لوقمان سەعید سدیق بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بۆ گوڵان:تەنیا لە سنووری شاری هەولێر ٦٩ قوتابخانەی نوێ دروستکراون.هەروەها ٣٨٠ قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و ١٠٤ ژووری زیادەش لە چەندین قوتابخانە دروست کراون
لە كابینەی نۆیەمدا بەپاڵپشتی و بڕیاری ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا لە سنووری شاری هەولێر ٦٩ قوتابخانەی نوێ دروستکراون.هەروەها ٣٨٠ قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و ١٠٤ ژووری زیادەش لە چەندین قوتابخانە دروست کراون
لە سنووری شاری هەولێر "ژووری سەرچاوە" لە قوتابخانەکاندا کراونەتەوە بۆ قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەك ئۆتیزم
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆر بە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن دراوە، لە سنووری هەولێر بۆ كەمكردنەوەی كێشەو گرفتی میڵاكات 38هەزار مامۆستا تەنیا بەگرێبەست دامەزراون
پڕۆسەی پەروەردەو خوێندن بۆ هەموو كۆمەڵگایەك لایەنێكی زۆر گرنگ و پێویستە هەر لە كۆنەوە تا لە شۆڕەشەكانیش لە لایەن میللەتی كورد و كوردستان گرنگی زۆر و تایبەت بەو كەرتە دراوە ، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستانەوە بەتایبەت لەلایەن ڕێزدار مسرور بارزانی گرنگی و پاڵپشتیەكی یەكجار زۆر بەو سێكتەرە دراوە وەكو گوڵان بۆ ئەوەی بزانین ئاستی خوێندن و پەروەردە و سستەمەكەی چەند پێشكەوتووە و كێشەو گرفتەكانی چین، ئەو دەیمانەیەمان لەگەڵ بەڕێز لوقمان سەعید سدیق بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ئەنجامدا.
· ئەمساڵ بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەبوو، خوێندن بۆ ماوەیەک ڕاگیرا و دواتر بووە ئۆنلاین. ئایا ئەمە کاریگەری لەسەر ڕەوشی خوێندن دروستکرد؟ هەر بەو هۆكارەوە، ئایا توانراوە پڕۆگرامەکان خوێندن تەواو بکرێن؟
- لەو کاتەدا ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە، بەپێی ئەو ڕێنماییانەی هەبوو، لەگەڵ پەروەردەی قەزاکان کەوتینە سەرهێڵ بۆ ئەوەی باشترین شێواز بۆ قوتابییەکان هەڵبژێرین. بە تەئكید توانیمان چ بە شێوازی ئۆنلاین و چ بە شێوازی دیجیتاڵی لە قوتابخانەکاندا ئەو بابەتانەی هەبوون بگەیەنینە قوتابییەکانمان. پاش ئەوەی پڕۆسەکە ڕاگەیەندرا، لە پێگە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە ئامادەکاری تەواو کرابوو بۆ مەنهەجەکانی خوێندن. دوای ئەوە فیدباکێکی باشمان لە پەروەردەی قەزاکانەوە وەرگرت. گەرچی ناتوانین بڵێین سەد لە سەد ئەوەی لە بیرۆكەماندا بوو بە ئۆنلاین و دیجیتالی ئەنجامدرا، بەڵام تا ڕادەیەکی باش قوتابیان سوودیان لێ بینی. هەندێ قوتابخانە بەرنامەی"زووم"یان بەکاردەهێنا. لە لایەكی دیكەشەوە دیارە خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتالی جێگەی ناو پۆل ناگرێتەوە بەتەواوەتی، بەڵام خاڵە باشەکە ئەوە بوو کە قوتابییەکانمان لە خوێندن دانەبڕان.
· مامۆستای بەڕێز، کۆمەڵگەی ئێمە لە ڕووی داراییەوە زۆربەی لە ئاستی بژێووی
مامناوەند یان خوار مامناوەندن. ئایا دابینکردنی ئایپاد و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت کێشەی بۆ قوتابیان دروست نەکرد لە خوێندنی دیجیتالی و ئۆنلایندا؟
- بێگومان کێشە هەبووە، هەر وەك ئاماژەم پێدا ئەو بیرۆكەیەی دانرابوو سەد لە سەد
نەمانپێکاوە، بەڵام توانیمان ئەو بۆشاییەی دروستبوو پڕی بکەینەوە تاوەكو قوتابیانمان لە پڕۆسەی خوێندن دانەبڕێن. کاتێکیش دەوامی ناو قوتابخانە دەستی پێکردەوە، مامۆستایان بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتی، ئەو وانانەی كە بە ئۆنلاین و دیجیتالی پیادەكرابوو لە ناو پۆلەکاندا دووبارەیان کردەوە.
