بــــاره‌گـــای بـــارزانی : سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە مەتڕان میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵوێزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد.

بــــاره‌گـــای بـــارزانی :  سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە مەتڕان میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵوێزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد.

ڕۆژی شەممە 16ی ئایاری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە مەتڕان میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵوێزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد.

لەو دیدارەدا باڵوێزی نوێی ڤاتیکان دڵخۆشیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان نیشاندا، و سوپاس و پێزانینی ڤاتیکانی گەیاندە سەرۆک بارزانی و خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە کاتی تەنگانەدا بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ناوچەکانی دیکەی عێراق دا هاتن و دەرگاکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ کردنەوە و پاڵپشت و هاوکاریان بوون بە تایبەت بۆ کریستیانەکان. هەروەها دڵخۆشی خۆی نیشاندا بەو فەرهەنگی پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردنەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و پێکهاتەکان هەست بە ئاسوودەیی و ئاسایش دەکەن و درێژە بە ژیانیان دەدەن.

 باڵوێزی ڤاتیکان سوپاس و پێزانینی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو کە پاڵپشت بوو بۆ بنیاتنانی زانکۆی کاتۆلیکی و نەخۆشخانەی عەنکاوە و چەندین قوتابخانەی تایبەت بۆ کریستیانەکان تا بتوانن بە زمانی دایک بخوێنن. 

لە بەشێکی تری دیدارکەدا، باڵوێزی ڤاتیکان باسی لە دوا سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ڤاتیکان و دوایین سەردانی قەداسەتی پاپا فڕانسیس، پاپای پێشووی ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەکاربوونی وەک باڵوێزی نوێی ڤاتیکان، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا و پشتگیری خۆی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپاتکردەوە. 

سەرۆک بارزانی جەختی لە پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن لە هەرێمی کوردستان کردەوە کە بوەتە کولتوور و کوردستانیان شانازی پێوە دەکەن  و ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن کە ئەم کولتوورە بەردەوامبێت و پەرەی پێ بدرێت. 

هەروەها سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش لە پێناو پاراستنی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بە بێ جیاوازی، لەو پێناوەشدا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە شەهید و برینداربوون بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی ناوچەکە بەبێ جیاوازی. 

هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی قەداسەتی پاپا و حکومەتی ڤاتیکانی کرد بۆ پاڵپشتی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان، و پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشوازییەی لە دوایین سەردانیان بۆ ڤاتیکان لێیان کرا، و هیوای خواست قەداسەتی پاپای ڤاتیکان لە داهاتوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

Top