مەترسیی خواردنەوە وزەبەخشەكان

مەترسیی خواردنەوە وزەبەخشەكان

نوێترین راپۆرتی زانستیی كۆمەڵەی ئەمەریكیی نەخۆشییەكانی دڵ AHA سەبارەت بە خواردنەوە، یان شلەمەنییە وزەبەخشەكان Energy drinks جەخت دەكاتەوە كە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر ریتمی لێدانەكانی دڵ و، هاندەرن بۆ بەرزبوونەوی پەستانی خوێن و خەوزڕان بە شێوەیەكی بەرچاو، هەروەها پەستی و زووهەڵچوون لەگەڵ كەمبوونەوەی شلەی لەش. خواردنەوەی یەك لیتر لە شلەمەنییە وزەبەخشەكان كە رێژەیەكی بەرزی كافائین لەخۆدەگرن، هۆكارە بۆ شێواندنی ریتمی گرژبوونەوی سكۆڵەی چەپ و سكۆڵەی راستی دڵ، واتە ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ Arrhythmia بە شێوەی خێرابوون، یان سستبوون، یانیش تێكچوونی ریتمی لێدانەكان. توێژینەوە سویدییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە هۆكاری زیانە لابەلاكانی خواردنەوە وزەبەخشەكان تەنیا ماددەی كافائین نییە، بەڵكو هەمووپێكهاتەكانی دیكەی وەكو شەكر، ترشە ئەمینی تاوراین Taurine، گوارانە Guarana، جینسێنگ Ginseng بەیەكەوە لە جۆری جیاوازی خواردنەوە وزەبەخشەكان بەرپرسن لەم زیانە تەندروستییانە، بۆیە پسپۆڕان رێنمایی دووركەوتنەوە لە خواردنەوە وزەبەخشەكان دەكەن، بەتایبەتی بۆ منداڵە هەراشەكان و بەساڵاچووان، لەگەڵ كەسانی تووشبووان بە نەخۆشیی دڵ و پەستانی بەرزی خوێن.

Top