سەماكاری فلامێنكۆی فەرەنسی «ناتی جیمس» بۆ گوڵان: زۆر سەرسامم بە سەمای كوردی كە هونەرێكی یەكجار بەهێزەو وزەیەكی هاوبەشی قووڵی تێدایە

سەماكاری فلامێنكۆی فەرەنسی «ناتی جیمس» بۆ گوڵان: زۆر سەرسامم بە سەمای كوردی كە هونەرێكی یەكجار بەهێزەو وزەیەكی هاوبەشی قووڵی تێدایە

ناتی جیمس ناسراو بە «لا ناتی»، هونەرمەندێكی فرەڕەهەندە؛ سەماكارێكی فلامێنكۆ و كۆریۆگرافەرە، هەروەها گۆرانیبێژی جاز و ئیمپڕۆڤیزاسیۆنی ناسراو، دانەری میوزیك و ڕێكخەری گۆرانییەكانیشە. لە ژینگەی جازی پاریسدا گەشەی كردووە و دەرچووی «ئەكادیمیای پیانۆی بیل ئیڤانز»ە، بڕوانامەی لیسانسی لە میوزیك و بڕوانامەی DEM لە جازدا هەیە. لا ناتی وزە و هەست و سۆزی فلامێنكۆ لە ڕێگەی هێز و جوانیی سەمای خۆیەوە دەگوازێتەوە.

بە بەردەوامی لە شاری سیڤییا و شانۆ و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان وەك UK Mela Festival، شانۆی Alegrias لە نیویۆرك، Pafos Festival لە قوبرس، Nomads Festival لە مەغریب، دوبای، Festival Arte Flamenco de Mont-de-Marsan، هەروەها لە ژمارەیەك هۆڵی ناسراوی پاریس وەك Sunside، La Chapelle des Lombards، New Morning، Cirque Romanès، Café Universel و La Cigale نمایشی پێشكەش كردووە.

سەماكاری فلامێنكۆی فەرەنسی «ناتی جیمس» بۆ گوڵان: زۆر سەرسامم بە سەمای كوردی كە هونەرێكی یەكجار بەهێزەو وزەیەكی هاوبەشی قووڵی تێدایە

لە ساڵی 2016 یەكەم ئەلبومی خۆی بە ناوی «¡Asín Sí!» بڵاو كردەوە، كە پڕۆژەیەكی تێكەڵكردنی جاز و فلامێنكۆ كە دوازدە میوزیسینی تێدا بەشداربوون.

سەبارەت بە مێژوو و تایبەتمەندییەكانی فلامێنكۆ و پەیوەندیی لەگەڵ هونەری كوردی، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ناتی جیمس كرد.

*چۆن بوو ڕووت كردە فلامێنكۆ؟

-مۆسیقا هەمیشە بەشێك بووە لە ژیانم، لە ماڵێكی فەڕەنسیی پڕ لە مۆسیقای كلاسیك و پۆپدا گەورە بووم. ڕەگ و ڕیشەی «سێڵتی»م لە سەمای داپیر و باپیرمدا لەسەر ئاوازی ئەكۆردیۆن دەبینمەوە. حەوت ساڵان بووم كاتێك بۆ یەكەمجار لە میوانخانەیەكی دوورەدەست گوێم لە ژەنیارێكی گیتاری فلامێنكۆ بوو، جوانیی ئەو ساتە تا ئێستاش لە ناخمدا بە زیندوویی ماوەتەوە.

دواتر كە كارەكانی (پاكۆ دی لۆسیا) و (كامیرۆن دی لا ئیسلا)م ناسی، فلامێنكۆ بوو بە خولیایەكی قووڵ بۆم، ڕەنگە ئەوە گەڕان بێت بەدوای ناسنامە و كولتووری «گەڕۆك»دا كە هەمیشە هەستم پێ كردووە. پێش فلامێنكۆ، گۆرانیبێژی «جاز» بووم لە پاریس و ماستەرم لە مۆسیقاناسی هەبوو، بەڵام بۆ تێكەڵكردنی جاز و فلامێنكۆ، چوومە ئیسپانیا و لەسەر دەستی گەورە هونەرمەندانی وەك (فارۆكیتۆ) و (خوانا ئامایا) فێری سەما بووم. لە ٢٠١٢ـەوە كە یەكەم نمایشم لە سێڤییا پێشكەش كرد، گەشتەكەم وەك ئەزموونێكی ژیانیی ڕاستەقینە دەستی پێكرد و بەردەوامە.

