حەیران لە زەمەنی رەسووڵ گەردیدا
یادكردنەوەكانی رۆژانی ماڵئاوایی هونەرمەندان لەلای میللەتی كورد بەوە ناوزەد دەكرێت كە لەو رۆژانەدا تەنیا بە چەند پەیڤێك بەسەریان بكەینەوە، بەڵام كە باس لە مێژووی موزیكی كوردی دەكرێت، دەبێ لە دەنگە رەسەنەكانەوە دەست پێ بكەین، ئەو دەنگانەی لە نێو تەمومژی (موزیكی بێگانە بە كورد) توانییان مۆرك و ئەدای هونەرییان بپارێزین و، وا لە گوێگری غەیرە كوردیش بكەن كە بە تامەزرۆیی و هزرێكی قوڵەوە گوێڕادێری بن.
ئامادەكردنی/ئامانج غازی
كە باسی (رەسووڵ گەردی) دەكەین وەك هونەرمەند و خاوەن دەیان حەیرانی كوردەواری، پێویستە هەڵوێستەیەك بكەین و سەرنجی گوتن و نوێكردنەوە و ئادای حەیران بكەین لەو (70) ساڵەی كە كەوتووەتە سەر قەوان و رێكۆردەر، دەبینین بەرهەمەكان هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی لە رووی هونەری و قاڵب و ناوەرۆكەوە بەخۆوە نەبینیوە، لە پێشەكیدا پارچە موزیكێك كە ناكرێت بڵێین كورییە و دواتر ئامێرێك (solo) دەژەنێ و یەكسەر گۆرانبێژ دەست پێ دەكات ئەم لاسایی و تەقلیدە هونەرییە لە خزمەت رەوتی رەسەنایەتیی حەیراندا نییە، جا داخەكەم رەسووڵ گەردی هونەرمەند لەو زەمەنەدا ژیا كە تیایدا حەیران رەزم و ریتمێكی تایبەتی نەبووە، موزیك باگراوندی دەنگە بەهێزەكان نەبوو، تێگەیشتن بۆ مەقام و ئادای حەیران سەرپێیانە بڕیاری هونەریی لەسەر دەدرا، بۆیە لەم یادە و ئەم رۆژە پڕ حەیرانەدا، پێویستە ئاماژە بۆ خاڵێكی گرنگ بكە،ین ئەویش ئەوەیە كە تازووە هەر هەموومان با واز لەو چێژە كاتییە بهێنین كە حەیرانبێژێك لە ساتەوەختێكی زۆر كەمدا پێمان دەبەخشێت، با بیر لەوە بكەینەوە كە حەیران وەك یەكەیەكی هونەریی سەربەخۆ بخەینە قاڵبێكی هونەری و لەتەك قاڵبی (سۆناتە ) و (سەمفۆنیا )دا دایبنێین و، بەراوردی زانستیی لەگەڵ ( كانتاتا )یەك یان ( ئاریا )یەكی سەدەكانی هەژدەهەم و نۆزدەهەمی بۆ بكەین، پێویستە هەوڵێكی دڵسۆزانە لە ئاردابێ بۆ سڕینەوەی ئەو (نۆتە) بێگانانەی كە ئادایەكی غەیرە كوردییان پێوە دەكرێت و لە حەیراندا ئێستا زۆر بە زەقی هەستی پێ دەكرێت.
لە بیرمە ئەو رۆژەی رەسووڵ گەردیی مەرد لە نێو حەشاماتێكی هونەری تیپی چاڵغی بەغدادی و كۆمەڵێك ژەنیاری نابینا و بە دەیان بلاجیكتۆر و كامێرای بە ترس و زمانی لێك حاڵی نەبوون و لە هەمووشیان ناسكتر، ئەو پێشەكی و موزیكەی كە ویستیان مەقامی حەیرانی پێ ببەنەوە سەر رێچكەی ئادای عەرەبی، لە بیرمە بێ گوێدان بەو هەموو خەڵكە حەیران بوو بە بووركانێك و هەموو ئەو دەستە لەرزۆك و شتانەی راماڵی كەویستیان هەیبەتی ئەو مەقامە رەسەنە كوردییە بشكێنن، رەسووڵ گەردی هونەرمەندێكی بێنازبوو، یەكەم هونەرمەندی كوردیشە لەو بوارەدا كە توانیویەتی ئەدای حەیران لە مەقامی بەیاتدا بشكێنێ و مەقامی حیجاز بخاتە نێو ئەو میانە كوردیانەی كە خۆی ئەدای دەكرد.
با ئەمڕۆ ئەو یادكردنەوەیە بەتەنیا بۆ لەبیرنەكردن نەبێت، با بۆ تێڕامان و بیركردنەوەی هونەرییانەی هەرهەموومان بێت، بەخۆداچونەوەیەك بێت بۆ كارە هونەرییەكانمان، سەرنجێك بێت بۆ داهاتووی لێڵمان و ئاوڕدانەوەیەكی بەزەییانە بێت بۆ گەنجینەی بەرهەمە فۆلكلۆر و رەسەنەكانمان.
