گرنگیی ئاوخواردنەوە بۆ نەخۆشانی شەكرە

گرنگیی ئاوخواردنەوە بۆ نەخۆشانی شەكرە

لەگەڵ خواردنەوەی بڕی كەمی ئاودا، چڕیی شەكر لە خوێندا زیاتر دەبێت، واتە ئاستی بەرزدەبێتەوە، ئەمەش روونە كە هەموو ئاڵۆزییەكانی نەخۆشیی شەكرە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێنەوە روو دەدەن. كەمبوونەوەی سادە و توندی شلەی لەش Dehydration لە ئەنجامی كەمخواردنەوەی ئاودا، زیانبەخشە بۆ نەخۆشانی شەكرە، بۆنموونە كەمبوونەوەیەكی سادەی شلەی لەش كە لەوانەیە هەستی پێ نەكرێت، دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن تا 50-100 ملگم لە هەر دێسلیتیرێكی خوێندا بە بەراورد لەگەڵ ئاستی شەكر لەكاتی خواردنەوەی بڕی تەواوی ئاودا، كەمبوونەوەی توندی شلەی لەش هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی زۆر و خێرای ئاستی شەكری خوێن، بۆنموونە لەكاتی رشانەوەی زۆر، یان ژاراویبوون بە خۆراك، ئاستی شەكری خوێن زۆر بە خێرایی بەرزدەبێتەوە لە نەخۆشانی شەكرەدا.

 نەخۆشانی شەكرە پێویستە كە رۆژانە چەند ئاو بخۆنەوە؟ واباشترە كە ئاو بەردەوام لەبەردەست بێت و لەكاتی هەستكردن بە تینوێتی بخورێتەوە، هەرگیز پێویست بەوە ناكات كە یەكێك فشار لەخۆی بكات بۆ ئاو خواردنەوە، بەڵام واباشە كە بە درێژایی رۆژ ئاو بخورێتەوە، بۆنموونە هەتا ئەگەر هەستت بە تینووبوونیش نەكرد، دەتوانیت كە چەند (فڕێك) ئاو بخۆیتەوە، بۆ خۆپاراستن لە كەمبوونەوەی شلەی لەش، چونكە لە نەخۆشانی شەكرەدا هەستی تێنووبوون گۆڕانی بەسەردا دێت.

 

 

Top