شەعبان خەلیل بەرواری قایمقامی قەزای ئاكرێ بۆ گوڵان: بەم نزیكانە لێژنەیەكی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەدواداچوون و دیراسەتكردنی داواكاری و پڕۆژەكانی ئاكرێ دەستبەكار دەبێت
ئاكرێ شاری نێرگز و یادكردنەوەی جەژنی نەورۆز، ڕووبەرێكی 725 هەزار دۆنم زەوی هەیە و، ژمارەی دانیشتووانەكەی 200 هەزار كەسە، زۆربەی دانیشتووانەكەی لە ناو سەنتەری قەزاكە نیشتەجێن و ناحیەكانی بجیل و دینارتە و گردەسێن و 261 گوند لەخۆ دەگرێت. بە مەبەستی بەسەركردنەوەی قەزاكە و چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و داواكارییەكانیان، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ شەعبان خەلیل بەرواری قایمقامی قەزای ئاكرێ سازدا، لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* ئاكرێ بە شێوەیەكی زۆر خێرا فراوان و گەورە بووە و ژمارەی دانیشتووانەكەشی زیاد بووە، وەكو دەڵێن، ئاكرێ ئاكرێی جاران نییە، لەگەڵ ئەم گەورەبوونەشی پێویستی بە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئاكرێ دەستی پێ كردەوە؟ گرنگترینی ئەو پڕۆژەیانە چین كە لە پلان و بەرنامەدایە بۆ خەڵكی ئاكرێ جێبەجێ بكرێن؟
- لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی شەڕی داعش و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستانـەوە كە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە دژ بە خەڵكی كوردستان جێبەجێ كرا، ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی دارایی بووینەوە كە وێڕای پاشەكەوت و دواكەوتنی پێدانی مووچە، زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش ڕاگیرابوون، لە سەردەمی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتیشدا گرفتی گەورە لە بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا دروست بوو، بە خۆشحاڵییەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا توانرا بە سەر زۆربەی ئاستەنگ و بەربەستەكاندا زاڵ بین و، مووچەكان لە كاتی خۆیدا دابەش كرا و وردە وردە كاركردن لە پڕۆژەكانیش، بەتایبەتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەستیان پێ كردەوە، وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا درێخییان نەكردووە لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ هەموو قەزا و ناحییەكان، من وەكو قایمقامی قەزای ئاكرێ كە ماوەیەكی كەمە بە وەكالەت دەستبەكار بووم، لەگەڵ ئەوەشدا وردەكارییەكی زۆرن و داتاو زانیاریی باشم لەسەر كەموكورتییەكان و پێداویستییەكان و داواكارییەكانی خەڵكی خۆشەویستی ئاكرێ كۆ كردووەتەوە.
قەزای ئاكرێ و خەڵكەكەی بە سەنتەری قەزاكە و ناحییەكان و گوندەكانی دەوروبەریەوە گرفت و كێشە و داواكاریی زۆریان هەیە، بە هۆی فراوانبوونی خێرا و گەورەبوونی قەزاك ەو هەڵكشانی ژمارەی دانیشتووانەكەی بۆ 200 هەزار كەس، كە 60%ی لە ناو سەنتەری شاری ئاكرێ نیشتەجێن، پێداویستییەكی زۆر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و پەروەردە و تەندروستی و بوارەكانی دیكە دروست بووە، هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەناهەندەش ئەوەندەی دیكەی بارگرانی لەسەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانمان دروست كردووە، لەگەڵ ئەمەشدا پڕۆژە و كار و چالاكییەكانی وەزارەت و دامەزراوەكانیان لە دروستكردنی ڕێگەوبان و قیرتاوكردنی شەقام و دابینكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەكو پاككردنەوەی شار و ڕاكێشانی ئاو و ئاوەڕۆ و چەندین كار و پڕۆژەی دیكە دەستی پێ كردووەتەوە، بە خۆشحاڵییەوە ئەنجومەنی وەزیران بە دەنگ داواكارییەكانمانەوە هاتووە و لێژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە بۆ بەدواداچوون و دیراسەتكردنی داواكاری و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئاكرێ و دەوروبەری، كە منیش ئەندامم تێیدا، بەم نزیكانە ڕەنگە لەم هەفتەیەدا سەردانی ئاكرێ بكەن و دەست بە كارەكانیان بكەن، پشت بە خودا لە ماوەیەكی نزیكدا ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەی دیكە بۆ قەزای ئاكرێ دەردەچێت. لەلایەكی دیكەوە خودی پارێزگاری دهۆك بایەخێكی تایبەتی بە قەزای ئاكرێ و دەوروبەری داوە و هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونمدا، بەڕێزیان سەردانی قەزاكەی كرد و چەند ناوەندێكی خوێندن و نەخۆشخانەی بەسەر كردەوە و، بەڵێنی جێبەجێكردنی كۆمەڵێكی زۆر پڕۆژەی داوە.