سەماكاری فلامێنكۆی فەرەنسی «ناتی جیمس» بۆ گوڵان: زۆر سەرسامم بە سەمای كوردی كە هونەرێكی یەكجار بەهێزەو وزەیەكی هاوبەشی قووڵی تێدایە

*فلامێنكۆ بە سەمای ڕۆح ناسراوە، ئایا بۆ تۆ بووەتە ئامرازێك بۆ گوزارشتكردن لە ناسنامەی هونەریت؟

-وشەی (سەمای ڕۆح)م زۆر بە دڵ بوو، بە بڕوای من فلامێنكۆ پەیوەندییەكی قووڵە لە نێوان زەوی و ئاسماندا و هەستێكە لە جووڵەی جەستە تێدەپەڕێت. لەسەر شانۆ و لە كاتی پڕۆڤەدا، حاڵەتێكی ڕۆحی دێتە پێش، لەوێدا تۆ جووڵە ناكەیت، بەڵكو جووڵە و وزە تۆ هەڵدەگرن.

لەسەر تەختەی شانۆ، هەموو خەمەكانی ژیانی ڕۆژانە ون دەبن و تەنیا ئامادەبوون و ڕاستگۆیی دەمێننەوە. فلامێنكۆ كەناڵێكە بۆ گواستنەوەی هەست بە ڕاستەوخۆترین شێوە، ئەمەم لە یەكەم نمایشم لە «تابلاو»ی سێڤییا هەست پێ كرد، تێگەیشتم فلامێنكۆ پێشتر لە ناخمدا هەبووە و تەنیا فێربوون نەبووە. لە ٢٠١٧دا كاتێك ئەلبوومی (!Asín Sí)م بڵاو كردەوە، توانیم ئاوازدانان و گۆرانی و سەما تێكەڵ بكەم و لێرەوە ناسنامەی هونەریی من درووستبوو و وەك دەربڕینێكی یەكگرتوو گەیشتە ئەنجام.

*چی فلامێنكۆ لە هونەرەكانی تری جووڵە جیا دەكاتەوە و پێداویستییەكانی چین؟

-فلامێنكۆ تەنیا سەما نییە، بەڵكو زمانێكی مۆسیقیی تەواوە كە تێیدا جووڵە، ڕیتم، گۆرانی و گیتارە لە چوارچێوەی كۆمپاسدا كە پێی دەڵێن «ڕیتمی ڕێكخراو» یەك دەگرن. ئەم كارلێكە بەردەوامە فلامێنكۆ لە هەر هونەرێكی تری جووڵەیی جیا دەكاتەوە.

لە ڕووی تەكنیكییەوە، ئەم هونەرە پێویستی بە ڕاهێنانی ڕۆژانەی سەخت هەیە؛ وەك جووڵەی پێ، خێرایی، هێز و وردی. لە ڕووی جەستەییەوە وەك وەرزشە ئاستبەرزەكان ماندووكەرە، بەڵام لە ڕووی ڕۆحییەوە كارێكی مۆسیقی و هەستیارییەكی قووڵە. جەوهەری فلامێنكۆ لە گوێگرتن و گواستنەوەی هەستدایە، ئەوە گفتوگۆیەكی زیندووە لەگەڵ مۆسیقاژەنان كە هۆشیاری و ئامادەبوونێكی تایبەتی دەوێت.

