ناوی كوردستان لەسەر شەقام و چێتشخانە و كەشتیی لە جیهان
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پێناسە و دیمەنی جۆراوجۆر لەسەر كوردستان لە شوێنە گشتییەكاندا دەنین، ئەمەش هەندێ جار لەلایەن ڕەوەندی كوردی یان وڵاتانەوە دەكرێت، یەكێك لەوانە: شەقامی (كوردستان) لە شارۆچكەی (سابادیل) كە دەكەوێتە هەرێمی (كەتالۆنیا) لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئیسپانیا، لەسەر تابلۆی شەقامەكە نوسراوە: كورد نەتەوەیەكی هیندۆئەورووپییە، خاكیان دابەشكراوە بەسەر وڵاتانی (عیراق، ئیران، سووریا، توركیا، ئەرمینیا) وەك ناساندنێك بۆ نەتەوەی كورد، یەكێكە لەو تابلۆیانەی كە پێناسەی كورد دەكات. هەروەها چەندین چێتشخانەی كوردی و بە ناو كوردستان لە زۆربەی وڵاتاندا هەن، وەك لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و سوید، كە تابلۆی ناوی كوردستانیان هەڵگرتووە و چەندین خواردنی كوردی پێشكەش بە كوردانی تاراوگە و خەڵكی بیانی دەكەن، هەروەها لەسەر كەشتییەكی بارهەڵگر كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی جەنگی جیهانی، بە گەورەیی ناوی كوردستان نووسراوە.