* لەو پڕۆژەیانەی كە بڕیارە ئەنجام بدرێن ڕیزبەندی بە كام سێكتەر و پڕۆژە دەدەن، وەكو ئاماژەتان پێدا پێداویستییەكانی ئاكرێ زۆرن، دەكرێت گرنگترین ئەو سێكتەرانەمان بۆ باس بكەیت كە بەنیازن بیخەنە بەرنامەی كاركردنەوە؟
- گرنگترینی ئەو پڕۆژەیانەی لە پلاندایە و داوامان كردووە لە ناوەندی قەزا و ناحیەكان و گوندەكان جێبەجێ بكرێن، لە سێكتەرەكانی ڕێگەوبان و تەندروستی و پەروەردە و شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و بوارەكانی گەشتیاری و كشتوكاڵدایە، جەنابی پارێزگاری دهۆك پاڵپشتییەكی باشی ئێمەیە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و پێشكەشكردنی باشترین خزمەت بۆ خەڵكی ئاكرێ.
* ئاكرێ ژمارەیەكی باش پڕۆژەی ڕێگەوبانی بۆ جێبەجێ كراوە، ئەمەش بووە هۆی كەمبوونەوەی رووداوی ئۆتۆمبێل و كارئاسانیی باش بۆ هاووڵاتیان و جووتیاران، ئایا هیچ پڕۆژەیەكی دیكەتان لە بواری ڕێگەوبان و شەقام لە بەردەستدایە؟
- پارێزگاری دهۆك بۆ قەزای ئاكرێ بودجەیەكی تەرخان كردووە بە گوژمەی دوو ملیار و 400 ملیۆن و 300 هەزار دینار، بۆ پڕۆژەی چاككردنەوەی ڕێگەوبان و شەقام و دروستكردنی شەقامی نوێی ناو گەڕەكەكان، هاوكات بۆ چاككردنی ڕێگەی ناحیەی دینارتە بە گوژمەی نزیكی چوار ملیار دینار كە 21 كیلۆمەترە، كار لەسەر ئەم ڕێگەیەش بەردەوامە و، ڕێگەی گەلی زنتە و زوراتەسكەش چاك دەكرێتەوە، ئەمە وێڕای قیرتاوكردنی شەقامی قوتابخانە و گەڕەكی دەواجن و كۆنكرێتی شەقامی گەڕەكی شەڤیلكاش، بەم نزیكانە ژمارەیەكی دیكەی پڕۆژەی ڕێگەوبان و نۆژەنكردنەوەش ڕادەگەیەنین. سەنتەری قەزای ئاكرێ و ناحیەكانی لە فراوانبوونی بەردەوامدایە و وەكو ماستەرپلان پێویستیمان بە فراوانكردن هەیە، ناحیەكانی بجیل و دینارتە و گردەسێن زۆر گەورە بوون، ئەم گەورەبوونەش هاوكاتە لەگەڵ تێكچوونی زۆر لە پڕۆژەكانی ڕێگەوبان لەبەر كۆنی و نادروستی، بەردەوامیش هاووڵاتیان پێویستیان بەوە هەیە پڕۆژەكان نۆژەن بكرێنەوە و سیمایەكی جوانتریان هەبێت.