لە ڕووی دەروونییەوە فلامێنكۆ پێویستی بە پابەندی، ئارامی و خۆبەكەمزانین هەیە، دەبێت قبووڵی بكەیت كە پێشكەوتن كاتی دەوێت، وەك دەڵێن: فلامێنكۆ ئازارت دەدات، بەڵام لە هەمان كاتدا ژیان و وزەیەكی تێدایە كە وات لێ دەكات بەردەوام بیت، چونكە هونەرێكە هەمیشە گەشە دەكات و ئاسۆی نوێ دەكاتەوە.

سەماكاری فلامێنكۆی فەرەنسی «ناتی جیمس» بۆ گوڵان: زۆر سەرسامم بە سەمای كوردی كە هونەرێكی یەكجار بەهێزەو وزەیەكی هاوبەشی قووڵی تێدایە

*فلامێنكۆ حاڵەتێكی ڕۆحیی هەیە پێی دەڵێن «دوێندی» كە سەماكار كۆنتڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات، ئەم حاڵەتە چۆن وەسف دەكەیت؟

-كاتێ باس لە «دوێندێ» دەكرێت، یەكسەر وەسفەكەی «گارسیا لۆركا»م دێتە مێشك؛ شتێكی قووڵ و بێ كۆنتڕۆڵە. بۆ من، دوێندێ ساتێكی تەسلیمبوونی تەواوە، كە تێیدا جەستە دەبێتە كەناڵێك بۆ غەریزە و فیتریات، ئەم حاڵەتە بەمەبەست بەرهەم نایەت، یا دەردەكەوێت یان نا. من ئەم هەستەم لە كاتی سەیركردنی هونەرمەندی وەك فارۆكیتۆ هەست پێ كردووە؛ ساتێكە وەك برووسكە دێت و ڕوخساری نمایشەكە دەگۆڕێت. وەك ئەداكارێك، من بە بیركردنەوە لە دوێندێ ناچمە سەر شانۆ، بەڵكو تەنیا هەوڵ دەدەم ڕاستگۆ و ئامادە بم، هەر ئەم پاكییەش ڕێگە خۆش دەكات بۆ ئەو وزە نهێنییە، كە نازانی كەی و لەگەڵ كێ ڕوودەدات.

* ناوی فلامێنكۆ بە ئیسپانیا بەستراوەتەوە، ئایا تا ئێستاش هەر بەو چوارچێوە جوگرافییە بەستراوەتەوە، یان بووەتە هونەرێكی جیهانی؟

-ڕێكخراوی یۆنێسكۆ لە ساڵی ٢٠١٠ فلامێنكۆی وەك میراتێكی مرۆڤایەتی ناساند، ڕاستە ڕەگ و ڕیشەی ئەم هونەرە لە ئەندەلوسە و ئەوێ ناوەندی فێربوون و ڕەسەنایەتییە، بەڵام فلامێنكۆ سنوورە جوگرافییەكانی تێپەڕاندووە و بووەتە زمانێكی جیهانی. گرنگە ڕێز لە نەریتەكانی بگیرێت، چونكە بنەمای ڕەسەنایەتیین، بەڵام ئەمە ڕێگر نییە لەوەی سنوورەكان ببەزێنێت و لەگەڵ فەرهەنگەكانی تردا ئاوێتە بێت. فلامێنكۆ هی هەر كەسێكە كە بە دڵسۆزی و ڕێزەوە لێی نزیك دەبێتەوە.

*ئێستا كە شێوازی مۆسیقی نوێ پەیدا بوون، ئایا فلامێنكۆ هەمان ڕۆحیەتی ماوە؟

-فلامێنكۆ هێشتا زیندووە، چونكە باس لە هەستی مرۆڤ دەكات، ڕاستە ئێستا شێوازی جیاوازی وەك هیپ-هۆپ و سەمای بازرگانی لە نێو گەنجاندا باون، بەڵام من ئەمە وەك ململانێ نابینم، بەڵكو وەك دەوڵەمەندیی جیهانی هونەر دەیبینم. فلامێنكۆ تایبەتمەندییەك پێشكەش دەكات كە لە ترێندە كاتییەكان بەهێزترە، ئەویش قووڵایی و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەستییە. نەوەیەكی نوێی بەهرەمەند دەبینم كە بە داهێنەرانە ئەم هونەرە دەگوازنەوە و هێشتا دەتوانن ئیلهام لە ناخی مرۆڤدا بچێنن.

