ژمارەیەك هونەرمەندی كورد بەشداری لە بۆنەیەكی جیهانیدا دەكەن و لە رووسیا كۆنسێرتیان دەبێت
پرێزنتەیشنی “کتێبی یادەوەرییەکان” سەبارەت بە بەشداریی گەلی کورد لە سەرکەوتن بەسەر فاشیزم و کۆنسێرت بۆ یادی ۹ ئایار ڕێکدەخرێت
٩ی ئایار کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی میوانداری بۆنەیەکی تایبەت بە سەرکەوتنی گەلانی سۆڤیەت لە جەنگی مەزنی نیشتمانی بەسەر نازییەکاندا دەکات, لە بۆنەکەدا گرنگی تایبەت بەو جەنگاوەرە کوردانە دەدرێت کە لەپاڵ گەلانی دیکەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران ئازایانە و خۆنەویستانە لە پێناو وڵاتەکەیان خەباتیان کرد.
بەرنامەی چالاکییەکە بریتییە لە....
–پێشکەشکردنی كتێبی “کتێبی یادەوەرییەکان، بەشداری کورد لە سەرکەوتنی هاوبەش بەسەر نازییەکاندا ١٩٤١-١٩٤٥”، کە لەلایەن دامەزراوەی پەیوەندییە ڕۆشنبیری و گشتییەکانی ڕووس و کورد, وە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدڕاڵ ئامادە کراوە،نووسینی ئەم كتێبە لە لێدوان و پەیامی كەسانێكی نزیك وەك شایەتحاڵ و خزم و خانەوادەی بەشداربووانی جەنگی جیهانی دووەم سەرچاوەی گرتووە,هەروەها كتێبەكە كۆكراوەیەكە لە ئەرشیفە كۆنەكان و بەڵگەنامە تازە دەرچووەكان و لێكۆڵینەوەو بە دواداچوون لە ڕووداو و مێژووی كەسایەتییەكانی ئەو سەردەمە.
–خوێندنەوەی هونراوە و شیعر بە زمانی ڕووسی و کوردی.
–پێشکەشکردنی چەند پارچە موزیكێكی فۆلكلۆری کوردی لە لایەن چەند موزیكژەنێكی دیار کە لە کوردستانەوە بەشدار دەبن، کە مێلۆدی و گۆرانییەکان بە ئامێری موزیكی کەلتووری کوردی (دەف، قانونوون، عود، شمشاڵ و زووڕنا) پێشکەش دەكەن, هونەرمەندانی بەشداربوو لاوك و بەستە و حەیران پێشكەش دەكەن.
ئەم بۆنەیە كە لە 9/5/2024 لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا بەڕێوەدەچێت, پێشکەشکاری کۆنسێرتەکە دکتۆرە سڤێتڵانە ڕاوەندی فادای گەورە توێژەری پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی (زانستی ئەکادیمیای ڕووسیا) دەبێت.
هونەرمەندانی بەشداربوو پێكدێن لە ئاوازدانەر و هونەرمەندی گۆرانیبێژ زانا جەبەلی كە بە ئامێری موزیكی عود و گۆرانی چڕین بەشدارە,وە كێڤان ئەمین بە ئامێری موزیكی قانوون,وە هەڤاڵ ئەحمەد بە ئامێری شمشاڵ,و فەرمان خەیلانی بە ئامێری زووڕنا,هەروەها خانمە موسیزیان ژینا خوڵقی بە ئامێری دەف.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
