هونه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتناسی-2
له پاڵ ئه‌وه‌ی نیگاركێشانی ڕۆژهه‌ڵاتناس (یان ڕۆژهه‌ڵاتناسی) به ئه‌مانه‌ت و وردییه‌وه له تابلۆكانیاندا ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك و سروشتی ئه‌و وڵاتانه‌یان گواسته‌وه كه سه‌ردانیان كردوون، هاوكات به‌رهه‌می ئه‌وان له سیما و بنه‌ما و ڕه‌گه‌زی هونه‌ری ئه‌وروپاش به‌ده‌ر نه‌بوو. هونه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتناسی ته‌نیا له سروشت و ژیانی ده‌ر و ده‌شت، یان نێو شار و بازاڕ و ئاوایی‌دا خۆی قه‌تیس نه‌كرد، به‌ڵكوو ئه‌و هونه‌ره په‌لی بۆ نێو ماڵانیش هاویشت، له‌وێدا گه‌لێك نه‌ریت و ڕواڵه‌تی ژیانی خه‌ڵكی له نێو ژینگه‌ی خۆڕسكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا گواستووه‌ته‌وه، وێنه‌ی كه‌ره‌سته و كه‌ل و په‌لی نێو ماڵ و مزگه‌وت و ده‌ربار و حه‌ره‌م سه‌را و شوێنانی دیكه‌ی ژیانی خه‌ڵك و به‌رپرس و ههمهجۆر چینه‌یلی كۆمه‌ڵایه‌تیی كێشاوه.
ئا/ تاریق كارێزی
هه‌رچه‌ندی له ڕواڵه‌تی گشتیی هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌دا تایبه‌تمه‌ندی هه‌بێت، كه به‌رهه‌می ئه‌وان له نێو بازنه‌ی ژیانی ڕۆژهه‌ڵاتدا ده‌خولێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر یه‌كه‌یان بابه‌تی هه‌ڵبژارده و تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، هه‌ر هونه‌رمه‌نده به ته‌كنیك و شێوازی خۆی تابلۆی كێشاوه، به‌و جۆره‌ی شه‌یدای ڕۆژهه‌ڵات بووه، له تابلۆدا نه‌خشاندوویه‌تی، تێكڕاش ده‌چنه نێو بازنه‌ی هونه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتناسییه‌وه. ئه‌م هونه‌ره‌ی دارای گه‌نجینه‌یه‌كی مه‌زنه له مێژووی هونه‌ری نیگار له جیهاندا.
سه‌ده‌ی نۆزده‌م سه‌رده‌می زێڕینی هونه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتناسییه، تێیدا هونه‌رمه‌ندان پتر وابه‌سته‌ی دیمه‌نی حه‌ریم و ڕاو و شه‌ڕ، یان سروشت وه‌ك بیابان و مێرگ و ژیانی نێو شار بوون. له‌و سه‌ده‌یه‌دا هونه‌رمه‌ندان بایه‌خ به ته‌رزی ته‌لارسازی و پۆشاكی ڕۆژهه‌ڵاتیان ده‌ده‌ن، زۆر به وردی دیمه‌ن ده‌گوازنه‌وه، هه‌ندێك جار به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به بێ ئه‌وه‌ی بێنه ڕۆژهه‌ڵات، هونه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتناسییان كردووه، له خه‌یاڵدانی به پیتی خۆیان و به پشت به‌ستن به سه‌رچاوه‌ی گه‌ڕیده و ڕۆژهه‌ڵاتناسان، هزر و خه‌یاڵی خۆیان زاخاو داوه، شاكاری نه‌مریان ئه‌فراندووه. له ساڵی 1880 به دواوه بابه‌ت له لای هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتناس گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، ئیدی ئه‌وانه له خه‌یاڵه‌وه به‌ره‌و واقیع ده‌گه‌ڕێنه‌وه، بایه‌خ به بابه‌تی وردی ژیانی دانیشتووان ده‌ده‌ن و به‌شێكی بابه‌ته‌كانی پێشوو فه‌رامۆش ده‌كه‌ن. له‌مه‌شدا هونه‌رمه‌ندان به ته‌واوی وابه‌سته‌ی واقیع ده‌بن نه‌ك واقیعی خه‌یاڵكرد.
ئه‌و پیشانگایه‌ی له ساڵی 1893دا له هۆڵی ڕۆژهه‌ڵاتناسان له پاریس بۆ هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتناس كرایه‌وه، به‌رهه‌می ده‌سته‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتناسی ئه‌ڵمان، ئینگلیز، ئیتالی و ئه‌مریكای گرته خۆ، ئه‌وانه‌ی گه‌شتیان بۆ میسر و وڵاتانی باكووری ئه‌فریقا و ئه‌سته‌نبووڵ كرد بوو. ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی تۆكمه بوو بۆ ئاماده بوون و كاریگه‌ریی هونه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتناسی، كه دواتر له گه‌لێك مۆزه‌خانه و هۆڵی شاره‌كانی ئه‌وروپادا چه‌ندین جار نمایش كرانه‌وه.
په‌یوه‌ست به هونه‌ری شێوه‌كاری (په‌یكه‌ر و نیگار به تایبه‌تی)، ڕه‌وتی هونه‌ر له لای گه‌لانی ئه‌وروپا له هه‌ردوو شارستانیه‌تی گریك و ڕۆمه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. میراتی هونه‌ری ئه‌و جووته شارستانیه‌ته به‌شێك بوو له بزاڤی ڕێنیسانس كه له سه‌ده‌ی پازده‌یه‌مه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، به شۆڕشی پیشه‌سازی و چاكسازیی ئایینی، هه‌نگاوی گه‌وره‌ی به‌ره‌و پێش نا، ده‌بینین له چه‌ند شارێكی وه‌ك ڤینیسیا و جهنوه له ئیتالیا، بیلمهتی وه‌ك مایكل ئه‌نجیلۆ و لیۆناردۆ داڤینشی په‌یدا ده‌بن، به‌م جۆره هونه‌ری نیگار و په‌یكه‌ر له وڵاتانی ئه‌وروپا و میلله‌تانی ئه‌وێ ده‌بێته خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی به‌هێز، به تایبه‌تی كه ئایینی كریستیان بۆ هونه‌ری شێوه‌كاری هانده‌ر و پشتیوانه.