· ئایا پڕۆگرامەکان لە هیچ قۆناغێکدا بە نیوەچڵی ماونەتەوە یان بلین تەواو نەكراون بەتایبەتی پۆلی نۆ و دوازدە؟
- ئەو پڕۆگرامەی خوێندن كە لە لایەن وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی پڕۆگرامەکانەوە بڕیاری لەسەر درابوو، بە تەواوەتی لە قوتابخانەکاندا تەواو کرا بۆ ئەوەی قوتابیان سوودی لێ ببینن.
· لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، ڕێزدار مەسرور بارزانی جەختی زۆری لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی کەرتی پەروەردە کردبووەوە. جێدەستی ئەم کابینەیە تا چەند دیارە، بەتایبەتی لە ڕووی دروستکردنی بینایەی قوتابخانە و کەمکردنەوەی دوو دەوامی و سێدەوامی؟
- کابینەی نۆیەم لە هەموو سێکتەرەکاندا پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە. ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بە پەرۆشییەکی زۆرەوە تەماشای پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن دەکات. ئەمەش بوو كە وایكرد لەم کابینەیەدا تەنیا لە سنووری شاری هەولێر ٦٩ قوتابخانەی نوێ دروست کراون.هەروەها ٣٨٠ قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و ١٠٤ ژووری زیادەش لە چەندین قوتابخانە دروست کراون. گرینگتر لەوەش چەندین "ژووری سەرچاوە" لە قوتابخانەکاندا کراونەتەوە بۆ قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەك ئۆتیزم. ئەمانە هەمووی دەستکەوتەی گرنگ و كاریگەرن بۆ گەشەو بەرەوپێشەوەچوونی ڕەوتی پەروەردە و خوێندن لە ناو شاری هەولێر و سنوورەكەیدا، هاوكات لەگەڵ بە دیجیتاڵکردنی زۆربەی بوارەکان سێكتەری پەروەردە.
· ڕێژەی دانیشتوانی هەولێر ساڵانە زیاد دەکات و خەڵکێکی زۆریش لە شارو ناوچەی دیكە ڕوویان لە هەولێر دەکەن بەهۆی ئەو گەشە و ئاوەدانی و ئارامییەی هەیە. ئایا ئەمە کێشەی بۆ ئێوە دروست نەکردووە لە ڕووی بینایە و میلاکاتەوە؟
- بێگومان لەوبارەوە کێشەمان هەیە، بەتایبەت لە ڕووی بینایەی قوتابخانە، چونکە بیناییەی
قوتابخانە كە بڕیاری دروستكردن و جێبەجێكردنی بۆ دەردەچێت بە شەو و ڕۆژێك ئەو قوتابخانەیە دروست ناکرێت. بەڵام پلانمان هەیە و چەندین پارچە زەوی لە گەڕەکەکان دابین کراون بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ. زیاتر لە گەڕەکە نوێیەکاندا لۆدمان لەسەرە، چونکە دانیشتوان لەوێ ڕوو لە زیادبوونە. هەر بۆیە لە لایەن حكومەتی كوردستان و وەزارەتی پەروەردە لە بڕیار و بەرنامە هەیە كە قوتابخانەی زیاتر دروست بکەین تاوەكو ژمارەی قوتابخانەكان هاوتەریب بێت لەگەڵ پێداویستی شارو ژمارەی قوتابیان و پڕۆسەكەدا.
· ئایا وەکو پسپۆڕێكی پەروەردەیی سیستەمی خوێندن و پڕۆگرامەکانی ئێستای هەرێمی كوردستان چۆن دەبینیت؟ ئایا لە ئاستی ستانداردێ جیهانییە؟ هاوكات زیاتر سوود لە سیستەمی چ وڵاتێك وەرگیراوە؟
- دەبێت بڵێین سیستەمی ئێمە سیستەمێکی سەربەخۆی هەرێمی کوردستانە. بێگومان سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تریش وەردەگرین، بۆ نمونە لە مۆدێلی یابانی سوودمان وەرگرتووە ، چونکە قوتابی فێر دەکات چۆن لەگەڵ هاوڕێکانی هەڵسوکەوت بکات. ناتوانین بڵێین تەنیا سیستەمی وڵاتێکی دیاریکراوە، بەڵکو تێکەڵەیە و سوود لە هەموو وڵاتان بەتایبەتی پێشكەوتووان وەردەگرین. بێگومان فیدباکەکان نیشانیدەدەن کە لەمبارەوە سەرکەوتوو بووینە و وەزارەت ساڵانە پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەكان دەکات و کەموکوڕییەکان لە هەر شوێنێك و پڕۆگرامێك هەبێت چاكی دەکات. لەوبارەوە بە پێویستی دەزانم لێرەدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆگرامەكان بکەین کە ساڵانە بابەتی نوێ و زانستی زیاد دەکەن.
