ماڤپەروەر بڵند محەمەد مەولود مەم بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بۆ گوڵان: ئێمە وەك حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکمان خستووەتە سەر چاکسازی و زۆرترین ئاسانکاری لە کەرتی بازرگانی و پیشەسازیدا
- پلانمان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی پرۆسەکانی دوای تۆمارکردن، وەك فرۆشتن و زیادکردنی سەرمایە و داخستن ببێتە ئەلیکترۆنی. بەمەش دەبینە یەکەم فەرمانگە کە تەواوی پرۆسەکان بە دیجیتاڵی ئەنجام بدات.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی چەندین دامەزراوەو فەرمانگەی گرنگ و پەیوەنداری بەژیان و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانەوە لە خۆدەگرێت كە یەكێك لەو فەرمانگانە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆكاركردنی كۆمپانیاكانە بەپێی چەندین رێنمایی و رێكارو یاساوە بروانامەی تۆماركردن بە كۆمپانیایی ناوخۆیی(نیشتمانی) و لقی كۆمانیاكانی بیانی دەدات و بۆ ئەوەی بزانین ئەو رێنمایی و یاسایانەچین كە كۆمپانیاكانی پێ تۆماردەكرێت و تا ئێستا چەند كۆمپانیای ناوخۆی و بیانی تۆماركراون و پڕۆسەیی چاكسازی تاچەند كاریگەری لەسەر پێشەوەچوونی هەیە بۆ ئەو پرسیارو چەندین پرسی دیكە ماڤپەروەر بڵند محەمەد مەولود مەم بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی بەوشێوەیەدایەوە .
· سەرەتا دەمانەوێت بزانین بارودۆخی کۆمپانیاکان و چۆنیەتی تۆمارکردنیان چۆنە؟
- بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان یەكێكە لە فەرمانگە گرنگ و هەستیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییە ، ئێمە وەك حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکمان خستووەتە سەر چاکسازی و زۆرترین ئاسانکاری لە کەرتی بازرگانی و پیشەسازیدا بکرێت. لە ئەولەویەتی ئەم کارانەش تۆمارکردنی بزاڤی بازرگانییە کە تۆمارکردنی کۆمپانیا و شوێنکاری بازرگانی دەگرێتەوە. ئێمە بۆ ئەم بابەتە پلانێکی ستراتیژیی درێژخایەنمان داڕشتووە، لەوانە لە ناوەڕاستی ٢٠٢٣ یەکەم سیستەمی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانمان بە شێوەی ئۆنلاین دامەزراند. سیستەمەکە نیشتمانییە و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێم دروستی کردووە و گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیای کەرتی تایبەت نییە. هەروەها چەند یاسایەکمان هەموار کردەوە بۆ خێراکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی كۆمپانیاكان، وەك یاسای ژمارە ١٢، ١٣، ١٤ و ١٥. ئەم یاسایانە وایکردووە پرۆسەکە خێراتر بێت و دەسەڵاتی پێدانی ناوی بازرگانی لە ژوورە بازرگانییەکانەوە گەڕایەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی. ئێستا تۆمارکردنی کۆمپانیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەنجام دەدرێت كە پێشتر ماوەیەكی زۆری پێویست بوو.
· ئایا دەربارەی تێچووی تۆمارکردن، چ گۆڕانکارییەك کراوە؟
- پێشتر تەنیا تێچووی تۆماری ناوەكە سەرووی ملیۆنێك دینار بوو و بەگشتی تێچووی تۆماری كۆمپانیا سێ تا چوار ملیۆن دیناری پێویست بوو، ئەگەر ناوەکە بیانی بووایە زیاتریشی دەویست. ئێستا بەپێی ئەم پرۆسەیە دانراوە لە چاكسازیەكەدا تەنیا بە ١٦٢،٥٠٠ دینار کۆمپانیا تۆمار دەکرێت. هەروەها ناسنامەیەکی دیجیتاڵیمان بۆ کۆمپانیاکان داناوە بەناوی (UEN)((Unique Entity Number کە ژمارەیەکی یەکەی بێهاوتایە و لەژێر ستانداردێکی جیهانیدایە، هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا. ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکانی هەرێم بتوانن لق لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی بکەنەوە. خاڵێکی دیكە، هەر کۆمپانیایەك پێویستە بایۆمەتری بۆ بەڕێوەبەرەکەی بکات، ئەمەش بۆ ئەوەیە بزانین ئایا بەڕێوەبەری ڕێپێدراو فەرمانبەری کەرتی گشتییە یان نا، چونکە فەرمانبەر بۆی نییە ببێتە بەڕێوەبەری کۆمپانیا. ئەمەش وایکردووە هەلی کار بۆ گەنجان زۆرتر بێت.