*هۆكاری نزیكبوونی ڕۆژهەڵاتییەكان لە فلامێنكۆ بۆچی دەگەڕێتەوە؟

-فلامێنكۆ مێژوویەكی قووڵی لەگەڵ هونەری عەرەبی-ئەندەلوسی و فەرهەنگی قەرەجەكاندا هەیە، ئەم پاشخانە وای كردووە لە نێو كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكاندا دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبێت. هاوبەشییەكی سۆزداری لە شێوەی دەربڕینی خەم و ئازاردا لە نێوان مۆسیقای فلامێنكۆ و مۆسیقای عەرەبی و فارسیدا هەیە. هەمان جدییەت و قووڵایی كە لە هونەری ژاپۆنی یان بالیدا دەیبینین، لە فلامێنكۆشدا ئامادەیە، ئەمە دەیسەلمێنێت كە فلامێنكۆ هەرچەندە ئەندەلوسییە، بەڵام سەر بە هەستێكی مرۆییی فراوانترە كە لە سنوورەكان تێدەگات.

*سۆشیال میدیا چ كاریگەرییەكی لەسەر فلامێنكۆ و هونەرە ڕەسەنەكان هەیە؟

-بێگومان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یارمەتیدەر بوون بۆ ناساندنی فلامێنكۆ بە جەماوەرێكی فراوانتر و دروستكردنی خولیا لای خەڵك بۆ ئەزموونكردنی ئەم هونەرە لە نزیكەوە، بەڵام هێشتا توخمێكی بنەڕەتی هەیە كە شاشەكان ناتوانن جێگەی بگرنەوە، ئەویش ئامادەبوونە. فلامێنكۆ هونەرێكە لە ساتی ئێستادا دەژی، ناوەرۆكی ڕاستەقینەی لە ئامادەبوونی جەستەیی و ئەو وزە هاوبەشەدایە كە لە نێوان مرۆڤەكاندا دروست دەبێت، بە ئیسپانی دەڵێین (compartir y convivir) واتە (هاوبەشكردن و پێكەوە ژیان) ئەم ڕەهەندە مرۆییە تەنیا لە ڕێگەی ئامادەبوونی ڕاستەقینەوە هەستی پێ دەكرێت.

*ئایا تێكەڵ كردنی مۆسیقا بە تەكنەلۆژیاوە، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر هونەرە ڕەسەنەكان نییە؟

-تێكەڵكردنی تەكنەلۆژیای هاوچەرخ و مۆسیقای ئەلیكترۆنی لەگەڵ فلامێنكۆ، ئاسۆی نوێ بۆ ئەم هونەرە دەكاتەوە و وەك پردێك كار دەكات بۆ ڕاكێشانی جەماوەرێكی نوێ. من خۆم لە كارەكانمدا سوود لەم تێكەڵكردنە دەبینم، بەڵام ئەمە نابێتە جێگرەوەی فلامێنكۆیەكی ڕەسەن كە بە قووڵی لە مێژوودا ڕەگی داكوتاوە. نهێنیی سەركەوتنی ئەم تێكەڵاوبوونە لە چۆنیەتی ئەنجامدانی كارەكەدایە، ئەگەر بە ڕێز و بینینێكی هونەریی ناسكەوە بكرێت، دەبێتە دەروازەیەك بۆ ناساندنی فلامێنكۆ بەوانەی پێشتر ئاشنای نەبوون، بێ ئەوەی ڕوحی هونەرە ڕەسەنەكە بشێوێنێت.

