سالار ئازید دكتۆرای لەبارەی كەمانچە و ڕۆڵی لە گۆرانی فۆلكلۆری كوردی بەدەستهێنا
سالار ئازید لەبارەی دكتۆراكەیەوە دەڵێت: «تێزی دكتوراكەم لەسەر (آلة الكمان و دورها في غناء التراث الكوردي في أقليم كوردستان العراق) واتا ئامێری ڤیۆلین و رۆڵی لە فۆلكلۆری گۆرانی كوردی لە هەرێمی كوردستان بوو، كە لە زانكۆی عەرەبی-ئەمریكی لە باكووری ئەمریكا و، لە وڵاتی ئەردەن لە عەممانی پایتەخت گفتوگۆ كرا».
تێزەكە باس لەو گۆڕانكارییانە دەكات كە لە ساڵانی١٩٦٠ تا ٢٠١٠ لە گۆرانیی فۆلكلۆری كوردی رووی داوە، بەتایبەت ئەو گۆرانییانەی كە بە ئامێری ڤیۆلین دووبارە وەكو سۆلۆ ژەنیویانە، هاوكات باس لە ناسنامەی گۆرانی و موزیكی كوردی دەكات، لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی گوتنی فۆرمە كوردییەكان لە رووی ئەداو (شێوازی مەقامەكان) كە لە رێگەی ئامێری كەمانچە دووبارە ژەندراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تێزەكە باس لە رۆڵی هونەرمەندانی وەكو مامۆستا ئەنور قەرەداغی و دكتۆر دڵشاد محەمەد سەعید و جەمال ئامێدی و تیپە موزیكییەكانی وەكو تیپی هونەریی هەولێر و رواندز و كەركووك و سلێمانی دەكات.
تێزەكە شێوازێكی نوێی لە رووی شیكردنەوەی میوزیكی رۆڵی خۆی دەبینی، لێژنەی گفتوگۆ پێكهاتبوو لە پرۆفیسۆر محەمەد ئەلغوانمە سەرۆكی لیژنە، پرۆفیسۆر وائیل حەداد سەرۆكی زانكۆی یەرموك، پرۆفیسۆر سوبحی ئەلشەرقاوی، دكتور حوسێن ئەلئەعزەمی.
تێزی دكتۆراكە بەسەرپەرشتيی پرۆفیسۆر دكتور حوسێن ئەلئەنساری و دكتۆر محەمەد حوسێن ئەلباوی سەرپەرشتی هونەری موزیك بەڕێوە چوو، لەلایەن لیژنەكەشەوە بە پلەی نایاب وەرگیرا.
سالار ئازید دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی بەغدایە، بەكالۆریوس و دبلۆمی باڵای لە لە زانكۆی فۆنتیاسی لە وڵاتی هۆڵەندا تەواو كردووە، ماستەری لە زانستی موزیك لە زانكۆی سەڵاحەدین تەواو كردووە، ساڵانێك لە زانكۆی سەڵاحەدین مامۆستا بووە، ساڵانێكیش لە وڵاتی هۆڵەندا مامۆستای موزیك بووە لە پەیمانگەی موزیكی ئاودەنبوش و، لە چەندین ئۆركێسترای جیهانیدا كاری كردووە،
ئەندامی گرووپی ناوداری ئەوروپا بووە لەگەڵ ئۆركێسترای جیهانی، هاوكات سەرۆكی ئۆركێسترای كوردستان بوو بۆ چەند كۆنسێرتێك لە كوردستان و رۆمانیا و، لە زیاتر ٧٠ cd هونەرمەندان كاری كردووە، لەوانەش هونەرمەندی گەورەی عەرەب كازم ئەلساهر كە لە گرووپەكەیدا ئەندام بوو.
سالار بە كاری میوزیك بەشداریی دوو فیلمی جیهانیی كردووە لە هۆلیود، كە فیلمی عەلائەدین بوو، تێیدا ئەكتەری ناوبانگ ویل سمیس رۆڵی سەرەكی دەبینی، لەگەڵ فیلمی ئەترینلس كە ئەكتەری ناودار ئەنجلینا جولی رۆڵی سەرەكیی تێدا دەبینی، هاوكات سالار ئازید لە چەند فیلمێكی دیكەی جیهانیدا موزیكی كوردی و جیهانی ژەنیوە لەگەڵ هونەرمەندی بەناوبانگ میشێل بەنەبیلە .
سالار ئازید گلەیی لە میدیای كوردی دەكات كە ناتوانن پشتیوانی لە هونەرمەندان و هونەری كوردی بكەن و، پێی وایە ئەوە كەموكووڕییە و پێویستە میدیای كوردی پێداچوونەوەیەك بەو كەموكووڕییەدا بكات.
