سەرۆكی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی مەڵبەندی گشتی هەولێر: پێویستە مێژووی كۆمەڵە بپارێزرێ

سەرۆكی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی مەڵبەندی گشتی هەولێر: پێویستە مێژووی كۆمەڵە بپارێزرێ

ساڵی ١٩٧٢ كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی لقی هەولێر بە سەرۆكایەتی تەڵعەت سامان دامەزرا، لقی ڕواندز وەكو بەشێك لە لقی هەولێر لە ١٦ی ئابی ١٩٧٧ دەستی بە كار كرد و، لقی هەڵەبجەش ساڵی ١٩٩٨ مۆڵەتی كاری لە لقی هەولێر وەرگرت، لە سەرەتای حەفتاكان مەودای چالاكی فراوانتر بوو و كۆمەڵ بەهێزتر دەركەوت.
لە پەنجا ساڵەی دامەزراندنیدا (كەریم بایز) سەرۆكی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردیی مەڵبەندی گشتی هەولێر بەم شێوەیە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.

لە ساڵی 1972 لە هەولێر تەنیا یەك گرووپ هەبوو، ئەویش تیپی هونەری كوردی بوو، هونەرمەندان هەستیان كرد كە بۆشاییەكی گەورە لەم بوارەدا هەیە و بیریان لە دامەزراندنی كۆمەڵەیەك كردەوە، ئەوە بوو كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردیی مەڵبەندی گشتی لەلایەن كۆمەڵێك هونەرمەند و نووسەری گەورەوە، لەوانە محمد مەولوود مام، خەلیل، تەلعەت سامان و ئەكرەم خامۆش دامەزرا، كۆمەڵەكە لە 7/13/1972 ڕەزامەندیی وەرگرت، سەرەتا سەر بە سلێمانی بوو، زۆربەی هونەرمەندان و نووسەرانی شاری هەولێر پەیوەندییان بەو كۆمەڵەیەوە كرد، لە دوای ساڵی 1975 ناوی كۆمەڵەكە لەلایەن رژێمی بەعسەوە گۆڕدرا بۆ كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی كوردی.

سەرۆكی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی مەڵبەندی گشتی هەولێر: پێویستە مێژووی كۆمەڵە بپارێزرێ