* لە بواری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی كارەبا كە لەگەڵ فراوانبوون و زۆربوونی هاوبەشانی كارەبا، ئاكرێ پێویستی بە كارەبای زیاتر هەیە، ئایا لەم ڕووەوە چ پڕۆژەیەك هاتووەتە جێبەجێكردن؟
- لە ئاكرێ وەكو هەموو قەزاو ناحیەكانی دیكە زۆربەی هەرە زۆری هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە، كە بووە هۆی كەمبوونەوەی بچڕان و سووتانی محاویلە و ڕێكخستنەوەی تۆڕی دابەشكردنی كارەبا و دانانی هاوبەشی كارەبا، بۆ ئەو هاوبەشانەی تۆماری فەرمییان نەبووە و دادپەروەرییەك لە پێدانی كارەبا دروست بوو، بەڵام وەكو بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای ئاكرێ، گەلێك پێداویستیی تایبەت بە ئامێر و ئۆتۆمبێل و كارمەندی شارەزامان پێویستە، چونكە دامەزراندن نییە و كرێكار و كارمەندەكانی دیكە خانەنشین بوون، یان چوونەتە تەمەنەوە، وەكو لە سەرەتای قسەكانیشمدا ئاماژەم پێدا، ڕووبەری ئاكرێ ناوچەیەكی فراوانە و بەردەوام گوندی تێدا ئاوەدان دەكرێتەوە و پێویستمان بە وێستگەی كارەبا و هێڵ و تۆڕی كارەبای نوێ هەیە، بەتایبەتی بۆ گەڕەكە نوێیەكان و ئەو گوندانەی ئاوەدان دەكرێنەوە.
* كەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوارەكانی ئاكرێ و خانووە كەلەپوورییەكانی ئاكرێ بە یەكێك لە شوێنەوارە دێرینەكان دادەنرێت، ئایا لە ڕووی گرنگیدان بە گەشتیاری و شوێنەوار و خانووە كەلەپوورییەكانەوە چی كراوە؟
- ئاكرێ بە شوێنە گەشتوگوزار و دڵڕفێن و جوانەكانی بەناوبانگە، ئەمە وێڕای شوێنەوار و خانووە كەلەپوورییەكانی، لەگەڵ جەنابی پارێزگای دهۆك بەرنامەمان هەیە كە ناوچە گەشتیارییەكانی ئاكرێ نۆژەن بكرێنەوە و، چەند پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانی گەشتیارییش لە ناوچە گەشتیارییەكانی ئاكرێ جێبەجێ بكرێت، لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گوژمەی 900 ملیۆن دینار بودجەی تەرخان كردووە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی خانووە كەلەپوورییەكانی ئاكرێ، لەم چوارچێوەیەشدا قۆناغی یەكەمی ئەم پڕۆژەیە ڕەزامەندیی لەسەر دراوە و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری ئاكرێ بە گوژمەی ١٦٦ ملیۆن ١٢٨ هەزار و ٧٠٠ دینار لەسەر داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار قشڵەی ئاكرێ نۆژەن دەكاتەوە، قشڵەی ئاكرێ یەكێكە لە بینا كەلەپوورییەكانی قەزای ئاكرێ و دەكەوێتە سەنتەری بازاڕی ئاكرێی كۆن، بە یەكێك لە شوێنەوارە گرنگەكانی قەزاكە دادەنرێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەكە سیمایەكی جوانتر بە شارەكە دەبەخشێت. لە ڕووی گەشتیارییشەوە ئاكرێ بە یەكێك لە جوانترین شارەكانی كوردستان دادەنرێت و بە جوانی و سرووشتەكەی ناوبانگی دەركردووە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار سەردانی دەكەن، كۆنترین شوێنی گەشتیاری لە ئاكرێ سەیرانگەی سیپەیە كە دەكەوێتە ناو ڕەزوباخی ناوەندی شاری ئاكرێ و بەرزیی تاڤگەكەی 18 مەترە و سەرچاوەی ئاوەكەش لە كانیی زەركەوە دەڕژێت، شوێنێكی هەمیشەیی گەشتیاری و خاڵێكی گرنگە بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران بۆ دەڤەری ئاكرێ.
