خورشت پاش خۆشووشتن
خورشت پاش خۆشووشتن، یان پاش وەرگرتنی دووشی گەرم حاڵەتێكی باوە، هۆكارە هاندەرەكانی بریتین لە: وشكبوونی پێست كە باوترین هۆكارە لە پاڵ گرفتەكە، زیادشووشتنی پێست بە ئاوی گەرم و سابون، كە چەورییە سرووشتییەكانی پێست رادەماڵێت و دەبێتە ئەگەری وشكبوونی پێست و خورشت، لەوانەشە كە ببێتە هۆی قڵیشانی پێست و خوێنبەربوون، بەكارهێنانی لیفكەی دڕ و زیاد خۆشووشتن، ئەكزیما، كە خودی خۆی هۆكارە بۆ وشكبوون و خورشتی پێست، هەروەها زیانی لابەلای بەكارهێنانی ئاوێتەی پاككردنەوە، لەوكاتەی كە گەلێك كەس لەكاتی وەرگرتنی دووشدا پاككەرەوەی بۆندار و ئاوێتەی تایبەتی قژ و سابونی بەهێز بەكاردێنن، كە لەوانەیە ببنە ئەگەری خورشتی پێست و نیشانەی دیكە، بەم حاڵەتەش دەگوترێت هەستەوەری، یان هەوكردنی بەركەوتن Contact dermatitis.
خۆپاراستن و چارەسەر: وەرگرتنی دووشی سارد و ماوەكورت، واباشترە كە رۆژانە تەنیا یەك جار دووش وەربگیرێت، مامەڵەی نەرم لەگەڵ پێستدا و ماڵینی بە شێنەیی، دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ئیسفەنج، یان لیفكەی دڕ، بەكارهێنانی سابون و پاككەرەوەی سووك كە بۆن و رەنگ لەخۆ ناگرن، وشككردنەوەی پێست بە شێنەیی و بە خاولیی نەرم، ئینجا بەكارهێنانی مەرهەم، یان ئاوێتەیەكی شێداركەرەوە كە بۆن و بۆیە لەخۆ نەگرێت، بەكارهێنانی ئامێری شێداركەرەوەی هەوای ژوور Humidifier لە وەرزی زستاندا، چونكە شێداریی هەوا كەم دەبێتەوە و هاندەرە بۆ وشكبوونی پێست.
