فەرید ئیلهامی تەنبوور زیندوو دەكاتەوە
موزیكزانی ناوداری كورد «فەرید ئیلهامی» ئاوازدانەر، توێژەر، گۆرانیبێژ و ژەنیاری تەنبوور، لە گەورەترین پڕۆژەی هونەریی خۆیدا دەیەوێت (تەنبوور) كە ئامێرێكی ڕەسەن و كۆنی كوردییە، لە هەرێمی كوردستان زیندوو بكاتەوە.
فەرید ئیلهامی كە ئێستاكە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە، لە گەورەترین پڕۆژەی هونەریی خۆیدا، بە دامەزراندنی ماڵی تەنبووری «ئەیاز»، بە دیكۆمێنتكردنی مەقامە ڕەسەنەكانی كوردەواری بە تەنبوور، وانە گوتنەوە و فێركردنی گەنجانی كورد و هەروەها چەندین كاری هونەریی بەنرخی دیكە، دەیەوێت كە ئامێری تەنبوور لە هەرێمی كوردستان زیندوو بكاتەوە و، خەڵكانی كورد زیاتر ئاشنا و شارەزای ئەم ئامێرە ڕەسەنە ببن.
ئیلهامی ماوەی 15 ساڵە سەبارەت بە ئامێری تەنبوور توێژینەوە دەكات و دەرئەنجامی ئەم توێژینەوانە ئەلبوومی شانامەی كوردی بە ناونیشانی «مەقامی ئەفسانەكانی 2» بە دەنگی هەرمانی مامۆستا (شەهرام نازری و، كتێبی هەزارەی تەنبوور) و چەندین بەڵگەفیلمی كوردیی وەك ئینسكلۆپیدیایەكی ئامێری تەنبوورە، كە تا ئەم ساتەوەختە بە بیانووی جۆراوجۆروە بڵاونەبوونەتەوە و هیوادارە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی ماڵی تەنبووری «ئەیاز»دا لە هەرێمی كوردستان پشتیوانیی لێ بكرێت و بخرێتە بەر دەستی هۆگرانی هونەری موزیك و ڕۆشنبیریی كوردییەوە.
جێی ئاماژە پێدانە كە شانامە خوێندنی كوردی لەو مێلۆدییە ڕەسەن و ونبووە كوردیانەیە كە بە درێژایی سەدان ساڵ تەمەنی هەیە.
«فەرید ئیلهامی» زیاتر لە 15 ساڵە وەك ئاوازدانەر و ژەنیاری تەنبوور لە تەنیشت مامۆستا «شەهرام نازری» كۆنسێرتی جۆراوجۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران پێشكەش كردووە و، لەم ماوەیەدا لە بواری تێكەڵاوكردنی شیعر و مۆسیقا، هەروەها شێوازی گۆرانیگوتنی دروست، لە خزمەت بەڕێزیاندا بووە، لە بیست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی «گەلاوێژ» لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی یەكەمین جار بوو كە ئەم موزیكزانە كوردە لە بەرچاوی مامۆستا نازری وەك بینەر و میوانی تایبەت گۆرانی بچڕێت. هەر بەم بۆنەیەوە بە دابوونەریتی كۆنی تەنبوور، پێش دەستپێكی ئەم كۆنسێڕتە، چووە خزمەت مامۆستاكەی و بە ماچ كردنی دەستەكانی پاڵەوانی مۆسیقای كوردستان و ئێران، ئیزنی لێ وەرگرت و چووە ڕیزی گۆرانیبێژە كوردەكانی مۆسیقای مەقامی تەنبوورەوە.
«فەرید ئیلهامی» لە دوایین پڕۆژەی هونەریی خۆیدا بە ئیزن وەرگرتن لە مامۆستا «شەهرام نازری» گۆرانیبێژی ناوداری كورد، گرووپی موزیكی «ئەفسانەی ڕۆژهەڵات»ی mystical music of East بە تێكەڵاوییەك لە مۆسیقای نەتەوە جۆراوجۆرەكان دامەزراند و چالاكییەكانی خۆی وەكو گۆرانیبێژی كوردی موزیكی مەقامی تەنبوور دەست پێ كرد.
گرووپی موزیكی «ئەفسانەی ڕۆژهەڵات» بە سەرپەرەشتیی «فەرید ئیلهامی» ئاوازدانەر و ژەنیاری تەنبوور، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ (محەمەد عەلی محەمەد حەسەنی (دڵنەواز) ژەنیاری بەنجۆ لە بەلووچستان، خاتوو مینا دریس گۆرانیبێژی عەرەبی ئەهوازی، خاتوو زینوێ حەسەن راوی گۆرانیبێژ لە هەرێمی كوردستان، خاتوو غەزالە شیرازی ژەنیاری چەلۆ و ئەمین حەیدەری ژەنیاری عوود لە ئێران، نەبیل یوسف شەریداوی ژەنیاری عوودی بە رەچەڵەك عەرەب، دەرشێن جووت سینك ئاننەد ژەنیاری تەبلا لە هیندستان و هەژار زەهاوی ژەنیاری دەف لە هەرێمی كوردستان) لە یۆبیلی زیووینی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی «گەلاوێژ» چەندین پارچە موسیقای مەقامی تەنبوور، مۆسیقای سیكەكانی هیندستان، مۆسیقای تەریقەتی چشتییەی بەلووچستان، مۆسیقای سۆفیی عەرەب و هەروەها شیعرەكانی حەزرەتی مەولانا جەلالەدینیان پێشكەش كرد.
دوایین كۆنسێرتی «فەرید ئیلهامی» وەكو ژەنیاری ئامێری تەنبوور بە هاوڕێیەتی لەگەڵ مامۆستا نازری و «سابیر نەزەرگاهی» ژەنیاری دیوان بۆ بیست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی «گەلاوێژ» گەڕایەوە و مەقامی كوردیی ساروخانی لە مەقامەكانی كۆن و فۆلكلۆرییەكانی تەنبوور بە شیعری سەید یەعقووب ماهیدشتییان پێشكەش كرد.