· بێگومان وەكو هەموو لایەك دەزانین خوێندنی پیشەیی زۆر گرنگە. ئایا ئێوە بەپێی پێویستی بازاڕ کادیر لەو بەشە پیشەیانە ئامادە دەکەن؟
- لەم کابینەیەدا ، كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان تەرکیزێکی زۆر خراوەتە سەر خوێندنی پیشەیی. چەندین پەیمانگای پیشەیی بە زمانی ئینگلیزی کراونەتەوە. ئەو کار و كادیرانەی بازاڕ پێویستی پێیەتی لەو بوارانەدا کار دەکەین و پڕۆسەکە بەردەوامە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم کەرتە.
· میلاکات لایەنێکی گرنگە بۆ پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە. چەندین ساڵەیشە دامەزراندنی فەرمی نییە و بەبڕیارێكیش سێ مەوالید فەرمانبەران و مامۆستایان خانەنشینکران. ئایا ئەمە بۆشایی دروست نەکرد؟ چۆن شوێنەکانتان پڕ کردەوە؟
- میلاکات کارێکی وردە. لە کابینەی نۆیەمدا نزیکەی ٣٨ هەزار مامۆستا بە گرێبەست دامەزران، کە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی كێشەو كەمی مامۆستایان. سەرەڕای ئەمەش هێشتا کێشەمان هەیە، بەڵام ساڵانە لە ڕێگەی لیژنەکانەوە میلاکات ڕێک دەخەینەوە ئەو مامۆستایانەی بوونە گرێبەست و وانەبێژەکان سوودێکی زۆریان هەبووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی میلاکیان کەم بوو.
· تاقیکردنەوەکانی پۆلە ناکۆتاییەکان دەستی پێکردووە. ئایا تاقیکردنەوەکانی پۆلی نۆ و دوازدە کەی و چۆن ئەنجام دەدرێن؟
- پۆلە ناکۆتاییەکان ١٠ ی مانگی پێنج دەستیان پێکرد. پۆلی نۆش لە ١٤ی پێنج دەست پێ دەکات تا ٢٥ ی پێنج بەردەوام دەبێت بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامادەکارییەکان و ڕێکارەکان بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەت جێبەجێ دەكرێن و هۆڵەکانی تاقیكردنەوەش ئامادەن. بۆ تاقیکردنەوەی پۆلی دوازدەش لە 14 ی 6 دەست پێ دەکات. هاوكات بۆ پاڵپشتی و هاوكاری قوتابیان وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی دەرکرد بۆ پێدانی ٥ نمرە بەو قوتابیانەی کە بەو نمرەیە داخڵ دەبن (مافی بەشداری تاقیکردنەوە وەردەگرن). ئەمە هاوکارییەکی باش بوو بۆ ئەوەی ڕێژەیەکی زیاتری قوتابیان بەشداری تاقیکردنەوە کۆتاییەکان بکەن.
· بڕیارێك هەبوو بۆ گۆڕینی ڕەنگی جلوبەرگی قوتابیان بۆ ساڵی
داهاتوو، مەبەست لەم بڕیارە چی بوو؟
- وەزارەت دەیەوێت کەرتی پەروەردە زیاتر بە سیستەم بکات، یەکپۆشی
یەکێکە لەوانە كە ڕەنگی جلوبەگەكان لە ناو قوتابخانەدا لە ڕووی دەروونی و سایکۆلۆژییەوە هەڵبژێردراون؛ ڕەنگی گەرم بۆ قۆناغی سەرەتایی و باخچەکان بۆ ئەوەی وزە و نەشاتیان پێ بدات. ڕەنگە ساردەکانیش بۆ ناوەندی و ئامادەیی بەکاردێن بۆ هێورکردنەوەی قوتابی. سەبارەت بە کڕینیشی، دایك و باوك سەرپشکن لە کوێ دەیکڕن، ئێمە تەنیا ڕەنگ و سیستەمەکە دیاری دەکەین.
· بۆچی زۆرێك لە خەڵك ڕوو لە قوتابخانە ئەهلییەکان دەکەن و پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن، لە کاتێکدا قوتابخانە حکومییەکان ئاستیان زۆر بەرزە و زۆربەی یەکەمەکان لەوێوە دەردەچن؟
- ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئارەزوو و بڕیاری خێزانەکان. ئێمە وەکو حکومەت خوێندنمان بە ئیلزامی کردووە و بینا و پێداویستی دابین دەکەین. لای ئێمە هەموو منداڵێکی ئەم شارە وەك یەکن و هیچ جیاوازییەك لە نێوان قوتابیەك بۆ قوتابیەکی تر نییە.