* سەبارەت بە پڕۆژەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار بەتایبەتی لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ چی كراوە و چی ئەنجام دەدەن؟
- لە بواری ئاوەڕۆدا، پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆ لە ئاكرێ دروست دەكرێت كە دروستكردنی ئاوەڕۆی سندوقی لە گەڕەكی 11ی ئادار لە نزیك مزگەوتی مێرسیدا لە قۆناغی یەكەمدا و گوژمەی ئەو قۆناغەش (115،920،000)دینارە، لەسەر ڕێژەی15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئاكرێ بۆی خەرج كراوە، هاوكات لە بواری دروستكردنی دیواری پاڵپشت لە چەند گەڕەكێكی قەزای ئاكرێ ژمارەیەك دیواری پاڵپشت دروست كراون، بە مەبەستی پاراستنی شەقام و خانووی ماڵان لە داڕووخان و ڕۆچوون، كە بەی هۆی هەڵكەوتەی ئەو گەڕەكانەوە ئەگەری ڕۆچوونی شەقامەكان هەمیشە لەئارادایە، كە زۆرجار دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان و دروستكردنی ئاستەنگ لە بەردەم هاتوچۆی شوفێراندا، هاوكات وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئاكرێ هەنگاوی گرنگی ناوە، تاوەكو بەم نزیكانە دەست بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە گرنگە بكرێت.
* لە ڕووی پەروەردەوە و تەندروستییەوە، ئایا گرنگترین پڕۆژەكانی تایبەت بە كەرتی پەروەردە لە ئاكرێ چین؟
- پێش دەستپێكی وەرزی خوێندن توانیمان 10 قوتابخانە لە سنووری ئاكرێ نۆژەن بكەینەوە، كە بە خۆشحاڵییەوە لەسەر ئەركی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەكە جێبەجێ كرا، هەروەها چەند بینایەی دیكەی قوتابخانە لە پلان و جێبەجێكردندان. سەبارەت بە كەرتی تەندروستییش بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی 668 هەزار دۆلار بەشی نوێی زارۆك و لەدایكبوون كرایەوە، لە ناو ئەو پرۆژانەی پارێزگاری دهۆك ئامادەی كردووە جێبەجێ بكرێت، هەردوو كەرتی پەروەردە و تەندروستی بایەخێكی زۆری پێ دراوە.
* سەبارەت بە كەرتی كشتوكاڵ كە ئاكرێ بە برنج و بەرهەمی میوەجات ناوبانگێكی زۆری هەیە، ئایا تا چ ڕاددەیەك توانیوتانە پڕۆژە و كاری گەورە لەم ناوچەیەدا ئەنجام بدەن؟
- كەرتی كشتوكاڵ لە ئاكرێ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە، چەند بەنداوێكی كۆكردنەوەی ئاوی باران لە ناوچە جیاجیاكانی ئاكرێ بڕیاری لەسەر دراوە و چەند بەربەستێكی دیكەشی بۆ دروست كراوە. وەك ئاشكرایە لە بارەی برنج و میوەجاتەوە ئاكرێ ناوبانگێكی زۆری هەیە و چەندین دەواجن و شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵی تێدایە، لە بەرنامەدایە سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بكەین، تاوەكو هەرچی پێداویستیی ئەم كەرتە هەیە لەگەڵیاندا باس بكەین، تا لە ڕووی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و دروستكردنی بەنداوەوە گرنگییەكی زیاتر بە ئاكرێ بدرێت.