*تا چەند ئاشناییت لەگەڵ هونەر كوردیدا هەیە؟

-من زۆر سەرسامم بە سەمای كوردی، هونەرێكی یەكجار بەهێزە و وزەیەكی هاوبەشی قووڵی تێدایە. لە پاریس و لەندەن دەرفەتی ئەوەم هەبوو لەگەڵ مۆسیقاژەنە كوردەكاندا ئەم سەمایە تاقی بكەمەوە، ئەوەی سەرسامی كردم، ئەو جەستە هاوبەشە بوو كە لە ڕیتم و جووڵەی گرووپەكەدا دروست دەبێت و ئینتیمایەكی بەهێزی بۆ كۆمەڵگە تێدا بەدی دەكرێت، هەستم دەكرد مۆسیقای كوردی منی هەڵگرتووە و چوومە ناو حاڵەتێكی ویژدانییەوە. ئەم سەمایە زۆر سەمای نەریتیی (سێڵتی) فەڕەنساییم بیر دەخاتەوە لە كە میراتی بنەماڵەیی دایكمە، چونكە هەمان پەیوەندیی بەهێزی بە زەوی و باو و باپیرانەوە تێدایە. بۆ من سەمای كوردی توانایەكی سەیری هەیە بۆ یەكخستنی مرۆڤ كە دەیگوازێتەوە بۆ حاڵەتێكی سۆزداری و جەستەیی هاوبەش، من ئەمەم تاقیكردووەتەوە.

*سەمای كوردی زیاتر بە كۆمەڵە، بەڵام فلامێنكۆ یەك كەس ئەنجامی دەدات، ئەگەری تێكەڵبوون یان كاری هاوبەشی سەمای كوردی و فلامێنكۆ هەیە؟

-جوانیی فلامێنكۆ لەوەدایە كە ڕێگەت پێ دەدات زمانی تایبەتی خۆت پەرە پێ بدەیت و بە شێوەیەكی تاكەكەسی هەستەكانت دەرببڕیت. ڕاستە لە گرووپەكانی سەماشدا جۆرێك لە هاوئاهەنگی هەیە، بەڵام وزەی هەڵپەڕكێی كوردی جیاوازە، لەوێ دەستگرتن و جووڵەی بەردەوامی گرووپەكە، ڕیتمێكی هاوبەش و دۆخێكی وەها دروست دەكات كە هەمووان دەگەیەنێتە ئاستێكی ڕۆحی و ویژدانی، ئەو وزە هاوبەشە زۆر كاریگەرە و هەندێك سەمای نەریتیم بیر دەخاتەوە لە ئەورووپا، كە تێیدا پەیوەندیی جەستەیی و جووڵەی پێكەوەیی بنەمای سەرەكین، تێكەڵكردنی ئەم دوو جیهانە دەكرێت پرۆژەیەكی هونەریی سەرنجڕاكێش بێت كە وزەی گرووپ و دەربڕینی تاكەكەسی یەك بخات.

*ئامۆژگاریت بۆ هونەرمەندە گەنجەكان چییە، ئەوانەی ڕوو لە هونەرە ڕەسەنەكان دەكەن؟

-هەموو جۆرەكانی سەما پێویستییان بە ڕاهێنانی ڕۆژانە و پابەندیی تەواو هەیە بۆ ناسككردنی جووڵەكان. ئەوەی فلامێنكۆ دەكاتە هونەرێكی ناوازە، ئەوەیە كە گرنگ نییە جەستەت چۆنە یان لە كوێوە هاتوویت، هەمیشە شوێنێك هەیە بۆ ئەوەی وەك خۆت دەربكەویت، لەم هونەرەدا تەنیا جەستە قسە ناكات، بەڵكو ڕۆح هێزی سەرەكییە.

وەك مامۆستاكەم «لا فاراۆنا» دەیگوت: (Hasta las uñas) واتە دەبێت دەربڕین بگاتە سەرە نینۆكەكانیشت. فلامێنكۆ ناخت دەهەژێنێت و ناچارت دەكات پەنا ببەیتە بەر هەستە فیترییەكانت. ئامۆژگاریی من بۆ گەنجان ئەوەیە: وەك خۆت سەما بكە، متمانەت بە خۆت هەبێت و مەترسە لەوەی ئەوەی لە ناختدایە نیشانی جیهانی بدەیت، بە تەواوی بوونتەوە و بە ڕاستگۆیی گوزارشت لە خۆت بكە.

Top