یاسا: بژێویی كچ و ئافرەت

یاسا: بژێویی كچ و ئافرەت

بژێوی بریتییە لەو بڕە پارەیەی مرۆڤ خەرجی دەكات بۆ ئەو كەسانەی مافی خەرجیان لەسەر ئەوە لە هاوسەرو منداڵ و خزم، ‎بەگوێرەی ئەحكامی ماددەی ٥٩/ ٢ بژێوی منداڵی كچ لەسەر باوكی تا ئەو كاتەیە كە هاوسەرگیری ئەكات، وە لەدوای هاوسەرگیری وە بەگوێرەی ئەحكامی ماددەی ٥٨ لەیاسای باری كەسێتی بژێویەكەی لەسەر هاوسەرەكەیەتی. ‎لێرەوە پرسیارێك دروست ئەبێت، ئەگەر كچێك هاوسەرگیری كردو پاشان بەهەر هۆكارێك لەهۆكارەكان لەهاوسەرەكەی جیابۆوە، جا ئەگەر هۆكاری جیابوونەوەكە لەلایەن ئافرەتەكەوە بێت یاخود هاوسەرەكەی. ‎پێویستە لەسەرەتاوە دادگا ئەوە یەكلایی بكاتەوە ئایا ئەو ئافرەتە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی هەیە یاخود نا؟ لەبەرئەوەی بەگوێرەی ئەحكامی ماددەی ٥٨ لەیاسای باری كەسێتی بژێوی هەموو كەسێك لەماڵی خۆیەتی، تەنها هاوژین ( ژن ) نەبێت بژێوی لەسەر هاوسەرەكەیەتی.‎لەسەر ئەم بنچینەیەش دادگا لێكۆڵینەوە لەوە ئەكات كە ئەو ئافرەتە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی هەیە یاخود نا؟ ‎هەركات بۆ دادگا ڕوون بۆوە ئەو ئافرەتە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی نیە ئەوا بژێوی لەسەر باوكی دەكەوێت، تەنانەت ئەگەر هۆكاری جیابوونەوەی وەیان تەڵاق دانی لەخودی ئافرەتەكەوە بێت، لەگەڵ بوونی تێبینیەكی گرنگ ئەویش بریتیە لەوەی ئەو ئافرەته بژێوی بۆ ماوەی چاوەڕوانیەكەی

(بەندی) كە سێ قروء یان سێ مانگ، ناكەوێت لەسەر باوكی لەبەر ئەوەی لەوماوەیە بژێویەكەی وەبەگوێرەی ئەحكامی ماددەی ٥٠ لەیاسای باری كەسێتی لەسەر هاوسەرەكەیەتی.

Top