خۆراكی گونجاو بۆ حاڵەتی زیادبوونی چەوریی جگەر
كۆبوونەوەی چەوری لە خانەكانی جگەردا Fatty liver زیاتر لە رێژەی ئاسایی كە بریتییە لە 5% ئینجا پاش پەرەسەندن بۆ دوا قۆناغ، هاندەر دەبێت بۆ مۆمبوونی جگەر Liver cirrhosis كە حاڵەتێكی مەترسدارە و تەنیا بە نەشتەرگەریی گواستنەوەی جگەر چارەسەردەكرێت. نیشانەكانی زیادبوونی چەوریی جگەر بە كورتی بریتین لە: سك ئێشە، یان ناڕەحەتیی سك، هەستكردن بە فشارێكی سووك لە بەشی سەرەوەی لای راستی سكدا، هێڵنج، ئاوسانی قاچ، كەمبوونەوەیەكی كتوپڕی ئارەزووی خواردن، دابەزینی كێشی لەش، كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا Bloating، هەستكردن بە ماندووبوونی توند، گۆڕان لە رەنگی پێستدا. بە رای پسپۆڕانی تەندروستی دەتوانرێت كە زیادبوونی چەوریی جگەر تا رادەیەكی باش كۆنترۆڵ بكرێت و، رێگە لە پەرەسەندنی حاڵەتەكە بگیرێت بە هەڵبژاردنی چەند جۆرێكی خۆراك، بۆنموونە خۆراكی كەمچەوری و ئەوانەی كە ماددە دژەئۆكسانەكان Antioxidants لەخۆدەگرن وەكو: دانەوێڵەی تەواو، سەوزەی جۆراوجۆر، شیرەمەنی كەمچەوری، پاقلەمەنییەكان، نیسك، پەتاتەی شیرین، كیوی، سێو، پرتەقاڵ، لیمۆ، برۆكۆلی، سپێناغ، پیاز، هلیۆن، بیبەر، گێزەر، كوارگ (قارچك)، تەماتە، قەرنابیت، ماسی و خۆراكی دیكەی دەوڵەمەند بە ئۆمیگا 3 وەكو ماسییەكانی توونا، سالمۆن، لەگەڵ ساردین، هەروەها گوێز، باوی، تۆوی گوڵەبەڕۆژە، كازو.