دامەزراندنی كۆمەڵەی هونەر و ئەدەبی كوردی یەكێكە لە دەسكەوتەكانی شۆڕشی ئەیلول و ڕێككەوتنی ئازاری ساڵی 1970، كۆمەڵەكە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە بواری هونەری كوردیدا هەبووە، ڕۆڵەكەی هاوشانی رۆڵی پێشمەرگە بوو لە بەرگریكردن لە كوردستان و شوێنی كۆبوونەوەی نووسەران، هونەرمەندان بوو، جێگەی شانازییە كە ١٣ ئەندامانی كۆمەڵە بە مەبەستی بەرگریكردن لە خاكی كوردستان شەهید بوون، كە ئەندامی چالاك بوون. ئەو شانۆگەریانەی كە پێشكەشمان دەكرد لە نیگەرانییە قووڵەكانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگەوە سەرچاوە دەگرت، لە ساڵی 1977 دوای واژۆكردنی رێككەوتنی جەزائیر (محەمەد مەلود) شانۆگەریی (پیلان)ی نووسی، لە دەرهێنانی هونەرمەند تەلعەت سامان بوو، بۆ ماوەی 25 رۆژ لە شاری هەولێر نمایش كرا، پاشان بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شاری كۆیە نمایشمان كرد، هونەرمەند مەهدی ئومێد بە بڵندگۆیەك بانگهێشتی هاووڵاتیانی دەكرد بۆ سەیركردنی شانۆگەرییەكە، لە سێیەم ڕۆژدا پیاوانی حیزبی بەعس لە شاری كۆیە ڕێگەیان نەدا بەردەوام بین لە نمایشكردن، جارێك، خوالێخۆشبوو فەلەكەدین كاكەیی سەردانی كردین و گوتی: «لە كاتی نمایشكردنی ئەو شانۆگەرییەدا لە سووریا بووم، بیستم چیتان كرد»، ستایشی ئەم بەرهەمە شانۆییە و ڕۆڵی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی كرد.هەروەها لە كاتی بۆردومانكردنی هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی، شانۆگەریی (شاری سەلامەت)مان بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ پێشكەش كرد، وەك دەربڕینی خۆشەویستی و هاوسۆزیمان لەگەڵ قوربانییەكان، حیزبی بەعس نەیهێشت بەردەوام بین لە نمایشكردنی.
كەریم بایز هەروەها دەڵێت: «چەندین پێشانگە و سیمیناری رۆشنبیری و هونەریمان ئەنجام داوە، لە بواری گۆرانگیوتن، هەروەها هاوكاریی هونەرمەندان محەممەد جەزا و قادر زیركمان كرد، جگە لە بووژانەوەی فێستیڤاڵە هونەرییە زۆرەكانی پێش ڕاپەڕین، سەرەتاكانی سەمفۆنیای كوردی لە ڕێگەی كۆمەڵەوە بوو، لە بواری شانۆ و درامادا چەندین زنجیرەمان پێشكەش كرد، یانەی سینەمامان كردەوە فیلم نمایش دەكران، چەندین خولمان كردەوە لە بواری نواندن و گۆرانی و ئامێری مۆسیقا بۆ گەشەپێدانی بەهرەی گەنجان، ئێستا ژمارەی ئەندامەكانمان نزیكەی (600) ئەندامە.»
سەرۆكی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی مەڵبەندی گشتی هەولێر ئاماژەی بەوەش كرد كە قۆناغی هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو لە هەموو ڕوویەكەوە بە قۆناغێكی زێڕین دادەنرێت بۆ هونەری كوردی، ئێمە تا ئێستاش بەردەوامین و هەوڵمانداوە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەدا بگونجێنین، كە لە كۆمەڵگەدا ڕوویان داوە، لە كاتی شەڕی تیرۆردا ئێمە شانبەشان بەشداریمان دەكرد لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە هەموو میحوەرەكاندا شانۆگەریی شەقاممان پێشكەش دەكرد، پێش ریفراندۆم چەندین چالاكیی جۆراوجۆرمان ئەنجام دا، لەوانەش پیشاندانی شانۆگەریی (ئاڵای سەربەخۆیی)، كە یەكێك بوو لە بەرهەمەكانم كە لە شاری هەولێر پێشكەشمان كرد، بەڵام دوای ئەوەی ڕۆڵی شانۆ لە كۆمەڵگادا كەم بووەوە و روومان كردە دراماكان، چونكە نزیكترە لە هاووڵاتییان.
دەربارەی پێداویستەكانیان سەرۆكی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كورد گوتی: «تا ساڵی 2013 ئێمە مینحەیەكمان لە حكومەتی هەرێم وەردەگرت، بەڵام دواتر لێمان بڕا و ئێستا هەموو كارەكانمان خۆبەخشانە ئەنجام دەدەین، لەوانە دراماكانی (ئۆمەر دەگەڕێتەوە –بەشی دووەم، ئاوێنە)، بە هۆی هاوكارینەكردن لە كۆی پێنج لق تەنیا دوو لق ماوە».
كەریم بایز ئاماژەی بەوەشكرد كە لە یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كورددا، ژمارەیەك لەو هونەرمەندانەی تەمەنێكی زۆریان لە كۆمەڵە بەسەر بردووە، خەڵات دەكەین، هەروەها كتێبێكمان بە ناوی كار و چالاكییەكانی كۆمەڵە چاپ كردووە، هیوادارین ئەوانەی لە دوای ئێمە دێن بتوانن درێژە بەو كاروانە بدەن، چونكە كۆمەڵە مێژوویەكی پڕشنگداری هەیە و پێویستە بپارێزرێت.

Top