە لە جوانترین هەستەكانی دڵخۆشی، بینەرەكانم خێزانی دووەمی منن و زۆر لام گرنگن لەبەر ئەوەی ئەوان هۆكاری سەركەوتنەكانمن، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەوان سەیرت نەكەن یاخود جیاواز نەتبینن بە ئاسانی بەو ڕۆژانە ناگەیت».
نور فەرهاد دەربارەی هاندەرەكانی دەڵێت: «سەرەتا خۆم هاندەری خۆم بووم، لەبەر ئەوەی سوور بووم لەسەر بڕیارەكەم، بە دڵنیاییەوە كەسە نزیكەكانم دایك و باوكم و خوشكەكانم و هاوڕێ نزیكەكانیشم هاندەرم بوون، بە كاتی زۆر قورس تێپەڕیم بە تایبەتی سەرەتاكانی دەركەوتنم، لەبەر ئەوەی لە دڵت گرانە كە خەڵك بێ هیچ هۆكارێك قسەی نەشیاو بەرامبەرت دەكەن، بەڵام بە پێی تێپەڕبوونی كات فێری ئەوە بووم كە هەموو سەركەوتنێك هەنگاوی گەورەی پێویستە».
