یاسا، هاوسەری شەرعی و مەدەنی
لە هاوسەرگیریی شەرعیدا پێویستە مەرج و پایە (شروگ و اركان)ی پێویست فەراهەم بێت، ئینجا بە تەواو دادەنرێت، وەك لە مادە (3) بڕگە (١)ی یاسادا هاتووە «هاوژینی گرێبەستێكی ئارەزوومەندانەیە لە نێوان پیاو و ئافرەتدا، بە گوێرەی ئەم گرێبەستە هەریەكەیان بۆ ئەوی دیكە حەڵاڵ دەبێت لە ڕووی شەرعەوە، مەبەست لە هاوژینی بریتییە لە پێكهێنانی خێزان لەسەر بنەمای سۆز و بەزەیی و لێپرسراویەتیی هاوبەش. لە هاوسەرگیریی مەدەنیدا ئەوەی گرنگیی پێ دەدرێت بریتین لە «مارەیی ئافرەت، ڕەزامەندیی وەلی ئەمر، جیاوازیی ئایین، بوونی دوو شاهید، واجببوونی بژێوی ژن لەسەر مێرد، فرەژنی، گوێڕایەڵیی ژن بۆ مێرد، مەرج و پێویستییەكانی تەڵاقدان و جیابوونەوە»، بۆ بە دروستدانانی گرێبەستی هاوسەرگیری لە ڕووی شەرع و یاساوە دەكرێت هەندێك لەم بابەتانەیان پێچەوانە بكرێت و كاریگەرییشی نابێت لەسەر دروستیی گرێبەستەكە، بۆ نموونە كاتێك ژن خاوەن مووچەی خۆی بێت دەكرێت بژێوی مێردەكەی ڕەت بكاتەوە، چونكە ئەمە مافێكی تایبەتی خۆیەتی و دەكرێت تەنازولی لێ بكرێت، بەڵام لەڕووی شەرع و یاسا لە هەرێمی كوردستاندا، ناكرێت ئافرەتی موسوڵمان مێرد بە پیاوی نا موسوڵمان بكات، تەنانەت ئەگەر پیاوەكە ئەهلی كتابیش بێت. بۆیە شەرع و یاسا هیچ ناكۆكییەكیان نییە لەگەڵ هەر هاوژینییەك جا لە ژێر هەر ناوێكدا بێت، بە مەرجێك سنووری شەرعی تێدا ڕەچاو بكرێت و مەرج و پایە پێویستەكانی تێدا بێتە دی، بە پێچەوانەوە بە پووچەڵ ئەژمار دەكرێت و ددانی پێدا نانرێت لە ڕووی شەرع و یاساشەوە لە هەرێمی كوردستان.
