كاریگەرییەكانی تیشكی خۆر لەسەر پێست

كاریگەرییەكانی تیشكی خۆر لەسەر پێست

پێست سوود لە تیشكی خۆر وەردەگرێت بۆ دروستكردنی ڤیتامین D، بەڵام بەركەوتنی زیادی پێست بە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی UV light كە لە تیشكی خۆردایە، زیان بە پێست دەگەیەنێت، ئەم تیشكە هەموو چینەكانی پێست دەبڕێت و كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر خانەكانی پێست، بەركەوتنی پێست بە تیشكی خۆر بە تێپەربووونی كات هۆكارە بۆ: تێكدانی ریشاڵەكانی لاستیكی و كۆلاجینی پێست، كولبوونی پێش شێرپەنجەی پێست Actinic keratosis كە لەوانەیە ببێتە شێرپەنجە، دروستبوونی هێڵ و لۆچبوونی پێست، شۆڕبوونی پێست، فراوانبوونی موولوولە وردەكانی خوێن لەژێر پێستدا، پەیدابوونی پنتی تاریك لە پێستدا، خاڵخاڵبوونی پێست، زەردبوونی رەنگی پێست. توێژینەوەكان ئەمەیان روون كردووەتەوە كە بەركەوتنی پێست بە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بۆ ماوەی چەند ساڵێك، ئەگەری شێرپەنجەی پێست بە رادەیەكی بەرچاو بەرزدەكاتەوە، هەروەها بەركەوتنی راستەوخۆ بە تیشكی خۆر لە نێوان كاتژمێر دە ی بەیانی تا چواری پاش نیوەڕۆ، زیاتر زیان بە پێست دەگەیەنێت، چونكە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لە بەرزترین ئاستدا دەبێت لەم كاتانەدا، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا. هەر سێ جۆرەكەی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی UVA، UVB، لەگەڵ UVC كاریگەریی نەرێنی دەكەنە سەر DNA ی ناوكی خانەكانی پێست، ئەمەش دەبێتە ئەگەری شێرپەنجە، جگە لە لۆچبوون و لەكەی پێست و خۆربردن، كە زیاتر بە كاریگەریی تیشكی جۆری UVB بەدی دەكرێن.

 

Top