نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی پیشاندانی تەرمی بارمتەکان دەکات
ڕۆژی پێنجشەممە 20 ی شوبات ، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پرسی گەڕاندنەوەی تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی کرد و ڕایگەیاند، کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی ئیدانەی شێوازی نمایشکردنی تەرمی ئەو بارمتانە دەكات.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نمایشکردنی ئەم تەرمانە بە ئاشکرا و شێوازی دانانی تابوتەکان بە شتێکی قێزەون و قبوڵنەکراو دەزانێت.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ڕادەستکردنی تەرمی مردووەکان دەبێت بە پابەندبوون بە قەدەغەکردنی مامەڵەی دڕندانە، نامرۆڤانە یان سووکایەتیکردن ئەنجام بدرێت، و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مردووەکان و خێزانەکانیان بە تەواوی مسۆگەر بکرێت.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکانی ململانێکان کرد کە پابەند بن بە ئەرکەکانیان و بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە تەرمی کوژراوەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ بگەڕێنرێتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