· ئایا ئاسانکاری بۆ گەنجان و کۆمپانیا نوێیەکان هەیە؟
- بەڵێ، لە سلێمانی لە ڕێگەی نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لە هەولێریش داوامان لە دەزگای ڕوانگە کردووە کە هابێك( (Hub بۆ گەنجان دابنرێت. بەپێی یاسا هەر کۆمپانیایەك پێویستە بارەگای هەبێت، ئێمە جێگەیان بە خۆڕایی بۆ دابین دەکەین بۆ پشتگیریکردنی کۆمپانیا مامناوەند و بچووکەکان تا ئەو کاتەی دەگەنە قازانج. بۆ ئەو پڕۆسەیە لە كارو هەوڵداین لە شارەكانی دیكەی هەرێم جێبەجێ بكرێت. ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەیە كە گەنجەكانمان سوودی زیاتر لێ بەدەستبهێنن.
* ئایا بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و ناوی بازرگانی، چ ڕێکارێك پێویستە؟
- کلیلی چوونە ناو هەر کارێکی بازرگانی، ناوی بازرگانییە. بۆ کۆمپانیاکان، سەرەتا دەبێت بەڕێوەبەرەکە پەنجەمۆری بایۆمەتری بکات و ناسنامەی نیشتمانی و زانیارییەکانی پێ بێت. بۆ کارە بازرگانییەکانی تریش تەنیا پەنجەمۆری بایۆمەتری و ناسنامە پێویستە.
· ئایا بۆ تۆماركردنی كۆمپانیاكان ئاستەنگەکان چین؟
- گەورەترین ئاستەنگ ئەو دژایەتییەیە کە لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە دەکرێت، وەك سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) کە بارگرانییە بۆ کۆمپانیاکان. هەروەها بڕینی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە. جگە لەوەش کێشە جیهانییەکان وەك پەتای کۆرۆنا، شەڕی داعش و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران بەتایبەتی داخستنی گەرووی هورمز کاریگەرییان لەسەر چالاکیی کۆمپانیاکان هەبووە و وایکردووە هەندێکیان چالاکییەکانیان ڕابگرن.
· ئایا لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا ئاماری کۆمپانیا تۆمارکراوەکان چەندە؟
- تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ٤٣,٣٥٨ کۆمپانیا تۆمارکراون. ٣٨,٣٦٢كۆمپانیای نیشتمانی، ٣,٦٤٥ لقی کۆمپانیای بیانی، و ١,٣٥١ کۆمپانیای فیدراڵی کە لقیان لە هەرێم هەیە. لە دوای سیستەمە نوێیەکە، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان دوو هێندە زیادی کردووە، بەڵام بەراوردی ئەمساڵ بە ساڵی ڕابردوو بكەین بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابوورییەی ئاماژەمان پێكرد، تۆمارکردنی كۆمپانیاكان نزیکەی ١٨٪ کەمی کردووە.
· پەیوەندیتان لەگەڵ بەغدا چۆنە؟
- پەیوەندیمان زۆر باشە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە بەغدا، زۆربەی کێشەکانمان چارەسەر کردووە بۆ زیاتر چارەسەری كێشەكان ساڵی ڕابردوو پێنج جار سەردانی بەغدامان كردوو و ئەمساڵ تا ئێستا سێجار سەردانی بەغدامان كردوە ، بەڵام كێشەكان كە ئێستاكە هەیە هیچی پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندار لە بەغدا نەبووە. بەڵكو كێشەكان زیاتر لە بواری هەندێك کێشەی گومرگ و باجەوە بووە كە ئەمانەش کار و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بەردەوامە.
* ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ سەندیکا ناحكومیەكان چۆنە؟
- بەپێی یاسا، هەر کۆمپانیایەك دەبێت ڕاوێژکارێکی یاسایی (پارێزەر) و چاودێرێکی ژمێریاری هەبێت، بۆیە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ سەندیکای پارێزەران و ژمێریاران هەیە.
· ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانە چییە کە سەرپێچی دەکەن؟
- بەپێی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ١٩٩٧ی هەمواركراوی كۆمپانیاكان ئەوە ئەحکامی سزایی بۆ هەر كۆمپانیایەك هەیە كە كاری نادروست و دوور لە ڕێنمایەكان ئەنجامبدات. هەندێ کۆمپانیا کاری فێڵ و تەڵەکەبازی دەکەن، بۆ نمونە وەك کۆمپانیای فۆرێکس (Forex) کە بەشێوەیەکی نایاسایی کار دەکەن، ئێمە بە هاوکاری دەزگا ئەمنییەکان و وەزارەتی ناوخۆ ڕێکاری یاساییمان بەرامبەریان گرتووەتەبەر.
· ئایا بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەچوونی تۆماری كۆمپانیاكان پلانەکانی داهاتووتان چین؟
- پلانمان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی پرۆسەکانی دوای تۆمارکردن، وەك فرۆشتن و زیادکردنی سەرمایە و داخستن هەر هەمووی ببێتە ئەلیکترۆنی. واژۆی ئەلیکترۆنی و پارەدانی ئەلیکترۆنی لەناو سیستەمەکەدا جێگیر دەکرێت، بەمەش دەبینە یەکەم فەرمانگە کە تەواوی پرۆسەکانی بە دیجیتاڵی ئەنجام بدات.
.
